شێرزاد فاتیح: تەمەنم ٧٤ساڵە و بۆمن شانازییە دژی داگیرکەر چەک هەڵبگرم

شێرزاد فاتیح کەسایەتیی شۆڕشگێری دیاری باشوری کوردستان دەڵێت: "بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی گرنگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەران بە یەکگرتوویی، چونکە تەنها بە یەکگرتوویی گەلەکەمان دەتوانین ناسنامە و بوونی خۆمان لە سڕینەوە بپارێزین".

سوپای داگیرکەری تورکیا لە ١٧ی نیسانی ٢٠٢٢ هێرشێکی داگیرکاریی بەرفراوانی بەهاوکاریی نۆکەرانی لە باشوری کوردستان بۆ سەر زاپ و مەتینا و ئاڤاشین دەستپێکردووە. بەرخۆدانی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار لە دژی ئەو هێرشە داگیرکارییە بەردەوامە تاوەکو شکست بە جێگیرکردن و بنکە و بارەگای سوپای داگیرکەر لەناوچە ستراتیژییەکان بهێنن، کە داگیرکەران بە ئامانجی داگیرکردنی باشوری کوردستان ئەنجامی دەدەن.

 هەروەها رۆژ لەدوای رۆژ مەترسی و هەڕەشەکانی داگیرکەریی تورکیا دژ بە گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان زیاد دەکات، هەر دوێنێش ئەردۆگان سەردانی ولاتی ئێرانی کرد، بەپێی چاودێران دەیەوێت ڕەزامەندیی ئێران و روسیا وەربگرێت بۆ دەستپێکردنی ئۆپراسێونی لەناوبردنی گەلی کورد و داگیرکردنی خاکەکەی لە رۆژئاوای کوردستان.

لەلای خۆیەوە، مامۆمستا شێرزاد فاتیح، کەسایەتیی شۆڕشگێر و تێکۆشەڕی دیاری باشوری کوردستان و شاری کەرکوک، کە ناوبراو یەکێک لە دامەزرێنەرانی 'کۆمەڵەی ئازادی و ژیانەوە و یەکێتیی کورد' (کاژیک)، کە ڕەوتێکی نەتەوەیی بوو، هەروەها ناوبراو ئەندامی سەرکردایەتی حزی زەحمەتکێشانی کوردستان بووە، بەهۆی ڕۆشنایی هزر و بیری نەتەوەیی و نیشتمانی، هەمیشە کاری بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی کورد کردووە، سەبارەت بە هەڕەشە و هێرشە دڕندەکانی دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا، وەکو کەسایەتیەکی شۆڕشگێر بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

تورکیا دەوڵەتێکی داگیرکەرە، لاوازی عێراق و سوریای قۆستۆتەوە

جێگای شانازی و دڵخۆشییە، کە کورد توانیویەتی پارێزگاری لە ناسنامەی خۆی بکات، سەڕەڕای هەموو ئەو دڕندەیی و دژایەتییەی دوژمنانی کورد بەتایبەتی ئەوەی تورکیا دژی کورد ئەنجامی دەدات، کە تورک هەمیشە هەوڵی داوە ناسنامەی کورد بسڕێتەوە، گەلی کورد لەسەر خاکی کوردستان لەناو چوار وڵاتدا دەژێت کە بەردەوام هەوڵی سڕێنەوە دەدەن، دەبینین لە باشوری کوردستان پرۆسەیەکی چڕی بەعەرەب کردن بەردەوامە، هەروەها تورکیا خاکی هەرێمی کوردستانی بەزاندووە و بەرپرسانی هەرێمیش بەداخەوە بێدەنگن، لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیش دەڵێن شەڕی پەکەکە و تورکیا، بەڵام لە ڕاستیدا تورکیا دەوڵەتێکی داگیرکارە و ئامانجی داگیرکردنی باشور و باکوری کوردستانە، بەڵام ناتوانێت دەستێوەردان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بکات، چونکە ئێرانی ووڵاتێکی هەرێمیی بەهێزە، بەڵام سوریا و عێراق لاوازن، بۆیە بینیمان تورکیای داگیرکەر چ داگیرکارییەکی لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا.  پلانی هەیە هەمان داگیرکاری لە باشوری کوردستانیش ئەنجامدا".

جارێکی دیکە کورد بووە قوربانی ڕێککەوتنی ووڵاتان

هەروەها سەبارەت بە هەڕەشەکانی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر خاکی رۆژئاوای کوردستان ئەو کەسایەتیە دیارەی باشوری کوردستان ووتی: "لە ئێستاشدا ئاگادارین تورکیا نیازی داگیرکردنی ناوچەی زیاتری هەیە لە رۆژئاوای کوردستان، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هێرشەکانی تورکیا، ئەمریکا و ووڵاتانی رۆژئاوا بێدەنگیان هەڵبژاردووە، وڵاتانی رۆژئاوا شەڕی داعشیان بە کورد کرد لەئێستاشدا بەتەنها کورد لەبەردەم هێرشەکانی تورکیا بەجێدەهێلن، سەڕەرای قوربانی کورد لە شەڕی داعش بەڵام ووڵاتانی رۆژئاوا ئەندامبوونی سوید فیلندایان بەلاوە زیاتر گرنگ بوو جارێکی دیکەش کورد باجی ڕێککەوتنی ئەو وڵاتانە دەدات".

دڵنیام شەڕڤانان گورزی گەورە لە تورکیای داگیرکەر دەدەن

هەروەها سەبارەت بە بەرخۆدانی قارەمانەی شەڕڤانان دژ بە داگیرکارییەکانی تورکیا، ناوبراو ووتی: "متمانەی تەواوم بە شەڕڤانانی رۆژائاوا هەیە، کە دەتوانن پارێزگاری لە خاکی خۆیان بکەن لە بەرامبەر داگیرکاریی تورکیادا چونکە شەڕڤانان بڕوای تەواویان بەدۆزی ڕەوایان هەیە، دڵنیاشم شەڕڤانان گورزی گەورە لە سوپای تورکیا داگیرکەر دەدەن، بەهۆی ئەوەی تورکیا دەوڵەتێکی زلهێزە و پاڵپشتی ناتۆی هەیە لەوانەیە چەند ناوچەیەک داگیربکات و خەڵکیش ئاواربن بەهۆی داگیرکارییەکانی تورکیا".

بەستنی کۆنگرەی نەتەوەی گرنگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەران بەیەکگرتوویی

لە ڕابردوودا لەڕێگەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردەوە هەوڵدرا گەلی کورد یەکبخرێن، بەڵام بەهۆی ناکۆکی و ململانیەی (پەدەکە) لە گەڵ پەکەکە وایکرد ئەو کۆنگرەیەیە سەرکەوتوو نەبێت، ئەگەر کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان بتوانن کۆنگرەی نەتەوەیی ببەستن بۆ ڕێکەوتن لەسەر بابەتە سەرەکییەکان ئەو کات هیچ داگیرکارێک ناتوانێت بێتە ناو خاکی باشوری کوردستانەوە، سوپای داگیرکەری تورکیا زیاتر لە ٣٠کم هاتووەتە ناو خاکی باشوری کوردستان دەیان بارەگای سەربازیی داناوە و چەندین ناوچەی ستراتیژی داگیرکردووە و خۆی بەسەر باشوری کوردستاندا زاڵ کردووە، هەروەها بەردەوام بۆردومانی شارو شارۆچەکانیش دەکات، کەواتا پێویستە گەلی کورد یەکبگرێت چونکە هەر کاتێک کورد یەکبگرێت هیچ هێزێک ناتوانێت دژی بگرێت، بەڵام کێشەی سەرەکی کورد یەکنەگرتنێتی، زۆرجاریش هێزە کوردییەکان دژایەتی یەکتر دەکەن".

تەمەنم ٧٤ساڵە بۆمن شانازییە ئێستا چەک هەڵبگرم دژی داگیرکەر و شەهید ببم

هەروەها ناوبراو، داوای کرد تەواوی حزبەکان و گەلی کورد هۆشیار بن لە مەترسی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیر و داوای هەڵگرتنی چەکی کرد لە هەر تاکێکی کورد بۆ ڕووبەرووبوونەوەی داگیرکەران و و ووتی: "تەمەنم ٧٤ساڵە وە بۆم شانازییە ئێستا بچم چەک هەڵبگرم دژی داگیرکاری تورکیا بوەستم، پێویستە تاکی کورد بەو هسەتەوە بجوڵێتەوە کە هەر بستێکی خاکێکی هەرچوارپارچەی کوردستان هەر کوردستانە و بەرگری و پاراستنی کوردستان ئەرکی هەموو تاکێکی کوردە، جیگای شانازییە، کە لەپێناو خاک و گەلەکەم شەهید ببم، پێویستمان بەجۆرە هۆشیارییەکی نیشتمانپەروەری دور لە هزری حزبی دۆکماتیکی هەیە بۆئەوەی لەپێش هەر شتیك کوردبین و نیشتمان پەروەربین".

بەیەکگرتن ناسنامە و بوونی گەلەکەمان لە سڕێنەوە بپارێزین

لەکۆتایدا شێرزاد فاتیح، کەسایەتی شۆڕشگێر و تێکۆشەڕی دیاری باشوری کوردستان و شاری کەرکوک ، دەربارەی پەیامی خۆی وەکو شۆڕشگێرێکی دێرین، ووتی: " پەیامی من بۆ گەلەکەم ئەوەیە ، کوردینە فریای خۆتان بکەون دوژمنتان زۆرە پلانگێری دژتان ئەنجام دەدەن و هەوڵی سڕێنەوەی کور دەدەن، دەبینین لە باشور و رۆژئاوا پرۆسەی بەعەرەب کردن بەردەوامە، بەهەمان شێوە لە رۆژهەڵات و لە باکوریش پرۆسیەکەی بەتورک کردنێکی زۆر مەترسیدار دژی کورد بەڕێوەدەچێت، وەکو کەسایەتییەکی شۆڕشگێر داوا لە تەواوی چین و توێژەکان دەکەم یەکبگرن چونکە بەیەکگرتن دەتوانین ڕووبەڕووی تەواوی داگیرکەران ببینەوە و ناسنامە و بوونی گەلەکەمان لە سڕێنەوە بپارێزین". 

ژ.ت