تەڤگەری ئازادی: پێویستە هەمووان رووبەرووی دەستوەردان و تیرۆری دەوڵەتی تورک ببنەوە

تەڤگەری ئازادیی ڕایگەیاند، باڵوێزی تورکیا بێ پەردە هەڕەشە لە تەواوی ئازادیخوازان و پێشەنگانی ئەم گەلە دەکات، پێویستە حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەھەموو ئاستەکانی سیاسی و دیپلۆماسیدا، ڕووبەڕووی ئەو دەستێوەردان و داگیرکاریی و تیرۆرە ببنەوە.

دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی لەبارەی دانپێدانانی باڵیۆزی تورک لە عێراق دەربارەی شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی ئەنجامدا

بەیاننامەکە لەلایەن جومعە کەریم ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیەوە خوێندرایەوە وگوتی: باڵیۆزی دەوڵەتی تورک بێ پەردە لە بەردەم میدیاکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت میدیاکانی دەسەڵات، هەڕەشە لە تەواوی ئازادیخوازان و پێشەنگانی ئەم گەلە دەکات و نایشارێتەوە، کە ئامانجەکەیان هەمەلایەنە و گشتگیرترە لەوەی کە دەسەڵات و خەڵکی ئێمە پێشبینی دەکەن.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە لەسەنگەرەکانی گەریلای ئازادی چرکە بە چرکە لە پاشەکشێ و شکستی بەردەوامدایە، هەرجارێک کە لەمەیدانی جەنگدا دەدۆڕێت و شکستدەخوات، بۆ داپۆشینی ئەو شکستە، هەوڵ دەدات لە ناو شارەکانی هەرێمی کوردستان کردەوەی تیرۆر ئەنجام بدات و ئەمەش شکۆی حکومەتی هەرێم لەکەدار دەکات.

دەشڵێت: ئەمە پێشهاتێکی ترسناکە، پێویستە گەلەکەمان لە ئاستی خوێنڕێژی و پیلانەکانی ئەم دەوڵەتە فاشیستە ھۆشیار بێت و چالاکی و خۆپیشاندانی گەورە و جەماوەری ڕێکبخات و ڕشتنی خوێنی ڕۆڵەکانی ئەم گەلە ئیدانە بکات.

تەڤگەری ئازادی بانگەوازی ئاڕاستەی دەسەڵاتی هەرێم و عێراق کرد و بەم شێوەیە بەردەوامی پێدا، "پێویستە حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەفەرمی و لەھەموو ئاستەکانی سیاسی و دیپلۆماسیدا ڕووبەڕووی ئەو دەستێوەردان و داگیرکاری و تیرۆرە ببنەوە کە دەکرێتە سەر شەرەف و کەرامەتی هەموو هاونیشتمانییەک، ئیتر کاتی ئەوەیە بێ دەنگیی بشکێندرێت و هەڵوێستی جددیی نیشان بدرێت”.

تەڤگەری ئازادیی جەختیش دەکاتەوە، کە بەهیچ جۆرێک سازش لەسەر فکر و ڕێباز و پرەنسیپە نەتەوەیی و دیموکراتییەکانیان ناکات و وتی: گەلەکەمان بێ پێشەنگ و پارێزەر وڵاتپارێز نامێنێتەوە و تاسەر خاوەندارێتی لێدەکەین، دووبارە داوا لە گەلەکەمان دەکەین یەکگرتوبن، یەکڕیزبن لە دژی داگیرکاریی و هێڵی خیانەت و بەکرێگیراویی و بەرژەوەندیخوازیی، کات کاتی ئازادیی و سەرکەوتنە”.

ف.ق