دوێنێ پارتی پێش دەبابەی بەعس کەوت و ئەمڕۆش پێش تانک و درۆنی تورک کەوتووە

پارتی ٢٦ ساڵ لەمەوبەر دەبابە و تانکەکانی رژێمی بەعسی بکوژی ٥ هەزار قوربانیی هەڵەبجەی هێنایە هەولێر، ئێستاش ڕێگا بۆ تانکەکانی تورک دروست دەکات و هاوکاریی درۆنەکانی تورک دەکات، کە بەسەر باشووردا بسوڕێنەوە و خەڵک بکوژن.

لە مێژووی کوردستاندا زۆر هێز و تاکە کەسی هەمیشە لەگەڵ دوژمندا بوون و بوونەتە هۆی لەناوچوونی بزاڤە ئازادیخوازەکان، کە  بۆ ڕزگاریی گەلی کورد تێکۆشاون. یەکێک لە هاوکارەکانی داگیرکەران پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بوو. پارتی (پەدەکە) هەمیشە بەو ڕووەوە و بەو شێوەیە دەچێتە سەر مێژوو، کە لەگەڵ دوژمنانی کورددا بووە و هاوکاری دوژمنانی گەلی کورد بووە.

هەرچەندە لایەنە کوردییەکان هەڵوێستیشیان هەبێت، بەڵام بەهۆی هاوکاریکردنی دوژمنان و دەستی خوێناوییان بە خوێنی گەلی کورد، هەمیشە بوونەتە ڕێگر لەبەردەم خەبات و تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد.

کەوتە پێش دەبابەکانی رژێمی بەعسی بکوژ و جینۆسایدکاری هەڵەبجە

لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ و ٢٦ ساڵ پێش ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بۆ دەرکردنی هێزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (یەنەکە) لە هەولێر، دەستی رژێمی بەعسی سەدام بکوژی ٥ هەزار قوربانیی هەڵەبجەی گرت بۆ داگیرکردنی هەولێر. پاشان تانکەکانی ڕژێمی بەعس چوونە ناو شاری هەولێرەوە و چوونە بەردەم پەرلەمانی هەرێم.

پارتی کەوتە بەردەم دەبابەکانی ڕژێمی بەعس و هێرشی کردە سەر پێشمەرگەکانی یەکێتی لە هەولێر و هێنایان بۆ پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی کوردستانی کرد بە گەراجی دەبابەکانی بەعسی ئەنفالچی و کیمیاران.

ڕژێم دەرکرا

لە ساڵی ١٩٩١دا گەلی کورد لە باشووری کوردستان لە دژی ڕژێمی بەعس ڕاپەڕین و بەشێکی زۆری خاکی باشووری کوردستانیان لە ڕژێمی بەعس پاککردەوە. ئەمەش یەکەم هەنگاو بوو بۆ ئەوەی گەلی کورد بە تێکۆشانێکی ئاوا بەهێزەوە خاکی باشووری کوردستان لە داگیرکەر ڕزگار بکات. ئەمەش هێز و ورەیەکی گەورەی بە خەڵکی باشوور بەخشی.

شەڕی ناوخۆی دەسەڵات

دوای ڕاپەڕین ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، کە پێشتر هەبوو بەردەوام بوو و لە سەرەتای مانگی ئایاری ١٩٩٤ەوە بوو بە شەڕی ناوخۆ. شەڕی یەکەم لەنێوان پارتی و یەکێتی لەقەزای ڕانیە هەڵگیرسا. پاشان ئەم شەڕە بە سەرتاسەری باشووری کوردستان دا بڵاوبوویەوە. بارەگاکانی یەکێتی لە دهۆک و بارەگاکانی پارتی لەسلێمانی داخران.

لە ٤ی ئایاری ١٩٩٤ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) داوای ڕاگرتنی شەڕ و کۆبوونەوەی بەرەی کوردستانی کرد، کە ئەو بەرەیە لە یەک ترازابوو، بۆیە ئەو داواکارییە و ئەو بەرەیە ئەنجامی نەبوو و لە ١٥ی ئایاردا شەڕی یەکێتی و پارتی گەیشتە شاری هەولێر.

لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٤ لە هاوینەهەواری شارۆچکەی پیرمام لە شاری هەولێر ژووری چالاکییەکانی ئاشتی دامەزرا. دوای کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی و کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، بڕیاری ڕاوەستاندنی شەڕ لە نێوان هەردوولا درا، بەڵام ئەم بڕیارەش بێ ئەنجام بوو و شەڕ بەردەوام بوو.

٣ ی حوزەیرانی ١٩٩٤ جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان (یەنەکە) یەکلایەنە ئاگربەستی ڕاگەیاند. ئەم بڕیارە هاوکات بوو لەگەڵ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکانی قەڵادزێ و پێنجوێن لەلایەن هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی ئیسلامییەوە.

ڕۆژی ٣١ی حوزەیرانی هەمان ساڵ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی کۆ بوویەوە. ئەم کۆبوونەوەیە توانیی ئاستی شەڕ و گرژییەکان کەم بکاتەوە، بەڵام تا کۆتایی ساڵی ١٩٩٤ لە هەندێک شوێن شەڕی بەردەوام بوو.

کۆبوونەوەی دوبلین

ساڵی ١٩٩٥ جارێکی تر شەڕی نێوان یەکێتی و پارتی دەستیپێکردەوە. ڕۆژی ١٥ی کانوونی دووەم هێزەکانی سەر بە یەکێتی شاری هەولێریان کۆنتڕۆڵ کرد و جەنگ تا ٩ی ئابی ١٩٩٥ بەردەوام بوو. هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی لە دوبلینی پایتەختی ئیرلەندا بە ناوبژیوانیی ئەمریکا کۆبوونەوە، بەڵام ئەم کۆبونەوانە شکستی هێنا و نەیتوانی دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات.

شەڕ ڕانەوەستا                                    

لە ٢٨ی تەمووزی ١٩٩٦ هێزێکی پاسدارانی ئێران بە هاوکاریی یەکێتی لە سنوور پەڕینەوە بۆ باشوری کوردستان و لەسەر چیای هیبەتی سوڵتانەوە هێرشیان کردە سەر بنکەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا).

شەوی ١٧ی ئابی ١٩٩٦ بۆ سێیەم جار شەڕی ناوخۆ لە ڕەواندوز لەنێوان یەکێتی و پارتی هەڵگیرسایەوە. یەکێتی سەفین و شەقڵاوەی گرت و لە شارۆچکەی پیرمام نزیک بوویەوە. لەو کاتەدا کەمتر لە یەک لەسەر سێی خاکی باشوور لە دەستی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)دا مابوویەوە.

بارزانی داوای لە سەدام کرد یارمەتیی بدات

ڕۆژی ٢٢ی حوزەیرانی هەمان ساڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) نامەیەکی ئاراستەی سەدام حوسێن سەرۆکی ڕژێمی بەعس کرد و داوای کۆبوونەوەی لە سەدام کرد. نامەکە بەم وشانە دەستپێدەکات، "بەڕێز سەرۆکی هێژا، ئێوە  دەتوانن بە لێهاتووی و بەهرەی خۆتان بیرێک لە دەستتێوەردانی ئێران لە کاروباری عێراق بکەنەوە".

چەند ڕۆژێک دوای ناردنی ئەم نامەیە مەسعود بارزانی دەچێتە بەغدا و لەگەڵ سەدام حوسێن کۆدەبێتەوە و رێکدەکەون.

بەپێی ئەو ڕێککەوتنە سوپای بەعس یارمەتیی پارتی دەدات بۆ گرتنی هەولێر. لەبەرامبەردا پارتی ڕێگە بەسوپای بەعس دەدات لایەنگران و ستاف و کارمەندانی ئۆپۆزسیۆنی عێراق لەهەولێر و پیرمام بگرن و دەست بەسەر بنکەکانیان دا بگرن.

تاڵەبانیش گەیشتە ئێران

لەلایەکی ترەوە لە ٢١ی ئابدا، ڕۆژێک پێش ئەوەی مەسعود بارزانی نامەکەی بۆ سەدام حوسێن بنێرێت، جەلال تاڵەبانی نامەیەکی ئاراستەی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران محەمەد عەلی جەعفەری کردبوو و داوای کردبوو، کە لە زووترین کات دا  هێز  بنێرێن بۆ ناوچەکانی ژێر دەستی یەکێتی (یەنەکە).

دەبابەکانی بەعس لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان ڕاوەستان

بەرەبەیانی ٣١ی ئاب هێزەکانی بەعس لەکەرکوک و موسڵەوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوتن. سوپای عێراق بە ٣٠ هەزار سەرباز و ١٥٠ تانک و دەبابەوە هێرشەکەیان دەستپێکرد. یەکەم شکستی هێزەکانی یەکێتی لەسەر ڕێگای گوێر - هەولێر بوو. یەکێتی بەبێ ئەوەی بەرگری بکات هەولێری بەجێهێشت و ڕژێمی بەعس هەولێری داگیرکرد. تانکەکانی ڕژێمی بەعس گەیشتنە بەردەم بینای پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و لە بەردەم بیناکەدا ڕاوەستان.

پێشمەرگەکانی یەکێتی هەولێریان بە جێهێشت و چوونە سلێمانی و لەوێشەوە ڕوویان لە سنوور کرد. پاشان یەکێتی بەپشتیوانیی ئێران هێرشی دەستپێکردەوە و سلێمانیی کۆنترۆڵ کرد و تاوەکو نزیک هەولێر ڕۆیشت. بەهۆی هەڕەشەکانی ڕژێمی بەعس پێشڕەوییەکانیان ڕادەگرن.

لە واشنتن بە واژۆ کۆتاییان بە شەڕ هێنا

لە ١٧ی ئەیلولی ١٩٩٨ دوای چوار ساڵ لەشەڕی سەختی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە)، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتیی یەکێتی بە ئامادەبوونی مادلین ئۆڵبرایت وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد. بەپێی ڕێککەوتنەکە، ئاشتی لەنێوان هەردوولادا بەرقەرار بوو و شەڕی نێوانیان کۆتایی پێهات.

ئەنجامی شەڕی ناوخۆ: زیاتر لە ١٢ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە

بەپێی چەند سەرچاوەیەک لەهێرشەکەی ٣١ی ئابدا ٤٥٠ کەسی کوژراون و زیاتر لە ٢٠٠ کەسیش برینداربوون و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش بێسەروشوێن بوون. بە گشتی لە شەڕی ناوخۆدا زیاتر لە ١٢ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن، کە ژمارەی قوربانیان زیاترە و تا ئێستاش سەدان بێسەروشوێنن و بە فەرمی چارەنووسیان ڕانەگەیەندراوە.

'ئێمە بۆ نێوەندگیری ئامادەین، شەڕ زیانێکی گەورەی بە گەلی کورد گەیاندووە'

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقول ئەوسەت، کە بە زمانی عەرەبی بڵاودەبێتەوە، ڕایگەیاند، ئەوان ئامادەین نێوەندگیری بکەن و وتی: "ئێمە وەک پەکەکە ڕۆڵی نێوەندگیری بۆ ئاشتی لە نێوان هەردوولادا دەگێڕین. ئێمە بنەمای یەکێتییەکی نەتەوەیی و دیموکراتیک بۆ کورد بە بنەما دەگرین. لە مێژوودا شەڕەکانی نێوان لایەنەکان زیانی گەورەی بە گەلەکەمان گەیاندوە، بۆیە ئێمە دەمانەوێت ئەو تەنگژەیە بەیەکڕیزی و هەماهەنگی چارەسەر بکرێت".

ئێستا پارتی تانک و درۆنی تورکیای هێناوەتە باشور

دوای ئەو خیانەت و نۆکەرییە پیسە، کە سەدان کەسی تێدا کوژران، ئێستا هەمان حیزب کەوتووەتە پێش تانک و دەبابە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)ی بکوژی تورک و بۆ شەڕی دەسەڵاتخوازانەى خۆیان ئەوانەیان هێناوەتە سەر کوردستان.

پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بە ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، لە چیاکانی کوردستان، ڕێگا و سەنگەر بۆ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دروست دەکات. لە لایەکی دیکەوە ڕێگە نادات کەلوپەلی لۆجستیکی و پێداویستییەکانی خۆپاراستنی وەک دەمامک و ماسک بگاتە دەست گەریلاکانی ئازادی، کە لە دژی داگیرکەری و چەکی کیمیایی، شکۆ و کەرامەتی گەلی کورد دەپارێزن.

٢٤ کاتژمێر فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بە سەر باشووردا دەگەڕێنن

لەلایەکی ترەوە بە مۆڵەتی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و عێراق هەر ٢٤ کاتژمێری شەو و ڕۆژ،  فڕۆکە بێفڕۆکەوان (درۆن)ی بکوژی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە ئاسمانی باشور و عێراق دا دەگەڕێن و تاوانی جەنگی ئەنجام دەدەن. لە سنوورەکانی باکوری کوردستان و باشورەوە تا مەخمور و شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیا ژنان و منداڵان دەکەنە ئامانج و دەیانکوژن.

شەرعیەت بە هێرشەکان دەدەن و دەزگاکانی ڕاگەیاندنیان خستووەتە خزمەتی داگیرکەرییەوە

بەتایبەتی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بکوژەکانی تورکیا لەم چەند ساڵەی دواییدا دەیان شوێنی ڕۆژاڤا و مەخمور و شەنگالیان کردە ئامانج و هاووڵاتیان و تێکۆشەرانی ئازادیی گەلی کوردیان شەهید کردووە. پارتی (پەدەکە) پاساو بۆ ئەو هێرش و کوشتارەى داگیرکەری تورک دەهێنێتەوە و شەرعیەت و ڕەوایی بە هێرشەکان دەدات و وتەبێژی بۆ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەکات و هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خۆیان خستووەتە خزمەتی ئەو  داگیرکەرییەوە.

گەریلا و شۆڕشگێڕانی کورد لەلایەن میت-ەوە شەهید دەکرێن

ماوەیەک تەنها هاوکاریی دوژمنی دەکرد، بەڵام ئێستا ڕاستەوخۆ بەشداری لە هێرشەکاندا دەکات. لە خەلیفان بۆسە و کەمینیان بۆ گەیلا دانا و بە گشتی لە بۆسە کەمینەکانیاندا دەیان گەریلایان شەهید کردووە. تەنانەت تەرمەکانیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان ناکەنەوە. ئێستا لە هەموو شوێنێکی باشوردا وڵاتپارێزان و شۆڕشگێڕان لەلایەن میتی تورک بە هاوکاریی پەدەکە دەکرێنە ئامانج و شەهید دەکرێن.

ژ.ت