سێ چالاکوان لە دوای گەڕانەوە لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەی کۆساڵان رفێندران
سێ چالاکوانی ژینگەپارێزی خەڵکی کامێران لە کاتی گەڕانەوەیان لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەی کۆساڵانی سەوڵاوا لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە رفێندران.
سێ چالاکوانی ژینگەپارێزی خەڵکی کامێران لە کاتی گەڕانەوەیان لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەی کۆساڵانی سەوڵاوا لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە رفێندران.
بەگوێرەی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سێ چالاکوانی ژینگەپارێزی خەڵکی کامێران بە ناوەکانی موحسین دادگەر، سەعید دادگەر و یاسر سابیری کە کە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگری کۆساڵان چووبوونە ناوچەی سەوڵاوا، دوای گەڕانەوە لە کوژاندنەوی ئاگرەکە لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە ڕفێنراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، هێزەکانی سوپای پاسداران دوای ڕاگرتنی ئۆتۆمبیلی ئەم هاووڵاتیانە، ڕایانگەیاندووە کە هاتوچۆکردن بۆ ناوچەی کوێستانیی کۆساڵان قەدەغەیە و بەبێ هیچ مۆڵەتێکی یاسایی ئەم ٣ چالاکە ژینگەپارێزەیان دەستبەسەر کردووە و رەوانەی دەستبەسەرگەری دەزگای هەواڵگریی سوپای پاسداران لە سنەیان کردوون.
ئەو رێکخراوە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە هێزەکانی سوپای پاسداران لە رێگەی دروستکردنی جادە و سەربازگەی نوێوە بەردەوامن لە وێرانکردنی سروشتی کوێستانی کۆساڵان.
لە ١٢ی حوزەیرانەوە سوپای پاسداران بە بیانووی ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی بە ناوی "موحەڕەم" دەستی بە تۆپبارانکردنی کوێستانی کۆساڵانی شاری سەوڵاوای پارێزگای سنەکردووە و لە ئەنجامدا رووبەرێکی فراوانی ئەو ناوچەیە سوتاوە.
هەربە هۆی تۆپبارانەکانی سوپای پاسدارانەوە بەشێکی زۆر لە دارستانەکانی مەریوانیش سوتاوە، بەتایبەتی دەوروبەری گوندەکانی "بێڵوو"، "دەرەتفێ"، "چۆڕ" و "بەردەڕەشە". سەرباری هەوڵەکانی ژینگەپارێزان تائێستا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
هـ . ب