سەرکردەیەکی یەکێتی: بە پشتیوانی وەزیری بەرگریی عێراق هەوڵی بەعەرەب کردنی کەرکوک دەدرێت

حەسیبە عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت: "بەپشتیوانی وەزیری بەرگریی عیراق و هەندێ خەڵکی تری شۆڤێنی هەوڵی داگیرکردنەوەی زەوی وزاری کورد و تورکمانی کەرکوک دەدرێتەوە".

حەسیبە عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و بەرپرسی بۆردی پێکهاتەکان لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، پەیامێکی توندی ئاراستەی وەزیری بەرگریی عێراق کرد، بەهۆی هەوڵەکانی سوپای عیراق بۆ داگیرکرنئ زەوی کورد و تورکمانی کەرکوک و نیشتەجێ کردنی عەرەبی هاوردە لەو ناوچانەی سنوری کەرکوک.

 زەوی و زاری کورد و تورکمان جارێکی دیکە بەعەرەب ناکرێتەوە

 ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی لە کەرکوک، لە هەژماری تایبەتی خۆی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیدا وەڵامی هەوڵەکانی بەعەرەب کردنی شاری کەرکوکی دایەوە و ووتی: "کەم نین ئەو ناوچانەی عەرەبە هاوردەکان دەیانەوێ بەخەیاڵی خاویان لەدەوروبەری شاری کەرکوک بەعەرەبی بکەنەوە، نە گوندی ترکەشکان و نە هیچ گوندێکی تری کورد یان تورکماننشینی کەرکوک جارێکی دی تەعریب ناکرێتەوە،

نە لە دوێنێ-دا و نە لەئێستا و نە لەداهاتووش-دا زەوی وزاری ئەو گوندانە هەرگیز نابنەوە موڵکی عەرەبە هاوردەکان".

 پێشتر بەعس و ئەمرۆ وەزیری بەرگری عێراق کەرکوک بەعەرەب دەکەن

 هەروەها حەسیبە عەبدوڵا ئاشکراشی کرد: "ئەگەر لەدوێنێدا بەپشتیوانی بەعس هەوڵی تەعریبکردنی ترکەشکان درابێت ،ئەمرۆ دەبینین بەپشتیوانی وەزیری بەرگری عیراق و هەندێ خەڵکی تری شۆڤێنی هەوڵی داگیرکردنەوەی زەویوزاری ئەم گوندانە دەدرێتەوە.

 مەحاڵە جارێکی دیکە بتوانن کەرکوک پرۆسەی بەعەرەب دووبارە بکەنەوە

 هەروەها ناوبراو پەیامیکی ئاڕاستە ئەو لایەنە شۆڤینیانە کرد کە هەوڵی بەعەرەب کردنی کەرکوک دەدەن و ووتی: "ئێمە بەو عەرەبە هاوردانە و ئەوانەشی لەپشتیانەوەن دەڵێین، مەحاڵە جارێکی دیکە بتوانن زەوی وزار لە ناوچە و گوندەکانی ترکەشکان و تۆبزاوا و تڕکەڵان و باوەو بڵاوەو تەعریب بکەنەوە، وە پێیان دەڵێین خەیاڵتان خاوە ئەو خەونەتان بەدی بێت و جارێکی تر بتوانن چەند دۆنمێکی کەمیش بێت لەزێدی کورد و تورکمان داگیری بکەنەوە ".

 ئەو ناوچانە بێ خاوەن نین و بەشێکن لە کوردستان

 لە کۆتایی پەیامەکەی بۆ وەزیری بەرگری عێراق و عەرەب شۆڤێنی و هاوردەکان، ئەو سەرکردەیەی یەکێتی ووتی: "پێتان دەڵێین چۆن تەعریب بۆ سەرانی بەعس نەچوەسەر، لەئێستا و داهاتووشدا ئەو زەوییانە دەبێتە گۆڕتان، ئەوەشتان لەیاد بێت ئەو ناوچانە بێ خاوەن نین و بەشێکن لە هەرێمی کوردستان و هەرچیەک بکەن کاتییە و بەسەد قات تۆڵەتان لێ دەکەینەوە".

هـ . ب