شێخ عزەدین تاڵەبانی: بەعەرەبکردن لە باشووری کەرکوک بەردەوامە
شێخ عزەدین تاڵەبانی کەسایەتی کوردی ناوچەی داقوقی باشووری کەرکوک هۆشداری دەدات لە بەردەوامی بەعەرەبکردنی ناوچەکانی باشووری کەرکوک.
شێخ عزەدین تاڵەبانی کەسایەتی کوردی ناوچەی داقوقی باشووری کەرکوک هۆشداری دەدات لە بەردەوامی بەعەرەبکردنی ناوچەکانی باشووری کەرکوک.
کەم شەو هەیە، هێرشی چەکداری نەکرێتە سەر گوندە کوردنیشینەکانی کەرکوک و دیالە، لەداوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بەهۆی ئەو هێرشانەوە دەیان گوندنیشینی کورد کوژراون و برینداربوون، سەدان دۆنم دەغڵ و دانیش سوتێنراون.
کوردانی ناوچەکانی باشووری کەرکوک و سنوری پارێزگای دیالە بەگومانن بەرامبەر بە ئامانجکردنی کوردەکان، گومانەکانی لەوێوە چڕتر دەبنەوە، کە گوندە عەرەبنیشینەکان بێ کێشە ژیانی ئاسایی خۆیان دەبەنە سەر، کاتێک دەغڵ و دانی کوردەکان دەسوتێن، دەچن دەغڵەکانیان بکوژێننەوە، بۆمبیان بۆ دادەنێن، دەیانکوژن و دەیانڕفێنن، لەکاتێکدا گوندە عەرەبەکان بێ کێشە دەژین.
چەکدارانی داعش بە هێرشکردنە سەر گوندە کوردنیشینەکان تۆمەتبار دەکرێن، بەڵام لەو ناوچانەدا، دەیان گروپی چەکداری شیعە و سونە بوونیان هەیە، کە لە پرسی فشارخستنە سەر کوردەکاندا، ئەو گروپانە خاوەن ئەجێندای هاوبەشن.
ئەنجامدانی ئەو هێرشە یەک لەدوای یەکانە بۆ سەر گوندە کوردنیشینەکان، لەکاتێکدایە لەسەر زەوی و زار و خاوەندارێتیکردنی ئەو ناوچانە، ناکۆکی و ململانێ لەنێوان کورد و "عەرەبی هاوردە" دا هەیە، ئەمەش گومانی زیاتری لای کوردەکان دروستکردووە.
چەکدارانی داعش نکۆڵی لەو هێرشانە ناکەن کە ئەنجامیان دەدەن، بەڵام بەرپرسیارێتی خۆیان لە زۆرێک لەو هێرشانە ڕانەگەیاندووە کە دەکرێتە سەر گوندە کوردنیشینەکان، هەروەک جۆری هێرشەکانیش جێ پەنجەی داعشیان پێوە دیار نییە، بۆیە کوردەکان گومانیان لەناسنامەی "هێرشبەرەکان" هەیە.
حکومەتی عێراق، ئۆباڵی تەواوی هێرشەکان دەخاتە ئەستۆی چەکدارانی داعش، ئەو ڕێکخراوە بە قۆستنەوەی دۆخی سیاسی عێراق و قەیرانی کۆرۆنا بۆ ئەنجامدانی هێرشی زیاتر، تۆمەتبار دەکرێن.
ئەمرۆ دووشەممە لە شاری کەرکوک، شێخ عزەدین تاڵەبانی کەسایەتی کورد و سەرۆک عەشێرەتی تاڵەبانی لە قەزای داقوق لە باشوری کەرکوک، لە کۆنگرەیەکی رۆژانامەوانی لە سەنتەری رۆشنبیری لە شاری کەرکوک باسی کێشەکانی زەوی و زاری ناوچەکانی باشوری کەرکوک کرد و هۆشداری لە بەردەوامی بەعەرەبکردنی گوندە کوریییەکانی باشووری کەرکوکدا.
سەبارەت بەکێشەی زەوی و زاری کوردانی باشووری کەرکوک شێخ عزەدین تاڵەبانی کەسایەتی کوردی ناوچەی داقوق، لە کۆنگرە رۆژنامەوانیدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن وتی: "لە سەردەمی رژێمی بەعسەوە کێشەی زەوی و زاری هاووڵاتیان بوونی هەیە لە قەزای داقوق لە باشووری کەرکوک، کێشەی زەوی و زار تا ئیستا هەیە و جگە لەو کێشانە لە قەزای داقوق کێشەی ئاسایشمان هەیە کە ئاسایشی ئەو ناوچەیە باش نیە بەهۆی جموجۆڵی پاشماوەکانی داعش، بۆ چارسەرکردنی کێشەی زەوییەکان لە داقوق لە بەغداوە لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە کێشەکان و ئیستاش خەلکی ناوچەکە بۆ چارەسەر کردنی کێشەی زەوی لەو ناوچەیە چاوەروانی دەستبەکاربوونی لیژنەکەن."
هەروەها شێخ عزەدین تاڵەبانی وتیشی: " دوای رووخانی رژیمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ عەرەبە هاوردەکان ئەو ناوچانەیان بەجێهێشت، پاش روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر جارێکی دیکە عەرەبە هاوردەکان گەرانەوە بۆ داگیرکردنی گوندە کوردییەکانی باشووری کەرکوک بە هاوکاری پارێزگاری ئیستای کەرکوک ڕاکان سەعید جبوری."
سەبارەت بەسەردانیان بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەل لایەنە پەیوەندیدارەکان، شێخ عزەدین تاڵەبانی ڕایگەیاند: " لە بەغدای پایتەخت لەگەل لایەنی پەیوەندیدار کۆبووینەوە وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ و لایەنەکانی دیکە، لە بەغداوە لیژنەیەک لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراق پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە کێشەکانی ناوچەکانی باشووری کەرکوک، هەروەها سەرۆکایەتی کورد لە بەغدا و هەرێمی کوردستان هیچ هەوڵیکیان نەداوە بۆ چارسەرکردنی کێشەی زەوی کوردانی باشووری کەرکوک، ئەوەی کراویشە بە هەوڵی کەسایەتی کوردانی ئەو ناوچەیە بووە و چارسەرنەکرنی ئەم بابەتە دەبێتە هۆی ئاڵۆزبوونی زیاتری کێشەکان."
لە کۆتایدا سەبارەت بەخراپی رۆڵی ڕاکان سەعید جبوری پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت لە پرسی بەعەرەبکردنی کەرکوک بەتایبەتی ناوچە کوردنشینەکانی باشووری کەرکوک، شێخ عزەدین تاڵەبانی وتی: " تا ئیستا چەندین سكاڵا لەسەر پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت تۆمارکراوە چونکە ڕاکان سەعید جبوری پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت بە بەردەوامی رۆژانە نوسراو بۆ هێزە ئەمنیەکانی ئەو ناوچەیە دەنێرێت کە تێیایدا داوای دەرکردنی کوردەکان و نیشەتەجیبوونی عەرەبە هاوردەکان دەکات لە ناوچە کوردییەکان باشووری کەرکوک، خۆشبەختانە هێزە عێراقییەکانی ئەو ناوچەیە فەرمانەکانی ڕاکان جبوری جێبەجێ ناکەن چونکە ئەگەر جێبەجێیان بکرادیە ئەوە یەک کورد نەیدەتوانی بچێتە سەر زەوی خۆی."
ف.ق