حسێن کەرکووکی بەرپرسی نووسینگە بەغدادی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان لەبارەى دەستوەردانەکانى دەوڵەتى تورک لەکاروبارى و عێراق و هەرێم بەتایبەتى شارى کەرکوک بەمجۆرە بۆ ماڵپەڕى فەرمى تەڤگەر دوواوە: "دەوڵەتی تورک نەی شاردوەتەوە، کە ویلایەتی موسڵ بەشێکە لە خاکی تورکیا، باڵیۆزى دەوڵەتی تورکیش لە رابردوودا لە یەکێک لە جەژنەکاندا هات لە کەرکوک نوێژی کرد و لەوێ وتی “ئەمە خاکی باو و باپیرانمانە”.
ئاماژەى بەوەشکرد، بێدەنگیی حکومەتی بەغداد و حکومەتی هەرێم لە و کارانەی دەوڵەتی تورک ئەیکات، هەم لە بۆردومانکردن و دروستکردنی بنکەی سەربازیی و شەهیدکردنی خەڵکی سڤیل و چۆڵکردنی زۆر لە گوندەکانی سەر سنور، بابەتى موسڵ و کەرکوک و شەنگال کە دەوڵەتی تورک بەردەوام باسی ئەکات؛ ئەمە بۆخۆی دەستواردانی سیاسیی دەوڵەتی تورکە لە کاروباری ناوخۆی عێراق دا.
راشیگەیاند، لەبەرامبەر دەستوەردانەکانى دەوڵەتی تورک هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، بێ هەڵوێستن و هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش بێدەنگیی هەیە، ئەم بێدەنگییە تەنها لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە نییە بەرامبەر بەو هێرش و داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورک، بەڵکو لایەنە سیاسییەکانیش بێدەنگن و لای هاووڵاتییانیش بێدەنگیی هەیە.
حسێن کەرکوکی وتوشیەتى، لە سەردانماندا بۆ لای ئەنجومەنی دادوەریی عێراق باسی دەستوەردان و داگیرکارییەکانی تورکیامان کردوە، هەروەها دەوڵەتی تورک رۆژ بە رۆژ هەوڵدەدات دەزگای سیخوڕیی لە هەرێمی کوردستان و عێراق زیا بکات.
ڕاشیگەیاندووە، دەوڵەتی تورک لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا، هەوڵی زۆریدا لە رێگەی هێزە توندڕەکانەوە ئاستەنگی بۆ هەڵبژادن لە کەرکوک دروست بکات.
ئەو بەرپرسەى تەڤگەر باسى لەوەشکردووە، شاری کەرکوک و هەموو ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ و یان ناوچە جێناکۆکەکان کەرکوک، دوزخورماتوو، خانەقین و هەتا شنگال، ئەم ناوچانە ئەبێت هەموو پێکهاتەکان بەشداربن لە بەڕێوەبردن و لێکتێگەیشتندا بۆ ئەوەی ئەم ناوچانە ئارام بێت، هەتا بۆ ئەوەی وڵاتانی هەرێمیی بەتایبەتیی دەوڵەتی تورک کە کار لەسەر ئەوە دەکات ناکۆکیی نێوان نەتەوە و ئایین و مەزهەبەکان دروست بکات، هەتا بۆ ئەوەی ئەجێندانی خۆی جێبەجێ بکات.
لە کۆتایدا وتویەتى، باشتریین رێگە و چارەسەر بۆ شاری کەرکوک ئەوەیە کە بە سیستمێکی لامەرکەزیی دیموکراتیی خۆی بەڕێوە ببات و بتوانێت هەم لە روی خۆپاراستن و ئابووریی خۆی بەڕێوە ببات، هەروەها ناوچەیەکی دەوڵەمەندیشە ئەتواندرێت کاری باش بکرێت و هەموو ئەو پێکهاتانەی هەن بەشێوەی ئاشتییانە لێی بژین، بەبێ دەستوەردانی دەوڵەتی تورک تیادا.
هـ . ب