بەگوێرەی ووتەی چەند سەرچاوەیەكی هەرێمی كە بەئاژانسەكەمانیان گەیاندوە؛ چەند رۆژ لەوە پێش گروپێك لە كۆچبەرانی ئەفغانی لەلایەن دەوڵەتی داگیركەری توركەوە بە زۆرە مڵێ ئاودێوی دیوی سنوری ئێران كراونەتەوە. لەو كاتەدا هەر دوو پێكهاتەی كورد و ئازەریش بۆ بەهاناچوونەوەی ئەو كۆچبەرانە خۆیان دەگەیەننە ئەو خاڵە، كە ئەو كۆچبەرانەیان لێ ئاودێكراوە، بەڵام لە وێدا ژمارەیەك لە پێكهاتەی ئازەری پەلاماری كوردەكان دەدەن و دەڵێن، ئێوە لێرە بڕۆن، ئەوەش لە حاڵێكدایە ئەم هەرێمە لەمێژە شوێنی رەوەندە كوردەكان و بەساڵانە ئاوموشۆی ئەو کوێستانانە دەكەن و بووەتە وارگە و لەوەڕگایەك تایبەت بە چەند بنەماڵەی كوردان. لە ئەنجامی ئەو مشتومڕەدا شەڕ و پێكدادان روو دەدات و بەهۆیەوە یەكی دوو گەنج دەكۆژرێن و بڕیندار دەبن.
هەر بەگوێرەی سەرچاوە هەرێمیەكان، ئەو گەنجانەی لەوێدا دەكۆژرێن ویستوویانە پەلاماری ئەو ژن و كچ و گەنجە دیپۆرتكراوانەی ئەفغانی بدەن، بەڵام لەلایەن گەنجانی كوردەوە بەرپەرچ دراونەتەوە و ئەوانیان لە دەستدرێژی و تاڵانكردن پاراستووە.
بۆ دامركاندنەوەی رەوشەكە، دام و دەزگاكانی رژێمی داگیركەری ئێران چوونەتە جێگای رووداوەكە و لەنزیكەوە شوێنەكەیان بینیووە. دام و دەزگاكانی دەوڵەتیش خۆی لەخۆیدا باش دەزانن كە ئەو هەرێمە هەرێمێكی كوردیە و جێگا و شوێنی مەڕداران و لەوەرگەی خەڵكی ئەو ناوچەیە. كەچی دەوڵەتیش بۆ قوڵكردنەوەی ناكۆكییەكانی نێوان پێكهاتەكان، پەلاماری رەوەندە كوردییەكان دەدات و لە زۆزانەكە دەریان دەكەن و ئەو كەسانەشی لەو رووداوەدا كۆژراون وەكو شەهید بەناو دەكەن. و كۆشتنی ئەو كەسانەی پەیوەست دەكەن بە گروپەكانی دژە رژێمەوە، واتا هێزە ئەمنیەكانی رژێمی ئێران ئەو رووداوە وەكو دەرفەتێك بۆ پەلاماری زیاتر لەدژی پێكهاتەی كوردان بەكاردێنێ.
سەرچاوە هەرێمیەكان بەئاژانسەكەمانیان راگەیاندوە؛ دەوڵەت بەزانابوون و بەپلان دەیەوێت شەڕ و ناكۆكی نەتەوەیی و جۆگرافی و ئەتنیكی نێوان پێكهاتەكانی هەرێمە بەتایبەتی كوردان و ئازەرییەكان قوڵتر بكاتەوە، تا بەو شێوەیە درێژە بەمەرامە گڵاوەكانی خۆی و درێژكردنەوەی تەمەنی خۆی بدات.
ژ.ت