وەعد قەدۆ لەبارەی دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی پارێزگای نەینەوا و بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و هەوڵەکان بۆ دەستبەسەرداگرتنی کورسی کۆتاکان لە ئەنجومەنەکە قسەی بۆ ئاژانسی رۆژ نیوز کردووە و لە لێدوانەکەیدا باسی لەوەکردووە، پارێزگای نەینەوا دووەم گەورەترین پارێزگای عێراقە لە ڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە، هەروەها لە ڕووی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكانیشەوە، ئەمەش وایكردووە ببێتە كێكێكی ئامادەكراو بۆ لایەنە گەورەكان بۆ بەدەستهێنانی كورسی.
راشیگەیاندووە، لایەنە سیاسییەكان بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵدەدەن كورسییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەدەست بهێنن، بە تایبەت پەدەكە كە هەوڵێكی زۆر دەدات بۆ كۆنترۆڵكردنی پشكی كەمینەكان، لە نێویاندا پشكی شەبەك و مەسیحی و ئێزیدییەكان.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ڕوونیشی کردووەتەتەوە، ئێستا هێزێكی سەر بە پەدەكە لە هەندێك لە ناوچەكانی مەخموور و دویزات لەسەر زاب و هەندێك لە ناوچەكانی شنگال هەن، كە ئەو ناوچانە پێویستیان بە ئەمنێتی زیاترە، بۆیە پێویستە حكومەتی فیدراڵی دەستوەردان لە ناوچەكان بكات، بۆ ئەوەی لە مامەڵەی ئاسایشی ناوچەكە دڵنیابن.
باسی لەوەش كرد، ئیدارەی خۆجێیی نەینەوا لە ڕوانگەی فەرمیەوە لەلایەن پارێزگار نەجم جبورییەوە بەڕێوەدەبرێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی پارێزگاكە بەڕێوەدەبات، ڕێبەر ئەحمەدە كە وەزیری ناوخۆیی هەرێمی كوردستانە، بۆیە تا ئێستاش نەینەوایە لە دەستی پەدەكەدایە.
ئەو پەرلەمانتارە لە كۆتاییدا وتی: كەسانێك هەن بانگەشە بۆ ئەوە دەكەن كە شنگال نائارامە، بۆیە ئاوارەی بۆ ناگەڕێتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا پێچەوانەكەی ڕاستە، لە ئێستادا شنگال لە بارودۆخێكی ئەمنی سەقامگیردایە، بەڵام پێویستی خزمەتگوزاری زیاتر پێشكەش بكرێت.
بڕیارە لە ١٨ی کانونی یەکەمدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوەبچێت و چەند رۆژێکیشە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکردووە.
هـ . ب