تەڤگەری ئازادی- کەرکوک: نەورۆز ڕۆژی سەرهەڵدان و لەگۆڕنانی دیكتاتۆرەكانە

ئەنجوومەنی هەریمێ کەرکوک تەڤگەری ئازادی دەڵێت: "جارێكی تر زۆردار و دكتاتۆرەكانی سەردەم، دەیانەوێت هەمان ئەزموونی حوكمی دیكتاتۆری لە شاری كەركوك پەیڕەو بكەن".

ئەمڕۆ لەشاری کەرکوک باشوری کوردستان یادی نەورۆز و یادی ٣٢هەمین ساڵیادی ئازادکردنی کەرکوکە لە ڕاپەرینە مەزنەکەی گەلی کورد لە ساڵی (١٩٩١)ە، بەو بۆنە نەتەوەییەی گەلی کوردەوە، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان بەیاننامەیەکی ئاڕاستەی ڕایگشتی و گەلانی کەرکوک کرد، لە بەیاننامەکەدا تەڤگەری ئازادی تیشکی خستەسەر دووبارە بوونەوەی هەمان عەقڵیەتی شۆڤێنی کە سەپێندراوی سەر شاری کەرکوک و شارەکە بەو عەقڵیەتە بەڕێوەدەببات.

تەڤگەری ئازادی دەڵێت: "سەڕەڕای بوونی عەقڵیەتێکی تاكرەوی لە بەڕیوەبردنی شاری کەرکوک بەڵام خەڵكی كەركوك لەوەباش تێگەشتووە چارەنوس و ئایندەیان پێكەوەیە بۆیە لە پێكەوە ژیاندا ئاشتی و لە بەڕێوەبردندا دیموكراسیان هەڵبژاردەوە".

لە بەیاننامەکەی ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستاندا هاتووە: "نەورۆز هێمای تێكۆشانی گەلی كوردە لە پێناو  مانەوە و ئازادیدا، گەلەكەمان ٣٢ساڵ لەمەو بەر مەشخەڵی نەورۆزی لە دەروازەی ڕاپەڕینەوە بەدەم سروودی شۆڕش و ئازادییەوە گەیاندە كەركوك، بۆیەكەم جار ئاگری نەورۆزی لەسەر قەڵای كەركوك كردەوە و ئەو ڕۆژە مێژووییەی پڕشنگدارتر كردووە، وە كردیە وەرچەرخانێكی نوێ بۆ لەناوبردنی زوڵم و زۆری و دیكتاتۆری و زۆردارەكانی سەردەم".

لە بەیاننامەکەی تەڤگەری ئازادیدا باس لە دۆخی بەڕێوەبردنی کەرکوک لەلایەن عەقڵیەتی شۆڤێنی کرا: "گەلی كورد لەو ڕۆژەدا ئەوەی دووپاتكردەوە كە نەورۆز ڕۆژی سەرهەڵدان و لەگۆڕنانی دیكتاتۆرەكانە، ئەمڕۆ ٣٢ساڵ بەسەر ئەوڕۆژەدا تێپەردەبێت و بەردەوام ئەم مەشخەڵە بڵێسەدەدات، ئێستا جارێكی تر زۆردار و دكتاتۆرەكانی سەردەم ،دەیانەوێت هەمان ئەزموونی حوكمی دیكتاتۆری لە شاری كەركوك پەیڕەو بكەن، هەنگاوەكانی ڕژێمی پێشتر كە خۆی لە بەعەرەب کردن و ڕاگواستن دەبینییەوە بەردەوامی پێبدەن، ئەمە لە كاتێكدایە ئەو ئەقڵێتەی ئێستا شاری كەركوك بەڕێوەدەبات هەمان ئەقڵێتی شۆفینی و تاكڕەوی و ناشوێنالزم، و گەندەڵەی ئیدارەی ئێستای كەركوكە كە پێیوایە دەتوانێت گەلی كورد و نەتەوەكانی تر لەم شارو پەراوێزبخا، بەڵام بێئاگان لە مێژووی ئەم شارە كە هەزاران ساڵە ئەم نەتەوانە پیكەوە ژیاون و پێكەوە كەركوكیان بەرێوەبردووە، بۆیە خەڵكی كەركوك لەوەباش تێگەشتووە چارەنوس و ئایندەیان پێكەوەیە بۆیە لە پێكەوە ژیاندا ئاشتی و لە بەڕێوە بردندا دیموكراسیان هەڵبژاردەوە".

لە کۆتایدا بەیاننامەکەدا هاتووە: "تەڤگەری ئازادیی ئەنجوومەنی هەرێمی كەركوك پیرۆزبایی گەرم ئاڕاستەی گەلی كورد و كەركوك و كەركوكێكان دەكات بەسەرجەم نەتەوەو ئاین و باوەڕێكانەوە . و بانگی یەكڕیزی و تەبای لایەنەكان دەكات لە پێناو ئاشتی و ئارامی خۆشگوزەرانی كەركوك و كەركوكییەكان 'بەرزوو پیرۆز بێت یادی ڕەپەرین و نەورۆزی كوردان".

ژ.ت