ئەمڕۆ، سهنتهری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەگەریی و رۆژنامەنوسان لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و بە پێی ئامارەکان، لهساڵی ڕابردوودا ٢٤٩ پێشێلكاریی بهرامبهر به ٢٤٧ ڕۆژنامهنووس و دەزگای میدیایی ئهنجامدراوە، جەختیش کرایەوە کە هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی لەبار نییە بۆ کاری ڕۆژنامەوانی و یاسای ڕۆژنامەگەریی جێبەجێ ناکرێت.
لە دەسپێکدا دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ ڕهخنەی لە دهسهڵاتی بەڕێوەبردنی ههرێمی كوردستان گرت و وتی:"هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی ترسناک و نالەبارە بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی، هەروەها بە پێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی ڕێکخراوەکانی پەیامنێرانی بێسنوور، CPJ و ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ بۆ ساڵی ٢٠٢٣، جەخت لە خراپی ژینگەی و کاری ڕۆژنامەنوسی لەهەرێم و عێراق کراوەتەوەو بە ژینگەیەکی مەترسیدار بۆ ڕۆژنامەنووسان وەسفی دەکەن."
لە قسەکانییدا دیاری محەمەد، باسی لە ڕفاندنی سلێـمان ئەحمەد، ڕؤژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی هەواڵی رۆژنیوس کرد و وتی: بەداخەوە تا ئێستا بێسەروشوێنە و ڕێگە بە کەس (تەنانەت خێزانەکەشی) نادرێت سەردانی بکەن، بە پێی یاسا گەر تۆمەتەکەی کە دراوەتە پاڵی هەرچیش بێت ئەوا دەبێت پارێزەرەکەی بیبینێت.
ئاماری سەنتەری میترۆ کە لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە بەم جۆرەیە: ساڵی ڕابردوو ٢٤٩ پێشێلکاریی بەرامبەر بە ٢٤٧ ڕۆژنامەنوس و دەزگای میدیایی تۆمارکراون، بەمشێوەیە، ڕێگریکردن و جیاکاری ١٣٤ حاڵەت، زەوتکردن و شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی ٣٨ حاڵەت، هێرش و هەڕەشەو سوکایەتی ٢٧ حاڵەت، دەستگیرکردن بەدەر لە یاسایی ڕۆژنامەنووسی پێنج حاڵەت، دەستبەسەرکردن بەبێ بڕیاری دادگا ٣٧ حاڵەت، هێرشی ئەلیکترۆنی ٢ حاڵەت، شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەنووسی ٢ حاڵەت، هەڵکوتانە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووس ٢ حاڵەت.