ئاهەنگی نەورۆز لە شیوەسوری کەرکوک بەڕیوەچوو

لە شاری کەرکوک بە دروشمی 'نەورۆز هێمای شۆڕشی گەلانە لەپێناو مانەوە و ژیان و ئازادیدا' و لە ئاهەنگێکی جەماوەریدا ئاگری نەورۆز کرایەوە و نەورۆز پیرۆز کرا.

دوانیوەڕۆی دوێنێ ١٧ی ئادار لە ناوچەی شێوەسوری سەر بە شاری کەرکوک، لە ئاهەنگێکی جەماوەریدا بەدروشمی 'نەورۆز هێمای شۆڕشی گەلانە لەپێناو مانەوە و ژیان و ئازادیدا'  نەورۆز پیرۆز کرا. لە ئاهەنگەکەدا کەسایەتی، نوێنەری لایەنەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان و گەنجان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و هەزاران هاووڵاتیانی باشوری کوردستان و بەشێک لە هاووڵاتیانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بەشداری ئاهەنگە جەماوەرییەکە بوون بۆ پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی.

سەرەتای ئاهەنگەکە بە چەند ساتێک وەستان بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدان دەستی پێكرد و پاشان لەلایەن گەلەوە دروشمی 'شەهید نامرن' ووترایەوە، پاش چەند ساتێک بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان، بانگ لە کەسوکار و بنەماڵەی شەهیدان کرا بۆ کردنەوەی ئاگری نەورۆز و پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی، لەگەڵ کردنەوەی ئاگرەکدا دروشمەکانی 'بژی سەرۆک ئاپۆ" و "شەهید نامرن" بە بەردەوامی دەوترانەوە.

پاش کردنەوەی ئاگری نەورۆز راگەیاندراوی کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆز لە کەرکوک لەلایەن کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی و ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری ئاهەنگی نەورۆز لە کەرکوک پێشکەش کرا.

کۆمەڵ سەرمەد له‌سه‌ره‌تادا نه‌ورۆزی له‌ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان، پێكهاته‌كانی كه‌ركوك وله‌ هەمووان پیرۆز كرد و ووتی، "هیوادارین ئەم نەورۆزە ببێتە نەورۆزی پێکەوەژیان و ئاشتی و ئازادی".

دواتر گروپی شەهید سەرحەد چووه‌ سه‌ر شانۆ و گه‌ل بە دەم گۆرانییەوە گۆڤه‌ند و هه‌ڵپه‌ڕكێیان دەکرد.

 دواتر ووتاری تارا حوسێن هاوسەرۆکی گشتیی تەڤگەری ئازادی پێشکەش کرا.

هاوسەرۆکی تەڤگەری  ئازادی تارا حوسێن سەرەتا نەورۆزی لە تەواوی گەلی کورد پیرۆز کرد و ووتی: "تەڤگەری ئازادی هەمیشە خۆی بە بەرپرسیار دەبینێت بەرامبەر چارەسەکردنی کێشەکانی کەرکوک و هەموو ساڵێ نەورۆز پیرۆز دەکەن، خاوەنداری لە داخوازییەکانی خەڵکی کەرکوک دەکەن".

هەروەها سەبارەت بە تێپەڕینی سەد ساڵ بەسەر ڕێککەوتننامەی لۆزاندا تارا حوسێن ووتی: "سەد ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دابەشکردنی و پارچەکردنی خاکی کوردستان و قڕکردنی گەلی کورد، لەگەڵ ئەو قڕکردنە داگیرکاری سەپێندرایە سەر گەلی کورد، گەلی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان بەرخۆدان دەکات و سەلماندوویەتی گەلی کورد زیندووە، هەموو پیلان ئەوە بوو، کە نەورۆز پیرۆز نەکرێت، ئەمڕۆ نەورۆز لە هەموو شوێنێک پیرۆز دەکرێت و بەروحی نەتەوەیی هەڵپەرکێ بەڕێوەدەچێت".

ئەوەشی وت، "گەلی کورد خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەکات و لە رۆژئاوای کوردستانیش سەری بەرامبەر داگیرکاری دانەنواندووە و بەرخۆدان دەکات، لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش ژنان و گەنجان پێشەنگایەتی بۆ شۆڕشی گەلان دەکەن و فەلسەفەی 'ژن ژیان ئازادی' سەردەکەویت، کەرکوکیش نموونەیەکی پێکەوەژیانە و دوژمان دەیانەویت تێکی بدەن، دەبێت ئەم پیلانگێڕییانە تێکبشکێنین و نیشانی بدەین، کە دەتوانین پێکەوە بژین، و یەکێتیی نەتەوەیی چارەسەرە".

پاشان کەرکوکییەکان بە دروشمی ژن ژیان ئازادی پێشوازییەکی گەرمیان لە ژینا سەقزی خانمە هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد، ئەو خانمە هونەرمەندە چەند بەرهەمێکی هونەری لە ئاهەنگەکە پێشکەش کرد.

دوای ئەوەش وتاری ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان (ڕەژاک) لەلایەن (ژینۆ محەمەد) خوێندرایەوە، کە تیدا هاتبوو: "پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لە هەرچوارپارچەی کوردستان و شەڕڤانان و گەریلا دەکەین، ئێمە وەکو ڕەژاک لە هەموو خۆشی و ناخۆشییەکان لەگەڵ گەلەکەمانین، وەکو ئەرکێکی نەتەوەیی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزتان لێدەکەین، ئەمساڵ ساڵی مان و نەمانی گەلی کوردە، پێکەوە ئەم ساڵە تێدەپەڕێنین، کە سەد ساڵ بەسەر داگیرکاری و دابەشکردنی خاکەکەمان دا تێدەپەڕێت، پێویستە لەسەر ڕیبازی نەتەوەیی بەردەوام بین بە تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگاوە بەتایبەتی چینی ژنان".

پاش ووتارەکەی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان، هونەرمەندی میلی شاری کەرکوک لوقمان سەلیم چەند بەرهەمیکی پێشکەش کرد.

پاشان ووتاری کۆمیتەوەی ئازادی ئۆجەلان لەلایەن هەڤاڵ نەورۆزەوە پێشکەش کرا و و ووتی: "نەورۆز لە ڕێبەری گەلەکەمان و هەر چوا پارچەی کوردستان پیرۆز دەکەین، ئەمڕۆ رۆڵەکانمان بەدروشمی ئازادی ژیانە بەرخۆدان دەکەن و ئاگری نەورۆز لەسەر چیاکان دەکەنەوە و پەیامی پێکەوەژیانی گەلانی ناوچەکە بە گۆێ جیهاندا دەدات، هەمیشە جەژنی نەورۆز سیمای تێکۆشانی دژ بە ستەمکاران بووە، ئەمڕۆ نەورۆز تێکەڵ بە دروشمەکانی 'ژن ژیان ئازدی' بووە، نەورۆز هەمیشە روحی ژیانەوە و پەیامی لەناوچوونی ستەمکاران و داگیرکەرانە، داگیرکەران ئەمڕۆ بە تەواوی تەکنەلۆجیا شەڕەکەرەکانیان بەرامبەر رۆڵە شۆڕشگێرەکانی کورد، دوژمن شکستیهنێاوە و تەپڵی دۆڕانیان لێداوە، نەورۆز بانگەوازی گەلە بۆ ڕێکخستنەوە بنیادنانی داهاتوو لەسەر بنەمای دیموکراتی و ئازادی، نەورۆز پیرۆزبێت لە ڕێبەر ئۆجەلان و بنەماڵەی شەهیدان و گەریلا و شەڕڤان و پێشمەرگە، نەورۆز دەکەینە جەژنی سەرکەوتن جەژنی پێکەوەژیان گەلانی ناوچەکە بۆ لەناوبردنی ڕەگەزپەرستی و کۆتایی هاتن بە داگیرکاری".

چەند بەرهەمێکی هونەری لەلایەن گروپی مێزوبۆتامیا پێشکەش کرا، کە پێکهاتوون لە ژمارەیەک گەنجی شاری کەرکوک.

لەکۆتایدا بەگۆرانی وتن لەلایەن هەردوو هونەرمەندی میلـلی سامان دیلان ئاهەنگی پیرۆزکردنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان بە هەڵپەرکێ کۆتایی هات.

ژ.ت