" شەرڤانانی رۆژئاوا بوونە سیمبولی بەرخۆدان و شۆرشگێری لە جیهان"
ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی کەرکوک پشتگیری خۆیان بۆ رۆژئاوای کوردستان دووپات دەکەنەوە و دەڵێن: "لەچوارچێوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییدا ئاشتی لە ناوچەکە بەرقەرار دەبێت".
ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی کەرکوک پشتگیری خۆیان بۆ رۆژئاوای کوردستان دووپات دەکەنەوە و دەڵێن: "لەچوارچێوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییدا ئاشتی لە ناوچەکە بەرقەرار دەبێت".
خۆڕاگریی ئەمڕۆی ڕۆژئاوای کوردستان نموونەی بەرخۆدان و تێکۆشان و یەکگرتوویی گەلە و جێگای ئیلهام بەخشیی جیهانە، ڕۆشنبیران و سیاسەتمەداران و هونەرمەندانی باشووری کوردستان ڕایانگەیاند، کە سیستمی خۆبەڕێوبەری دیموکراتیک و بەرگریکردن لەخۆیی ڕۆژئاوا جێگای ڕێز و ئیلهام بەخشە.
ڕۆشنیبران و هونەرمەندانی شاری کەرکووک لەو بارەیەوەی بۆ ئاژانسمان قسەیان کرد و ڕایانگەیاند کە ئەو هێرشانەی ئەمڕۆ لەلایەن دەولەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی دەکرێتەسەر ڕۆژئاوای کوردستان بە ئامانجی لەناوبردنی دەسەڵاتی کورد و سیستەمی بەڕێوبەری خۆسەرە.
"ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری توانیویەتی سەرکەوتوو بێت"
نەوزاد مەلا عومە، نووسەر و شارەزا لە کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەبارەت بە گرنگی سیستەمی بەڕێوبەری خۆسەر، ڕایگەیاند: "سیاسەتی ئێمە لە باشوری کوردستان سیاسەتێکی شکستخواردوو بوو و سەرکەوتوو نەبووە، بەڵام سیاسەتی ڕۆژئاوای کوردستان زۆر جیاوازترە لە سیاسەتی باشور، چونکە بنەمای فکری ڕۆژئاوا لەسەر بنەمای فەلسەفەی ئۆجەلانە، کە بیروڕای وایە کە ئیدارەی خۆسەری ببێتە جێگرەوەی دەوڵەت، تیڕوانینی رۆژئاوای کوردستان لەسەر چەمکی دەوڵەت جیاوازە وەکو ئێمەی باشوری چاوەڕێی دروستبوونی دەوڵەتی یەک نەتەوەیی نین بەڵکو ئامانجی ئەوان بەڕێوەبەری خۆسەرە نەک دەوڵەت نەیەوە، توانیویانە لە بەڕێوبەری خۆسەردا سەرکەوتوو بن".
"لەچوارچێوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئاشتی لە ناوچەکە بەرقەرار دەبێت"
نەوازد مەلا عومەر باسی لە گرنگی لەوەش کرد کە خۆبەڕێوبەری خۆسەر دەتوانێت باشتی لەناوچەکە بێنیتە کایەوە و ووتی: "پێم وایە لە سەردەمی ئیستادا سیاسەتی خۆسەریی خزمەت بە بەرژەوەندی جیهان دەکات، کێشە نەتەوەیی و ئایینی مەزهەبییەکان کێشەن بۆ قازانج و بەرژەوەندی ووڵاتانی زلهێز چونکە ناوچەی وزە و دەریای سپی ناوەڕاستیش بە شادەماری بازرگانی جیهان دادەنرێت بۆیە، بێ گومان پێویستە لەچوارچێوەی سیستەمی خۆبەڕێوبەری خۆسەر ئاشتی لە ناوچەکە بەرقەرار بێت بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانیان بەردەوام بێت".
"سیاسەتی رۆژئاوای کوردستان سیاسەتێكی دروستە"
هەروەها ئەو نووسەرەی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، تیشکی خستەسەر گرنگی سیستەمی خۆبەڕێوبەری خۆسەر بۆ ناوچەیەکی فرە پێکهاتەی وەکو کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گووتی: "منیش وەکو کەرکوکییەک کە لەگەڵ چەند نەتەوە، مەزهەب و ئایینی جیاواز دەژین کە تێیدا پێم وایە سیستەمی خۆسەری باشترین چارەسەر چونکە بەدرێژایی مێژوو ناوچەی ئێمە میزۆپۆتامیا ناوچەیەکە شوێنی بەرکەوتنی هەموو شارستانیەتەکان بووە لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا جیهان، هەروەها لێرە شوێنی یەکەم شارستانییەت بووە کە گەنمی تێدا چێندراوە، تێکەڵەیەکە لە هەموو نەتەوە و بیروباوەڕەکان لەم ناوچەیە بوونی هەیە، بۆیە بەڕێوبەری خۆسەر سیستمێکی باشە ئەتوانرێت هەموو پێکهاتەکان تیدا بە ئاشتی بژێن، چونکە ئەو قۆناغە تەواوبووە کە هەر نەتەوە و مەزهەبێک بلێت ئەم ناوچەیە تەنها هین منە، بۆیە سیاسەتی رۆژئاوا سیاسەتێکی دروستە".
"لە جیهانی مۆدێرن شتێک نەماوە بەناو دەوڵەت نەتەوە"
لە کۆتایی قسەکانیدا، نەوزاد مەلا عومە، نووسەر و شارەزا لە کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باسی لە رۆژئاوای کوردستان تائیستا توانیوەیەتی بەرگری لە هەموو هێرشەکانی دوژمن بکات، هیوای سەرکەوتن بۆ رۆژئاوای کوردستان دەخوازم، پێم وایە لەئیستای جیهانی مۆدێرن شتێک نەماوە بەناوی دەوڵەت نەتەوە چونکە بەرژەوەندییەکان حوکم دەکەن و هەموو بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییەکان لە دەرەوەی سنورە دیاریکراوەکانە و سنورەکان تەنها لەسەر نەخشە ماوە".
"بە هەموو شێوەیەک پشتگیری رۆژئاوا دەکەین"
چالاک سدیق مامۆستا و هونەرمەندی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، پشتیگری خۆی بۆ بەرخۆدانی گەلی رۆژئاوای کوردستان دووپاتکردەوە و ووتی: "ئاگادارین لە ئیستادا بەشێوەیەکی بەردەوام رۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی هێرشێکی توند و ناڕەوایی دوژماننی لەسەرە، هیوادارین گەلی ئێمە لە رۆژئاوای کوردستان سەرکەوتووبێت، ئەوەی بە ئێمە دەکرێت ڕەنگە تەنها هەڵوێست بێت بەڵام بە هەموو شێوەیەک ئێمە وەکو هونەرمەندانی باشوری کوردستان و شاری کەرکوک پشتگیری لە رۆژئاوای کوردستان دەکەین".
بەرخۆدانی شەرڤانانی رۆژئاوا بووە سیمبوڵی شۆرشگێری لە هەموو جیهاندا"
هەروەها ناوبراو بە گرنگەوە باسی لە بەرخۆدانی رۆژئاوا و پێشەنگایەکی ژنانی شەرڤان کرد کە بوونەتە مایەی سەربەرزی بۆ سەرجەم گەلی کورد و ڕایگەیاند: "ئەو بەرخۆدانەی ژنان و کوڕانی رۆژئاوای کوردستان لە سەردەمی شەڕی دژی چەتەکانی داعش لە کۆبانی کردیان، بوونە سیمبوڵی شۆرشگێری لە هەموو جیهان واتا بوونە گیڤارایەکی دیکەی ئەم سەردەمە بەڵام بە فۆڕمە کوردییەکەی، بەرخۆدانی شەرڤانان بەگشتی و ژنانی شەرڤان بەتایبەتی سەری ئێمەی کوردی لە هەموو جیهان بەرزکردووەتەوە، بەرخۆدانی گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دووبارە ئازایەتی و قارەمانێتی گەلی کوردیان دووپاتکردەوە کە ئەمەش شانازییە بۆ تەواوی گەلی کورد".
"دەبێت گەلی کورد و سەرجەم حزبەکان پشتگیری لە رۆژئاوا بکەن"
لە کۆتایی قسەکانیدا، چالاک سدیق مامۆستا و هونەرمەند، سەبارەت بە دژایەتی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن پەدەکەو هەندێک لایەنی نزیک لە تورکیا، ئەو لایەنانەی ڕەخنە کرد و ڕایگەیاند: "بەداخەوە هەندیک لایەنی کوردی دژایەتی بەرخۆدان و ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان دەکەن، دەبێت تەواوی گەلی کورد بە هەموو حزبەکانەوە یەک هەڵوێست بن لە پشتگیری کردنی ڕۆژئاوای کوردستان، ناکرێت ئێمە خۆمان دوژمنایەتی بەشێک لە گەلەکەمان بکەین لەپێناو ئەوەی کە وڵاتێکی دیکە لە حزبەکەیان یان گروپێکی ناو حزبەکان ڕازی بێت، دەبێت تەواوی گەلی کورد لە پرسە نەتەوەییەکان هەمووی یەک هەڵوێست بن".
"کوردانی رۆژئاوا قوربانی زۆریان داوە لە شەڕی دژی تیرۆر"
لەلایەکی دیکەوە، عومەرە درێژ هونەرمەند و مامۆستای مەقام بێژی شاری کەرکوک و باشوری کوردستان، دەربارەی بۆ ئاژانسی هەوالێ فوڕات (ANF) دوا، ووتی: "هەموومان دەزانین کە رژێمی پێشووی سوریا ستەمێکی زۆر بەرامبەر گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەکرد، بەڕاستی کوردانی رۆژئاوای قوربانی زۆریاندا لە شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش، ئەگەر قوربانی و تێکۆشانی شەرڤانانی رۆژئاوای کوردستان نەبوایە لە تێکشاندنی داعش، ئەوە چەتەکانی داعش باشوری کوردستانی داگیر دەکرد کوردانی باشوریان وەکو کوردانی ئێزدی لە شەنگال کۆمەلکوژ دەکرد".
"بە یەکبوونمان ئایندەیەکی گەش و سەرکەوتن بۆ کورد بەدی دێت"
لە کۆتایی قسەکانیدا، عومەرە درێژ هونەرمەندی دیاری باشوری کوردستان، باسی لە قارەمانێتی شەرڤانان کرد کە جێگای شانازی هەموو کورد و جیهانن، و ووتی: "میللەتی کورد لە رۆژئاوای کوردستان میللەتێکی تێکۆشەر و ئازا و مەردن، بەتایبەتی ژنان و کوڕانی شەرڤان، بەڕاستی جێگای شانازین بۆ هەموو میللەتی کورد، ژنانی شەرڤان ئەتوانین وەکو شێرە ژن پێناسەیان بکەین چونکە ئەو تێکۆشانەی ئەوان کردیان بووە هۆی ئەوەی ناسنامەی قارەمانێتی ژنی کورد بە هەموو جیهاندا بڵاوبێتەوە، ئەمڕۆش لە هەموو جیهان شانازی بە ژنانی رۆژئاواوە دەکرێت جێگای شانازین بۆ تەواوی گەلی کورد و بەدڵنیایشەوە هەر سەردەکەون، بەهیوای ئەوەی هەموو کورد ببێت بەیەک، بە یەکبوونمان سەرکەوتن و ئایندەیەگی گەش و سەرکەوتن بۆ میللەتەکەمان بەدەست دەهێنین".