شەهیدانی کۆمەڵکوژی پاریس لە شەنگال یادکرانەوە

ئەمڕۆ لە شەنگال بە پێشەنگایەتی تاژێ و بەشداری پێکهاتە و دامەزراوەکان، ڕێپێوانێک بۆ شەرمەزارکردنی کۆمەڵکوژی پاریس ڕێکخرا.

بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ژنانی ئازادی ئێزدی (تاژێ) و بەشداری ژنانی ئێزدی و عەرەبی شەنگال و هەموو دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال، بە ڕێپێوانێکی جەماوەری کۆمەڵکوژی پاریس شەرمەزار کرا. لە ڕێپێوانەکە پۆستەری ساکینە جانسیز و فیدان دۆگان و لەیلا شایلەمەز و سێڤێ دەمیر و پاکیزە نایەر و فاتمە ئویار بەرزکرایەوە.

وتەبێژی تاژێ، ڕیهام هیچۆ یادی هەموو شەهیدانی بەرزڕاگرت و گوتی: "ئەم کۆمەڵکوژییە بە هاوکاری دەوڵەتی تورک و فەرەنسا پێکهات. لە تەنیشت هێزە ئەمنییەکانەوە ٣ ژنی شۆڕشگێڕی کورد لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە تیرۆرکران. دەوڵەتی تورک و هاوکارانی شەرمەزار دەکەین. ئەم ژنە شۆڕشگێڕانە بۆ گەل تێکۆشان و گیانیان فیداکرد. لەم سەدەیەدا قڕکردنی ئەوان بێ ئەخلاقییەکی مەزنە".

پاشان ئاماژەی بە کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان کرد، گوتی: "هێرشی سەر ئێمە و عەلەوییەکان بەرهەمی هەمان زیهنیەتە. ئەوانەی ساکینەیان تیرۆرکرد و هێرشیان کردە سەر ئێمە یەکن. هەموو ژنانی شەنگال بە خاوەندارێتی لە میراتی شەهید سارا و ڕۆژبین و ڕوناهی خۆیان ڕێکخست".

پاشان دووپاتی کردەوە، بەرامبەر هێرشەکان پاشەکشە ناکەن و ڕێگەی ساکینە و ئەڤین و ڕۆژبین و ڕوناهی دەگرنەبەر.

ڕێپێوانەکە بە گوتنەوەی درووشـم کۆتایی هات.