دوای بومەلەرزەکە ٥ هاوڵاتی لە ناوچەی چناری ئامەدەوە بە شێوەی خۆبەخش بۆ هاوکاری زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکە چوونە سەمسور. پۆلیسەکان هەر پێنج خۆبەخشەکەیان ئەشکەنجەدابوو. شاندێکی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد، کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) و کۆمەڵەی ئاساناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) لقی ئامەد سەبارەت بە ئەشکەنجەدانەکە راپۆرتێکی لێکۆڵینەوە و بەڵگەمەندیان ئامادە کرد.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کە ژمارەیەکی زۆر خۆبەخش لە شارە جیاجیاکانەوە بەمەبەستی هاوکاری لێقەوماوانی بومەلەرزە چوونەتە ئەو ناوچانەی زیانیان بەرکەوتووە و زۆر دیمەنی ئەشکەنجە لە ژێر ناوی "تاڵانی" بڵاوکرانەوە و ئەو ئەشکەنجەیە بەرامبەر بە زۆر مرۆڤی بێتاوان ئەنجام دراوە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە ٥ خۆبەخش کە لە قائیمقامیەتی چنارەوە مۆڵەتیان وەرگرتووە و لە ١١ی شوباتدا لە ئامەدەوە وبەرەو سەمسور بەڕێکەوتوون و هەر پێنجیان تاوانی ئەشکەنجەیان بەرامبەر ئەنجامدراوە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە هەر سێ رێکخراوەکان لەگەڵ ئەو پێنج خۆبەخشەدا دیداریان کردووە و خۆبەخشەکان وتوویانە هێرشیان کراوەتە سەر و هێرشەکە گۆڕدراوە بۆ ئەشکەنجە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە قەدەغەی ئەشکەنجە پێشێلکراوە و ئەو ئەشکەنجەیە بە راپۆرتی پزیشکی سەلمێندراوە.
هەر سێ رێکخراوە ئاماژە بۆکراوەکان لەبارەی ئەشکەنجەدانی خۆبەخشان لە داواکاری گشتیی سەمسور سکاڵایان لەسەر ئەو پۆلیسانەی ئەشکەنجەیان ئەنجامداوە تۆمار کرد و ئەوەشیان خستەڕوو کە دەبێت کاربەدەستان دەستبەجێ بۆ رێگریی لە پێشێلکاریی ئەشکەنجە هەنگاو هەڵبگرن و دەست بە لێپێجینەوە بکەن.
هـ .ب