شاندێکی رەژاک و رێکخراوەکانی دیکەی ژنان سەردانی گەڕەکی نەورۆزی کەرکوکییان کرد
لە کەرکوک، ڕێکخراوی (رەژاک) لەگەل ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی دیکەی ژنان سەردانی گەڕەکی نەورۆزیان کرد و پاڵپشتی خۆیان بۆ کوردانی گەرەکە ڕاگەیاند.
لە کەرکوک، ڕێکخراوی (رەژاک) لەگەل ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی دیکەی ژنان سەردانی گەڕەکی نەورۆزیان کرد و پاڵپشتی خۆیان بۆ کوردانی گەرەکە ڕاگەیاند.
ئەمرۆ پێنج-شەممە لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، ژمارەیەک لە ڕیکخراوەکانی بواری ژنان لەنێوانیشیاندا ڕیکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (رەژاک)، سەردانی خێوەتی مانگرتووانی کوردانی گەرەکی نەورۆزی شارەکە کرد و تیدا پاڵپشتی خۆیان بۆ کوردانی گەرەکە دووپات کردەوە دژی هەموو هەوڵەکان بۆ ڕاگواستن و دەرکردنی کوردانی گەرەکەکە.
ئەو ڕێکخراوانەی کە سەردانی خەڵکی گەرەکەکەیان کرد بریتیبوون لە (رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕەژاک)، کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان، یەکێتی ژنانی کوردستان و ژنانی فەیلی)، لە بارەی سەردانی ڕێکخراوەکاندا، ڕوناک مەجید ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی ئازادی کوردستان (رەژاک) بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.
هەوڵدەدرێت ژمارەی کورد لە کەرکوک کەمبکرێتەوە
سەبارەت بە درێژەی پرۆسەی بەعەرەب کردن لەدژی گەرەکە کوردییەکانی کەرکوک، ڕوناک مەجید ئەندامی ئەنجومەنی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "وەکو لای هەمووان ئاشکرایە جیاواز لە شارەکانی دیکە کەرکوک عێراقێکی بچووکە کە هەموو نەتەوەکان پێکەوە بەئاشتی ژیاون و کورد بەدرێژایی مێژووش زۆرینەی ئەم شارەبووە کە تائیستاش زۆرینەی شارەکەیە، لەدوای ڕوخانی رژێمی بەعس هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٥ بۆ یەکەمجار مانگی ڕابردوو هەڵبژاردنێک لە کەرکوک بەڕێوەچوو کە کوردیش لەم هەڵبژاردنە رێژەیەکی باشی دەنگەکان بەدەستدەهێنیت، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە کە لەسەردەمی رژێمی پێشووی عێراق بەردەوام لە ڕیگەی پرۆسەی بەعەرەب کردن و ڕاگواستنەوەی کوردانی کەرکوک بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کورد لە شارەکە و هەوڵدراوە کەرکوک لە شارێکی کوردەوە بگۆڕن بۆ شارێکی عەرەبی".
دووبارە بوونەوەی هەمان پرۆسەی بەعەرەب کردن و ڕاگواستنە
سەبارەت بەهەوڵەکانی سوپای عێراق بۆ ڕاگواستنی کوردانی گەڕەکی نەورۆز ڕوناک مەجید ڕایگەیاند: "ئەوەی ئەمرۆ لە گەرەکی نەورۆزی شاری کەرکوک دەبینین شێوازێکی دیکەیە بۆ هەلکەندنی کورد لە شارەکە لەڕێگەی داگیرکردنی ماڵی کورد و هەوڵی دەرکردنی کوردان لەم گەڕەکە و دووبارە بوونەوەی هەمان پرۆسەی بەعەرەب کردن و ڕاگواستنەیە کە رژێمی پێشووی لە عێراق دژی کوردانی کەرکوک ئەنجامی دەدا، هەمووان دەزانن ئەو کوردانەی کەرکوک کە لەسەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق ڕاگواسترانەوە بۆ شارەکانی دیکە لەدوای ڕوخانی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ گەرانەوە شاری کەرکوک لەم گەرەکانە نیشتەجێبوون".
وەکو ڕەژاک پاڵپشتی گەرەکی نەورۆزین
هەروەها ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی رەژاک سەبارەت، بە سەردانەکەیان بۆ خێوەتی مانگرتووانی گەڕەکی نەورۆز و پاڵپشتیان بۆ ئەو گەرەکە، ڕایگەیاند: "ئەمرۆ ئێمە وەکو ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕەژاک) لەگەل ڕێکخراوەکانی دیکەی تایبەت بە کاروباری ژنان، وەکو ڕێکخراوەکانی ژنانی کوردستان لە کەرکوک بۆ پالپشتی کردن سەردانی خێوەتی مانگرتووانی گەرەکی نەورۆزمان کرد، دەرکردنی کوردان لەم گەرەکەی شاری کەرکوک لەوەرزی زستاندا دوورە لە هەموو بەها مرۆڤایەتییەکان، ناکێت کارێکی لەو جۆرە لە کەرکوکی پێکەوەژیان ئەمە ڕووبدات، پێویستە حکومەتی عێراق ئەم هەڵوێستانە دژی خەڵکی شارەک ئەنجام نەدا چونکە مەترسییە بۆسەر پێکەوەژیانی کەرکوک، پێویستە تەواوی پێکهاتە ڕەسەنەکانی شاری کەرکوک لەجێگای خۆیان بمێنن نەک عەرەبی هاوردە".
پاڵپشتی هەموو هەڵوێستێک دەکەین دژبە ڕاگواستن
لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕوناک مەجید ئەندامی ئەنجومەنی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (رەژاک)، پاڵپشتی خۆیان بۆ کوردانی گەرەکی نەورۆز دووپاتکردەوە و ووتی: "ئێمە ئەمرۆ پاڵپشتی لە هەموو هەڵوێستێک دەکەین دژبە هەموو جۆرە ڕاگواستنێک کە دژ بە گەرەکە کوردنشینەکان ئەنجام دەدرێت کە کوردانی شارەکە لەجێگای خۆیان دەردەکەن".
هـ . ب