قەرەیلان: کورد ٧ مانگە لە هەمان سەنگەردا شەڕ دەکات-١-

موراد قەرەیلان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پەکەکە رایگەیاند، مێژووی ٤٤ ساڵی پەکەکە وەک داستانێکە و گوتی، " گەریلا ٧ مانگە لە هەمان سەنگەردا شەڕ دەکات. کورد لە مێژووی خۆیدا هیچ کاتێک ٧ مانگ لە هەمان سەنگەردا شەڕی نەکردووە."

موراد قەرەیلان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پەکەکە بەشداری بەرنامەیەکی تایبەتی ستێرک تی ڤی کرد و لەبارەی ئەو دیمەنانەی کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک تەرمی سەربازەکانی دەسووتێنێت و لەلایەن ئاژانسی هەواڵی فوراتەوە (ANF) بڵاوکرانەوە زانیاری گرنگی درکاند. قەرەیلان ئاماژەی بەوەکرد کە بڕیاری سووتاندنی تەرمەکان لەلایەن خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکەوە دراوە و گوتی، " بەکارهێنانی چەکی کیماییش بریاری ئەردۆغانە."

موراد قەرەیلان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پەکەکە لەبارەی هەڵوێستی مێژوویی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، قۆناغی دامەزراندنی پەکەکە، دوایین دۆخی ئاڤاشین، زاپ، مەتینا، ٢٥ی تشرینی دووەم رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سەر ژنان و هەڵبژاردنەکانی تورکیا قسەی کرد.

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە چ بارودۆخێکدا و لەسەر چ پرەنسیپێک دامەزرا؟

پیرۆزبایی ٤٤مین ساڵوەگەڕی پارتیمان پەکەکە، لە هەموو خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی لە دامەزرێنەر و رەنجدەری گەورەی پارتەکەمان ڕێبەر ئاپۆ، لە دۆستانی گەلی کوردستان، لە هەموو خەباتکار و هاوسۆز و لایەنگرانی پارتیمان دەکەم . لە ٤٥مین ساڵی خەباتدا هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. لە کەسایەتی شەهیدی گەورەمان حەقی کارەر، یادی هەموو شەهیدە قاڕەمانەکانی شۆڕشمان دەکەمەوە. لەبەرانبەر یادەوەریاندا سەری رێز و نەوازش دادەنەوێنم و بەڵێنمان دووبارە دەکەمەوە. لەسەر بەڵێنمان، خەیاڵی شەهیدانمان و یادکردنەوەیان لە کوردستانی ئازاد دەبین.

مانگی تشرینی دووەم تەنیا مانگێک نییە کە ئێمە پارتەکەمان تێیدا دامەزراندووە. هەروەها مانگێکی گەورەی بەرخۆدانە؛ لەم مانگەدا چەندین شەهیدی گەورەمان داوە. هەموو شەهیدانی مانگی تشرینی دووەم لە کەسایەتی دەلال ئامەد و شیلان کۆبانێ و رەشید سەردار و یەڵماز دەرسیم بەبیر دەهێنمەوە و بە ڕێزەوە لەبەردەم یادەوەریاندا سەرم دادەنەوێنم. لەم دواییانەدا دیسان شەهیدمان هەیە؛ بە ڕێزەوە هەڤاڵ نوری یەکتا کە لە بەرخۆدانی مەتینا فەرماندەی بەرەی جۆلەمێرگ بوو بەبیردەهێنمەوە. لەم بەرخۆدانەدا ڕۆڵ و رەنجێکی زۆری هەبوو. لە بەرەکانی پێشەوەدا شەڕی کرد و بەم شێوەیە شەهید بووە.

دیسانەوە بە ڕێزەوە ئەندامی فەرماندەیی گواستنەوە و ئیدارەی باکور، پەیمان باگۆک ​​و هەڤاڵانی ئاگری گابار و چاورێ جیلۆ کە لەگەڵیدا شەهید بوون بەبیر دەهێنمەوە. هەڤاڵ پەیمان لە پراکتیدا ئەرکی وەرگرتبوو، بەڵام ئەندامی ئەنجومەنی پاژک و دەستەی فەرماندەیی یەژەئاستار بوو. ٢٨ ساڵ لە چیاکانی کوردستان خەباتی کرد. لە زاگرۆسەوە تا بەهدینان و دەرسیم لە هەموو کوردستان گەڕاوە. فەرماندە بەڕێزەکانمان پەیمان و ئاگری و چاڤرێ بە ڕێزەوە بەبیردەهێنمەوە و سەرم دادەنەوێنم. جارێکی تر ئەو بەڵێنە دووبارە دەکەمەوە کە بە هەموو شەهیدانمان دابوو.

وەک دەزانرێت لە ئێستادا لەناو شەڕداین و ڕۆژانە شەهیدمان دەبێت. هەموو شەهیدانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا لە کەسایەتی هەڤالان نوژیان و شۆرشدا بەبیردەهێنمەوە؛ بە ڕێزەوە سەری ڕێز و نەوازش بۆ یادیان دادەنەوێنم. جارێکی تر ئەو بەڵێنە دووبارە دەکەمەوە کە پێمان دابوون. بەرخۆدانیان چووە ناو مێژووەوە و ئەم بەرخۆدانەش تاجی سەرکەوتنی لەسەر دادەنرێت و یادەوەری شەهیدانمان دەژیەنێتەوە.

رێبەر ئاپۆ خاوەندی ئەو هۆشمەندییە بوو

مێژووی ٤٤ ساڵەی پەکەکە وەک داستانێکە. لەو ٤٤ ساڵەدا ژمارەیەکی زۆر پاڵەوان و قارەمانی سەردەم لە زیندانەکان، لەسەر چیا و شەقامەکان هەڵسانە سەرپێ. چەندین داستان نوسراونەتەوە. مێژووی ئێمە بە بەرخودانە گەورەکەیەوە مێژوویەکی دەوڵەمەندە. ئەو بەرخودانە گەلەکەمانی لە لەناوچوون رزگار کرد و خستیەبەرچاو. سیاسەتی نکۆڵی، تواندنەوە و پاکتاوکاری لە کوردستان، لە کوردستان بێدەنگییەکی هاوشێوە مردن دروست کردبوو. گەلەکەمان تاریکی بەرسەدا سەپێندرابوو. لە وەها قۆناغێکدا هەڵوێستی رێبەر ئاپۆ هاتە ئاراوە. بەر لە ٥٠ ساڵ ئەمە روویدا.

رێبەر ئاپۆ لەو کاتەدا گەنجێکی تەمەن ٢٥ ساڵ بوو. وەک پێشەنگانی پێشووی کورد ئەوان نە کوڕە شێخ، ئاغا و دەرەبەگ نەبوو. ئەو کوڕی ماڵە هەژارێکی کوردستان بوو. بە رەنج و ماندووبوونی خۆی چووبووە زانکۆ و دەیخوێند. بەڵام ئەو لە راستی تێگەیشتبوو و بەدوایدا دەگەڕا. بەم جۆرە راستی ناسی و لە راستی کوردستاندا قووڵ بووەوە. بەم جۆرە دەستیپێکرد. نە پارەی هەبوو، نە کەسیشی بەدەورەوە هەبوو. نە دەرفەت و ئیمکاناتی هەبوو، لەناو بێ دەرفەتیدا ئەو دەستی بەم رێپێوانەی کرد. چی هەبوو؟ تەنیا هۆشمەندییەکی هەبوو، هۆگری بۆ راستی هەبوو، ئەو بڕوای بە خۆی و گەلەکەی هەبوو. تەنیا ئەو شتانەی بەدەستەوەبوو. رێبەر ئاپۆ بەر لە ٥٠ ساڵ بەو شتانە دەستی بە ڕێپێوانەکەی کرد.

هەر لە سەردەمی گروپی سەرەتاییدا روبەڕووی زۆر دژواری بوونەوە. بۆ نمونە، هەڤاڵ حەقی قەرار یاریدەدەری رێبەرایەتی بوو، بەڵام بۆ دابینکردنی بژێوی ماڵەکان لە دیلۆک، تێچووی پەروەردەی هەڤاڵان و بۆ کڕینی کتێب، کۆڵکێشی و حەماڵی دەکرد. ئەو و چەند هەواڵ لە بازاڕدا کۆڵکێشییان دەکرد. لە ئەدەنەش هەمان دۆخ هەبوو. بە وتەیەکی دیکە، لەناو هەژاریدا و لە دۆخێکدا لەسەر بنەمای رەنجی خۆی دەستی بە گەشتەکەی کرد. هەرچەندە لەو کاتەدا هیچ بەڵگەیەکی نوسراو و بەڵگەنامەیەکیش بوونی نەبێت، دەوڵەت ئاگاداری چالاکی ئەو گروپە بوو. دوژمن بیستبووی کە گروپێک هەیە خاوەنداری لە دۆزی کوردستان دەکەن و لەسەر ئەو بنەمایە لە چالاکیدان. هەر بۆ ئەوە فەرمانگەی شەڕی تایبەت کەوتە خۆی، گروپێکی بەکرێگیراو جێگیرکران. دەیانویست رێبەر ئاپۆ بکەنە ئامانج، بەڵام کاتێک نەیانتوانی خۆیان بگەیەننە ئەو، هەڤاڵ حەقی قەرار کە یاریدەدەری رێبەر ئاپۆ بوو، لە ساڵی ١٩٧٧ لە دیلۆک لە پیلانگێڕییەکدا شەهیدکرا. لەوێوە زانرا کە دوژمن ئاگاداری چالاکییەکانی گروپەکەیە.

رێبەر ئاپۆ بۆ بەرزراگرتنی یادی هەڤاڵ حەقی قەرار، بەرنامەیەک کە تا ئەو کاتە چوارچێوەکەی روونکرابووەوە، ئیتر نوسیەوە. بەم جۆرە کارەکانی بیردۆزی تەواو بوون و بە دەستپێکردنی خەباتی سیاسی سەردەمێکی نوێ دەستیپێکرد. رێبەر ئاپۆ ئەو کاتە وتی، "ئێستا خوێنڕژاوە، چیتر گەڕانەوەی نییە".

لە ساڵیادی شەهیدبوونی هەڤاڵ حەقی قەراردا، ئەمجارەیان لە حیلوان بە هاوکاری ئاغاکانی کوردی نزیک لە دوژمن، فاشیست و پۆلیسەکان خەلیل چاڤگونیان شەهید کرد. گروپەکە ئیتر لەسەر دووڕیانێک بوو. یان لەسەر ناوی گەل بڕیارێکی بدایە و خۆڕاگری بکردایە، یاخود وەک گروپەکانی تر هەندێک نەرمی بنواندایە و ستست بوایە، یاخود پاشەکشێی بکردایە. ئەو بژاردانە هەبوون. بەڵام ئەو گروپە پێداگر بوون، بەدەوری رێبەر ئاپۆوە کۆبوونەوە و بەم جۆرە لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ١٩٧٨ لەو هەلومەرجەدا لە گوندی فیسی ناوچەی لجێی ئامەد بڕیاریاندا. لەو بڕیارنامەدا وتیان کە ' دەبێت ئێمە بەرخودانی نەتەوەیی بکەین، ئەمەش پێویستی بە پارتیبوونە؛ بۆ ئەوەی بەرخودان پێشبکەوێت دەبێت پارتی دابمەزرێت؛ ئەوانەی بەخۆیان دەڵێن ئێمە مرۆڤین دەبێت چاوی خۆیان بەسەر ئەوەدا نەنوقێنن'. لەبەر ئەوەی ئەو کاتە دوژمن هێرشی دەکرد و بڕیاری ئەوە ئاسان نییە. بۆ رێکخستن کردن و بەرزکردنەوەی ئەم بەرخودانە پەکەکە دامەزرا.

پەکەکە هێندەی ئەوەی بزوتنەوەیەکی نەتەوەییە، بزوتنەوەیەکی مرۆڤایەتیشە

پەکەکە وەک بزوتنەوەیەکی کوردستانی دامەزرا، بەڵام ئەمڕۆ سنوورەکانی کوردستانی تێپەڕاندووە و بووەتە بزوتنەوەیەکی هەرێمی کە ملیۆنان لایەنگری هەیە. ئێوە دەتانەوێت لەوبارەوە چی بڵێن؟

پەکەکە تا ئەو کاتە وەک بزوتنەوەیەک لە کوردستان نەبوو. رێبەر ئاپۆ لە زانستی هاوچەرخدا قووڵ بوو و ئەوە لە کوردستان جێگیرکرد. شرۆڤەیەکی کوردستانی ئەنجمدا. بەم جۆرە زانست و فەلسەفەی بەرەوپێش برد و قوڵی کردەوە. لەبەر ئەوە هێڵێکی دروست کرد. بۆ ئەوەی کورد لە دەست نەچن و ون نەبن، بۆ ئەوەی کورد هەبن و بە ئازادی بژین، ئەو بەرنامەیەی گۆڕی بۆ پارتی. بەڵێ، پەکەکە پارتییەکی نەتەوەییە و بۆ هەبوون و ئازادی گەلی کورد دەستی بە گەشتەکەی کرد، بەڵام ئەوەندەی نەتەوەییە، ئەوەندەش بزوتنەوەیەکی مرۆڤایەتییە. ئەو لە بری نەتەوە پەرستیەکی تەنگ، هزری گشتی خۆی بە بنەما دەگرێت. چەندە وڵاتپارێز بێت، ئەوەندەش ئینتەرناسیۆناڵیستە. خۆی هەر لە سەرەتاوە هەڤاڵانی ئینتەرناسیۆناڵیستی تێدان. واتە کوردستان لە ژێر هۆشمەندییەکی پاکتاودایە، بەڵام هەبوونی کوردستان لە خۆیدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شۆڕشێک ساز دەکات. ئەو بیرکردنەوەیە لە سەرەتاوە بنەمایەکە. بە کورتی بەم جۆرە پەکەکە بەڵێ پارتێکی کوردستانییە، بەڵام پارتی عەرەب، تورک، فارس، ئەرمەن، ئاشوری-سوریانی و هەموو گەلانە. لەبەر ئەوەی پەکەکە دەیەوێت لەگەڵ ئازادی گەلی کوردستان گەلانی هەرێمەکە بگەیەنێتە ئاستێکی نوێ؛ لەناو گەلاندا یەکسانی، ئازادی و برایەتی دەخوڵقێنێت. لە سەرەتاوە ئەو بنەمایە هەیە. لەبەر ئەوەش لە سەر بنەمای وڵاتپارێزی و ئینتەرناسیۆناڵیزم خۆی پێش خستووە.

پەکەکە لە هەمان کاتدا پارتییەکی ژنانیشە. بۆجی؟ لەبەر ئەوەی پەکەکە لەبارەی ژن و ژیانی کۆمەڵایەتیدا بابەتی نوێی هێنایە بەرباس. شرۆڤەیەکی نوێی هێنایە ئاراوە. پەکەکە لە سەر بنەمای 'تا ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگا ئازاد نابێت' دامەزراوە. لەبەر ئەوە لە کوردستاندا رۆشناییە؛ شتێکی نوێیە. بۆ ئەوەی لەبەرامبەر دەرەبەگایەتی و کۆمەڵگای دواکەوتوودا ببێتە روناکی، بۆ ئەوەی ببێتە دەرمان و چارەسەر، نوێبوونەوەیەک بخوڵقێنێت و لە کوردستان رۆشنگەرییەک بەرەوپێش ببات دامەزرا. لەخۆیدا لە ماوەی ٤٤ ساڵی رابردوودا ئەمەی کردووە.

پەکەکە بزوتنەوەیەکی هزر و هەبوونە

شەڕی چەکداری پەکەکە لە کوردستان و هەرێمەکە چ گەشەسەندن و پێشکەوتنێکی سازکردووە؟

وەک پێشتریش باسم لێکرد، بەر لە دامەزراندنی پەکەکە لە کوردستان هێرش دەکرایە سەر گەل. خۆی لەناو ئەو هێرشانەدا پەکەکە دامەزرا. پێویستی بە پاراستنی رەوا هەبوو. لەبەر ئەوەش لە شێوازە بنچینەییەکانی هۆشمەندی پەکەکە و رێبەر ئاپۆدا پاراتسنی رەوا بوونی هەیە. هێزێک، نەتەوەیەک و هەموو زیندەوەران دەتوانن خۆیان بپارێزن.هیچ گیانلەبەر و کۆمەڵگایەک کە نەتوانێت خۆی بپارێزێت ناشتوانێت بژیت. واتە دەبێت هێرش نەکاتە سەر کەس و بتوانێت خۆی بپارێزێت. بەم جۆرە 'شەڕی گەلی درێژمەودا' کەوتە رۆژەڤ. پەکەکە ئەو ستراتیژەی لە مێژوودا بۆ خۆی بە بنەما گرت. بەڵام ' شەڕی شۆڕشگێڕیی گەل' لە بنەڕەتیدا خۆپاراستنە. واتە تۆ هێرش ناکەیتە سەر کەس، ئەو کاتەی هێرش دەکرێتە سەرت تۆ خۆت دەپارێزیت، لەبەرامبەر ئەو کەسانەی هێرش دەکەنە سەر بەهاکانت، تۆ بەها نەتەوەییەکانت دەپارێزیت.

پەکەکە لەم چوارچێوەدا پشت بە هۆشمەندی تێکۆشان و پاراستن دەبەستێت. ئەگەر تەنیا بوترێت کە پەکەکە ویستی شەڕی چەکداری بگەیەنێتە ئەنجام، ئەمە راست نییە. پەکەکە بزوتنەوەیەکی بیردۆزی، سیاسی و کولتورییە؛ بزوتنەوەیەکی هەبوونە، خاوەنی ئەندێشەیە. بەڵام لەهەناوی ئەو ئەندێشەدا ئەو تێڕوانینە بوونی هەیە کە دەبێت هەر زیندەوەرێک خۆی بپارێزێت. بۆ نمونە گەلەکەمان دەبێت داوا لە کەس نەکات بێن و بیانپارێزن. شەڕی گەل ئەوەیە کە گەل خۆی بپارێزێت و درێژە بە مانەوەی خۆی بدات. کەس ناتوانێت هەبوونی تۆ دەستەبەر بکات. تۆ خۆت دەی خوڵقێنیت و تۆ خۆت دەیپارێزیت! تۆ بۆ ئەوە خۆت بە رێکخستن بکە. گەر ئەوە پێویستی بە هێزی چەکداری هەبوو، دەبێت تۆ هێزی چەکدار ساز بکەیت، دەبێت گەل ئامادەبێت بۆ هەبوونی خۆی قوربانی و باج بدات. ئەو کۆمەڵگایانەی ئەمەیان کردووە، درێژە بە هەبوونی خۆیان دەدەن.

پەکەکە لەم چوارچێوەدا هەڵسوکەوتی لەگەڵ شەڕی چەکداریدا کرد. شەڕی چەکداری لە ناو پەکەکەدا شەڕێکی پاراستنە، نەک شەڕی هێرشکردن. خۆی و بەهاکانی دەپارێزێت، ئەمڕ وڵاتەکەمان داگیرکراوە؛ خاکەکەمان داگیرکراوە؛ دەست بەسەر ئاوەکەماندا گیراوە، زمانمان، کولتورمان قەدەغەیە، هێرشێک بۆ سەر گەلەکەمان لە ئارادایە. لەبەرامبەر ئەو هەموو هێرشەدا پێویست بە پاراستنێکی بیردۆزی، سیاسی، کولتوری، کۆمەڵایەتی و سەربازی هەیە. ئەوەی کراوە ئەمەیە. واتە تەنیا شەڕێک ئەنجام نەدراوە، لە بنەڕەتدا زۆر شت کراون. تێکۆشانی چەکداری تەنیا بەشێکیەتی. بەر لە هەموو شتێک پاراستنی کۆمەڵگای نوێی کورد کە ئێوە دایبمەزرێنن، گرنگە. بۆ ئەوەش ئەگەر هێرشی ئایدۆلۆژیکی، سیاسی، کولتوری و هەڵبەت سەربازی هەبێت، پاراستن بە رێگەی سەربازیش پێویستە. ئەو فەلسەفەیەی کە پەکەکە لەسەری بەڕێوەدەچێت ئەمەیە. دەبێت هەموو کۆمەڵگایەک بتوانێت خۆی بپارێزێت؛ مافی ئەوەی هەیە خۆی بپارێزێت و ئەمە مافێکی رەوایە. ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان دەیکەین. بە هەموو شێوەیەک رێبەر ئاپۆ کاتێک کە هێرش نەدەکرایە سەرمان، بۆ نمونە کاتێک دەرفەتی چارەسەری سیاسی هەبوو، ئاگربەستی راگەیاند. تائێستا ٩ ئاگربەست راگەیەندراون. ئەوە ریشەی ئەم رامانەیە. گەر هێرشێک لەسەر تۆ نەبێت، پێویست ناکات تۆ هێرش بکەیتە سەر کەس. تۆ دەتوانیت تەنیا شێوازە سەربازییەکان لە پاراستندا بەکاربهێنیت. هزری سەرەکی پەکەکە ئەمەیە.

بەڵام ئەمە بەو تاوایە نایات کە ئەو پاراستنە بە شێوەی پاسیڤ دەکرێت. گەر پاراستن بە شێوەیەکی چالاک بکرێت، تۆ دەتوانیت سەربکەویت.. ئەوان پاراستنی چالاک وەک هێرش هەڵدەسەنگێنن، بەڵام لە راستیدا بەو جۆرە نییە. ستراتیژی پاراستنی بەها نەتەوەییە دیموکراتیکەکانە. ئەوەی ئەمرۆ دەکرێت ئەمەیە. سەرنج بدەنە سەر کۆلۆنیالیزمی تورک یاخود رژێمی ئاکەپە-مەهەپە، بۆ ئەوەی هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەناوببات و نەک هەر لە باکوری کوردستان، لە تەواوی کوردستان سەربکەوێت، کۆنسێپتێکی نوێ پەیڕەو دەکات و لەسەر بنەمایەش بەڕێوەی دەبات. ٨ ساڵە درێژە بە هێرشەکانی بۆ سەر ئێمە دەدات. لەبەرامبەر ئەو هێرشانەدا ئێمە لە چوارچێوەی خۆپاراستندا "شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی" بەڕێوە دەبەین. 'شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی' بە هەموو جۆرێک خۆپاراستنی گەلە، داوای مافەکانی خۆی دەکات؛ هەموو شتێک بۆ هێزێکی چەکداری پسپۆڕ بەجێناهێڵرێت. هەموو کەسێک لە بواری پاراستندا شان دەداتە بەر بەشێک لە بارەکە، ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات. ئەو شتانە هەن کە گەریلا دەیکەن، ئەو شتانە هەن کە بزوتنەوەکانی ژنان بیکەن و ئەو شتانە هەن کە گەنجان دەتوانن بیکەن. شتیس هەیە کە بزوتنەوەی گەل دەتوانێت بیکات. ئەگەر هەر کەس خاوەنداری لە ئەرکەکانی خۆی بکات، لەم چوارچێوەدا شەڕی گەل دەستەبەر دەبێت. شەڕی گەل ئەمەیە. هەندێک کەس بە هەڵە لەمە تێدەگەن، دەبێت هەموو کەس ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات.

ئەوەی لەئارادایە لوتکەی شەڕێ گەلی شۆڕشگێڕییە

ئەوەی کە تائێستا ئێمە کاری لەسەردەکەین ئەوەیە. لەم رووەوە هەندێک جار خەباتەکە وەک پێویستە و هەندێک جاریش کەموکوڕی دێنە ئاراوە. بەڵام ئێمە ناتوانین بڵێین کە ئێمە بە تەواوەتی 'شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیمان' پێکهێناوە. زۆر کەموکورتی هەبوون و ئێمە گەیشتووینەتە ئەمرۆ. ئەوەی ئەمڕۆ لەسەرتاسەری باکوری کوردستان روودەدات و هەروەها لە زاپ، ئاڤاشین و مەتینا روودەدەن، لە 'شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیدا' سەردەمێکی نوێ و لوتکەیە. دوژمن هێرش دەکات و دەیەوێت هێزە بەرگریکارەکانی کوردستان دەستبەربکات، لەناویان ببات، بەڵام ئەو هێزە خۆڕاگری دەکات ئەو هێزە لەبەرامبەر دوژمندا تێدەکۆشێت و شەڕ دەکات. ئەمەش دەریدەخات کە ئەو شەڕە پێیناوەتە قۆناغێکی نوێوە. ئەو شەڕەی ئەمڕۆ لە کوردستان لەئارادایە، لە چوارچێوەی شەڕێ گەلی شۆڕشگێڕیدا بەم جۆرە دەتوانرێت گوزارشتی لێبکرێت.

(دوژمن) لەبەرامبەر ئەمەدا تەنگی پێهەڵچنراوە و هەر بۆیەشە پەنا بۆ شێوازی نائەخلاقی دبات. دەوڵەتی تورک بە هیچ جۆرێک بە گوێرەی یاسا جیهانییەکان و یاساکانی شەڕ لە دژی ئێمە شەڕ ناکات و بە پێی ئەوانە ناجوڵێتەوە. بە گوێرەی یاساکانی خۆیشی ناجوڵێتەوە. بۆ نمونە ئەو سیاسەتەی ئێستا لە ئیمڕاڵی لە دژی رێبەر ئاپۆ گرتوویەتیەبەر بۆ مەگەر شتێکی یاساییە؟ نا. لەمەدا نە یاسا و نە ئەخلاق بوونیان نییە.یاسا گەردوونییەکان و ئەوانەی خۆیشی پێشێل کردووە. رێبەرمانی بە دیل گرتووە و بەردەوام لەبەردەم ئەشکەنجەی دەرونی رایدەگرێت. لە کوێی ئەمەدا ئەخلاق و یاسا بوونی هەیە؟ بۆ نمونە ٢٠ مانگە کەس نازانێت لەوێ چی روویداوە. ئاخۆ لە هیچ شوێنێکی تری دنیا شتێکی لەو جۆرە بوونی هەیە؟ نییە. ئەمەش دەریدەخات کە دەوڵەتی تورک لە دژی ئێمە، لە دژی هەڤاڵانمان لە زیندان و بەڕێوەبەری ئێمەدا یاسای پێشێلکردووە. مافەکانی مرۆڤی پێشێلکردووە. هەمان ئەو شتانەش لە دژی گەریلا دەکات. کاتێک ناتوانێت لە گەریلا بدات، گازی کیمیایی و چەکی قەدغە بەکاردەهێنێت. واتە ئەم دەوڵەتە مافەکانی مرۆڤ و یاسا گەردوونییەکان پێشێل دەکات و بەم جۆرە دەیەوێت کوردان لەناو ببات. بەڵام بەرخودانی گەلەکەمان و گەریلای ئازادیی کوردستان تادێت گەورەتر دەبێت. بە کورتی دوژمن ناتوانێت لەوە ئەنجام بەدەستبهێنێت و ئەو قۆناغە بەردەوامە.

دەبێت چالاکییەکان بۆ بەرخودانی گەریلا بەردەوام بێت

سوپای تورک لە دژی گەریلا چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت، بەڵام جیهان بەرامبەر ئەمە بێدەنگە. بۆ ماوەیەکە گەلی کورد و دۆستانی ئەو دۆخە شەرمەزار دەکەن. بەڕای ئێوە ئەو هەڵوێست و کاردانەوانە بەس و پێویستن؟

بەر لە هەموو شت دەبێت بزانرێت کە دەوڵەتی تورک لە کوردستان هەموو یاساکانی گەردوونی شەڕ پێشێل دەکات. لە دژی بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان زۆر بۆمبی قەدەغە و چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت. ئەمە شتێکە یەکلا بووەتەوە و هێزە جیهانییەکانیش سەرباری ئەوەی ئەمە دەزانن بەڵام بێدەنگن. ئێمە بێدەنگی ئەوان شەرمەزار دەکەین. بۆچی کاتێک لە وڵاتێکیتر باسی بەکارهێنانی دەکرێت، کاردانەوەیان هەیە، بەڵام سەرباری ئەوەی ماوەی دوو ساڵە دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی سیستماتیک بەکاریدەهێنێت، هەم کاردانەوەیان نییە و هەم رێگەش لە رێکخراوە پەیوەندیدارەکان ناکەنەوە کە کاردانەوەیان هەبێت. لەبر ئەو ئەو رێکخراوانە کەڕ، کوێر و لاڵن.

بەڵام گەلەکەمان لەبەرامبەر ئەمەدا بەراستی کاردانەوەی گرنگ نیشان دەدات، ماوەیەکە دەڕژێنە گۆڕەپانەکان. بە تایبەتی لە باکور، سەرباری ئەوەی لە ناوەڕاستی هەفتەشدابوو لە سکۆپی و ئیستەنبوڵ، دواتر لە ئەوروپا لە دان هاگ رێپێوان ئەنجامدرا. هەر لەم دواییەدا لە ١٢ی تشرینی دووەم لە دۆسێلدۆرف و ماریسلیا بە تایبەتی، چالاکی گەلانمان لە ئەوروپا ئەنجامدران. هەروەها لە رۆژئاوا بە تایبەتی لە کۆبانێ و قامیشلۆ هەڵوێستی گەورە هاتنەئاراوە. لە شەنگال ناڕەزایەتی گەورە هاتە ئاراوە. گرنگە کە گەلی شەنگال پشتیوانی لە گەریلا دەکات. هەروەها لە مەخمور کاردانەوەی گرنگ نیشاندرا. هەموو ئەمانە واتادارن. هاوسەرۆکایەتی بزوتنەوەکەمان سڵاوی لەو گەلەمان کرد کە رژاونەتە گۆڕەپانەکان و پیرۆزبایی لێکردن. لەسەر ناوی هەموو گەریلاکان ئێمە هەموو گەلەکەمان کە بەشدارییان لەو چالاکییانەدا کردووە بە وتنی "ئێمە ببینە هەناسە بۆ گەریلا" و رژانە شەقامەکان، سڵاویان بۆ دەنێرین.

بەڵام ئاخۆ ئەو چالاکیانە بەسن؟ نا. گەلەکەمان زۆر بەهێزە. باوەڕمان بە هێزی گەلان هەیە، نەک بە هێزی دەوڵەتان. گەلەکەمان خاوەنی هێزێکی گەورەترە. بەڵام هەرچەندە ئەو چالاکیانە دواشکەوتبن، وەک سەرەتا باش بوون. دەبێت ئەوانە بەردەوام بکرێن و قوڵبکرێنەوە. لە کوردستان لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆ و گەریلادا سوکایەتی بە گەلی کورد دەکرێت. یاسا گەردوونییەکان پێشێل دەکرێن. هەموو جۆرە کردەوەی نایاسایی و نائەخلاقی ئەنجام دەدرێت. دەوڵەتی تورک وەک دەرفەتێکی دەبینێت بۆ ئەوەی گەریلا لە رێگەی گازی کیمیایی و چەکی قەدەغەوە لەناو ببات. بۆجی؟ لەبەر ئەوەی تەنگی پێهەڵچنراوە. بە وتەیەکیتر، ئەو چەکانە بۆ تێپەڕکردنی ئاستەنگەکانی، بۆ رێگریی لە شکستی خۆی بەکاردەهێنێت. ئەمەش هەیە. بەڵام دەبێت گەلەکەمان و هەموو دۆستانمان ئەوە بزانن، کە؛ گەریلای ئازادیی کوردستان گەریلایەکی پرۆفیشناڵە. ئەگر سەربازێکی ئاسایی بووایە، نەیدەتوانی لەبەرامبەر ئەو هەموو هێرشە ئاسمانی، تانک و تۆپ، ئەو بۆمب و چەکە کیمیایی و قەدەغانە خۆرآگری بکات. ئەستەمە. واتە هەم وەک باوەڕ و هەمیش وەک رێباز مومکین نییە.

لەبەر دوو هۆکار گەریلا پاکتاو نابێت

ئەگەر ئەمڕۆ گەریلا پاکتاو نەکرابێت و خۆڕاگری دەکات، دوو هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوە هەن. یەکەم ئەوەیە کە گەریلا بڕوای هەیە. بۆ نمونە هەڤاڵەکەی لە تەنیشتیەوە بە چەکی کیمیایی شەهید دەبێت، بەڵام هەر لەسەر هەڤاڵە شەهیدەکەی سوێند دەخوات و بە وتنی 'تۆڵەی هەڤاڵانی شەهید دەکەمەوە' درێژە بە بەرخودان دەدات. بەڵام دوژمن دەیگوت، 'ئەگەر ئێمە چەکی کیمیایی بەکاربهێنین، ئەوان دەچنە دەرەوە و هەڵدێن، ئەوان کوردستان چۆڵ دەکەن'. لەبەر ئەوەی پراتیکی پێشوو هەبوون. بۆ نمونە کاتێک سەددام لە باشووری کوردستان چەکی کیمیایی بەکارهێنا، ئەمە روویدا و ناوچەکە چۆڵکرا. دەوڵەتی تورک هیواداربوو، بەڵام نەهاتەدی. واتە یەکەم هۆکار بڕوا و گیانبازی گەریلایە. گەریلا فیداییە. وتمان پارتی ئێمە پەکەکە لە رۆژی یەکەمەوە بە شێوەیەکی گیانبازی هاتە ئاراوە. یەکەم گیانباز و فیدایی رێبەر ئاپۆیە. بۆ کەس لەلای ئێمە بۆ موڵک و بەرژەوەندی کەسی تێدەکۆشێت؟ نا. بۆ مەگەر یەک لە ئێمە هیچ شتێکی هەیە؟ نا. ئێمە ئەوە لە پێناو گەلەکەماندا دەکەین. گەر پێویست بکات ئێمە خۆشمان بۆ گەلەکەمان فیدا دەکەین. ئەمە بڕیاری هەموو گەریلاکانە، لەپێشەوە بڕیاری هەڤاڵانی بەڕێوەبەریمانە. ئەمە فاکتەرێکە دەبێتە هۆکاری ئەوەی دەستبەرداری سەنگەرەکانمان نەبین و درێژە بە بەرخودان بدەین.

دووەم، گەریلای پەروەردەکراو بە شێوازی شارەزایانە شەڕ دەکەن. لەبەر ئەوە دەزانن کە چۆن خۆیان بپارێزن. بەدەست گەریلاوە هەندێک کەرستە هەیە و شێوازی پاراستنیش بەکاردەهێنن. ئەگەر بەم جۆرە نەبوایە، کەس نەدەمایەوە، پاکتاو دەبوون. ئەگەر ئەمرۆ گەریلا پاکتاو نەکرابێت لەبەر ئەو دوو فاکتەرەیە کە من باسم کردن. واتە یەکەم دانە لە بنەڕەتدا فەلسەفەی رێبەر ئاپۆیە، بڕوا، بوێری و ئازایەتی ئەو بۆ خۆبەرێکخستن کردنی گەریلایە. دووەم ئەوەیە کە ئەو شێوازە پسپۆڕانە بەکاردەهێنێت و دەزانێت کە چۆن خۆی بپارێزێت. بۆ نمونە دوژمن چۆنە؟ ئەو گازەکە دەخاتە دەرگای تونێلەکانەوە. بە چی؟ بە ئامێری هەوا. بەڵام لەلایەکی ترەوە گەریلا گازەکە بە ئامێری هەوا لە دەرگایەکی ترەوە دەکاتە دەرەوە. هەڵبەت لەبەر لایەنی ئەمنی ناتوانم لێرەدا باسی هەموو شێوازەکان بکەم، بەڵام گەریلاش بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەو هێرشانە خاوەنی رێبازی جیاوازە. بە وتەیەکی تر، گەریلا بە رێکار و رێوشوێنەوە مامەڵە دەکات. رەنگە هەندێک لەوان بیر دەکەنەوە، 'هەڤاڵان چۆن لە بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی خۆڕاگری دەکەن؟' هەڵبەتە هەڤاڵانیش ئامێری جیاجیا بەکاردەهێنن. بەتایبەتی لە ساڵی رابردوودا ئەزمونێکی زۆر گەورە هەیە. ئەگینا هیج کەسێک ناتوانێت لەبەرامبەر چەکی کیمیایی کە دوژمن بەکاریدەهێنێت، خۆڕاگری بکات. گەریلا ئەو هێرشانە بە هێز، ژیری و هۆشمەندی خۆی پوچەڵ دەکاتەوە. بەدڵنیاییەوە شەهیدبوونیش دەبێت، بەڵام بە کەمکردنی ئەو شەهیدبوونانە درێژە بە بەرخودانی خۆی دەدات. ئێستا گەریلا لە سەنگەری خۆیدایە و درێژە بە بەرخودان دەدات.

ف.ق/ هـ . ب