سلێمانی؛ بە رێپێوانێک یادی ٨ی مارس کرایەوە
ژنان لە شاری سلێمانی بەبۆنەی ٨ی مارسەوە، بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” رێپێوانیان کرد و تێیدا ڕێکخراوی ڕژاک، بانگی یەکڕیزی و یەکێتی خەباتیژنانیان کرد.
ژنان لە شاری سلێمانی بەبۆنەی ٨ی مارسەوە، بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” رێپێوانیان کرد و تێیدا ڕێکخراوی ڕژاک، بانگی یەکڕیزی و یەکێتی خەباتیژنانیان کرد.
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، بەدەستپێشخەری ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان(ڕژاک) و بە بەشداری ژنانی چوار بەشی كوردستان و ڕێكخراوەكانی ژنان، ڕێپێوانێکی جەماوەری بەڕێوەچوو، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان ٨ی مارەسەوە.
ڕێپێوانەکە لە جادەی سەهۆڵەکەوە بەجۆش خرۆشەوە بە وتنەوەی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” و “ژن ژیانە مەیکوژە”، بە بەرزکردنەوەی وێنەی شەهیدانی پێشەنگی ژن و ئاڵای ڕژاک بەرەو پارکی ئازادی بەڕێکەوتن، لە ناو پارکی ئازادیدا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسییان ئەنجامدا.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنوسییەکەدا، سوهام مەحموود بەیاننامەی ڕێکخراوی ڕژاکی خوێندەوە تێیدا هاتبوو، لە کەسایەتی ژندا تەواوی مرۆڤایەتی ستەمی لێدەکرێت، لەڕۆژئاوای کوردستان وێڕای هێرش و توندوتیژی و ستەم و داگیرکاریی، هێشتا بە پێشەنگایەتی ژنان بەرخۆدان بەردەوامە و سیستمێکی بێوێنە لە جیهاندا پێشدەخرێت، کە سیستمێکی خۆبەڕێوەبەری دیموکراسییە بەبێ جیاوازی بۆ هەموو نەتەوەکان و پێکهاتە جیاوازەکان، ئەو ئەزمونەش بۆ باسووری کوردستان زۆر گرنگە کە ژنان تێیدا لە بواری دیپلۆماسی و سیاسی و سەربازی و حکومڕانییەوە ڕۆڵیان هەبێت، بەڵام دەسەڵات هیچ کات ئەوەی ناوێت دەیەوێت هەمیشە ژن لەژێر دەستی ئەقڵییەتی نیر سالاری بێت و نەبێتە پێشەنگ
ئەوەش هاتبوو تێیدا، بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان بین و ڕۆڵمان هەبێت پێویستمان بە نزیک بوونەوە لە یەکتر و یەکڕیزی ژنان هەیە، لەم ڕۆژەدا بانگ لە هەموو ژنان دەکەین، بۆ خۆبوون کە خۆمان بین بتوانین ژنان ڕزگاربکەین کە بە کاڵابوون و کۆمەڵکوژی و دەستدرێژی و هەموو جۆرە توندوتیژییەک.
هـ . ب