ئاڤێستا: دەبێت هەڵمەتەکە بە شێوازی داهێنەرانە بەردەوام بێت

ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی گشتیی کەجەکە سۆزدار ئاڤێستا رایگەیاند کە دەبێت هەڵمەتی ' ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان' تەنیا بە راگەیەندراو سنووردار نەکرێت و وتی، "هەڵمەتەکە دەبێت بە رێگە و رێبازی جیاواز و داهێنەرانە بەردەوام بێت".

ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی گشتیی کەجەکە سۆزدار ئاڤێستا سەبارەت بە هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پردی کورد" کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمەدا لەلایەن کەسانی بەناوبانگی جیهانیەوە لە زیاتر لە ١٠٠ وڵات دەستیپێکرا، قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

وتەکانی سۆزدار ئاڤێستا بەم جۆرەیە:

"لە ٢٥ەمین ساڵەی پیلانگێڕیی نێونەتەوەییدا لە کەسایەتی شەهیدانمان کە بە دروشمی 'ئێوە ناتوانن رۆژی ئێمە تاریک بکەن؛ لە بەردەم پیلانگێڕییەکە بوونە لەمپەر و بە گیانبازی گوڕیان بە تێکۆشاندا و هەروەها هەڤاڵ رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین کە لە ئەنقەرە چالاکی گیانبازییان ئەنجامدا، هەموو شەهیدانمان بە رێز و پێزانینەوە بە بیر دەهێنمەوە. جارێکی دیکە ئەوە بینرا کە تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد کە لەسەر هێڵی شەهیدان و رێبەر ئاپۆ بەردەوامە، سەردەکەوێت.

بەناوی بزووتنەوەکەمانەوە سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە بەشدارییان لە هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" کرد، کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمدا لەسەر ئاستی جیهانی لە زیاتر لە ١٠٠ وڵاتدا دەستیپێکرد، هەموو ئەوانەی رەنج و ماندووبوونیان کێشا و خەباتیان کرد بە هەموو توانایانەوە بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری کێشەی کورد، بە ڕێز و ڕێزەوە سڵاویان لێدەکەم. پیرۆزبایی لە تێکۆشانەکەیان دەکەم. دەستپێکردنی ئەم هەنگاوە دەرئەنجامی ٥٠ ساڵ تێکۆشانی بێوچانی ڕێبەر ئاپۆیە. ڕێبەر ئاپۆ هەوڵ و رەنجێکی زۆری بۆ هەموو گەلانی جیهان بە تایبەت ژنان کێشا. ماوەی ٢٥ ساڵە لە ئیمرالی لەژێر گۆشەگیری تونددایە. بە تایبەت لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ەوە گۆشەگیرییەکە ئەوەندە توند بووە کە هیچ هەواڵێک لە رێبەرایەتیمانەوە نییە. سڵاو لە بەرخۆدانی وتاداری ڕێبەر ئاپۆ دەکەم و خۆشەویستی و ڕێزی خۆم رادەگەیەنم. لەگەڵ دەستپێکردنی هەڵمەتەکە لە ١٠ی تشرینی یەکەمدا، گەلانی ستەملێکراو، گەلانی ئازادیخواز، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان، ژنان و بزووتنەوە ژینگەپارێزییەکان ئازادیی خۆیان لە بیرۆکە و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆدا دەبینن. ئەمەش هێزی پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ نیشان دەدات.

ڕێبەر ئاپۆ جیتر تەنیا ڕێبەری گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە، ئێستا ئیتر رێبەرێکی جیهانییە. ئەمە زۆر گرنگ و واتادارە. بەم هەڵمەتە ئێستا دەبێت ئازادی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بێت. ئێمە ئەمە زۆر بە باشی دەبینین. کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک، یەکێتی گەلان و نەتەوەی دیموکراتیک تاکە چارەسەرە  کە کۆتایی بە کێشەی کورد، کێشەکانی جیهان و کۆمەڵکوژی ژنان دەهێنێت. ڕێبەر ئاپۆ پێشەنگی ئەمەیە. ڕێبەر ئاپۆ هەموو ژیانی خۆی لە پێناو خەباتی ئازادی گەلان و ژنان بەخت کرد. ئەگەر ٢٥ ساڵە لە ژێر گۆشەگیرییەکی تونددا بووبێت، ٣١ مانگە بە هیچ شێوەیەک زانیاریمان لەبارەیەوە نەبێت و ئەمڕۆش لە هەموو جیهاندا تێکۆشانێک هەیە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی جەستەیی ئەو، ئەمە هێزی پارادایمی ڕێبەرایەتی نیشان دەدات. بۆیە ئەو هەڵمەتەی لە ١٠ی تشرینی یەکەم دەستیپێکردووە، هەنگاوێکی گرنگ و ستراتیژییە. دەبێت لە پرۆسەیەکی وەهادا ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکەین.

دوای ئەوەی دۆستانی گەلەکەمان ئەم هەڵمەتەیان دەست پێکرد، هەموو ڕۆژێک چ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چ لە کوردستان لێدوان و راگەیەندراو دەدرێت و پشتیوانی هەڵمەتەکە دەکەن. ئێمە وەک بزوتنەوەی ئازادی ٢٥ ساڵە بە شێوەیەکی بێهاوتا لە پێناو ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری کێشەی کورد، خەبات دەکەین، هەزاران شەهیدمان بەخشی و باجی زۆرمان داوە. لەو قۆناغەی ئەمڕۆ پێیگەیشتوین، تێکۆشان دەگەیەنینە سەرکەوتن و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر دەکەین. هەر بۆیەش ​​پێم وایە گەلەکەمان، دۆستەکانمان، هێزە دیموکراسی و سۆسیالیستەکان و هەرکەسێک کە بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ وەک ئومێدێک بۆ خۆیان دەبینن، ئەم هەنگاوە تەنیا بە لێدوان و راگەیەندراو سنووردار ناکەن. پێویستە ئەم هەڵمەتە بە شێوازی جیاواز و نوێ و داهێنەرانە بەردەوام بێت. ئەمە زۆر گرنگە. ئەوانەی پێشەنگایەتی هەڵمەتەکە دەکەن ژنان و گەنجانن.

 

ئەو ئەقڵیەتەی کە سایلۆکانی گەنم لە ڕۆژئاوا بۆردومان دەکات، گوایە خاوەنداری لە فەلەستین دەکات

سڵاو لەو گەنجانەی کە لەلایەن پۆلیسی تورکەوە رێگرییان و دیپۆرت کرانەوە. تێکۆشانی ئەوان زۆر گرنگە. من پێموایە بە گەنجانی ئینترناسیۆناڵیست پێشەنگایەتی ئەو کەمپەینە دەکەن کە لە ١٠ی تشرینی یەکەم دەستی پێکردووە. بە تایبەتی حەز دەکەم ئاماژە بۆ ئەمە بکەم. دیسانەوە لەم قۆناغەی کۆتاییدا دەوڵەتی فاشیستی تورک کە بە تایبەتی بە چالاکیی قوربانیدانی ئەنقەرە تووشی شۆک بوو، بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی لە دژی پیلانگێڕییەکە ئەنجام نەدرێت، هێرشەکانی هێندەی تر زیاد کرد. ئێمە لە شەڕی ئێستای ئیسرائیل و فەلەستین جارێکی تر گرنگی پارادایمی ڕێبەر ئاپۆمان بینی.

هەرچەندە هاوڕێکانمان ڕۆژهات زیلان و ئەردەڵ شاهین، کە گیانبازانی تێکۆشانی ئازادین، تەقەمەنی و چەکی قورسیان پێبوو، دەیانتوانی لەبری ئەوەی پەیامێک بدەن، هەنگاوێکی زۆر جیاوازتر بگرنەبەر و زیانێکی زۆر زیاتر بە دوژمن بگەیەنن. بەڵام پەیامێکیان دا. ڕێبەر ئاپۆ وتی، 'ئەگەر دەسەڵاتی کۆنترۆڵکردنی هەموو جیهانیشمان هەبێت، هێرش ناکەینە سەر کەس، بەڵام ئەگەر هەموو جیهان هێرشیشمان بکاتە سەر، تێچووەکەی چەندەش قورس بێت بەرگری لە خۆمان دەکەین'. ئەمە زۆر گرنگە. چالاکییەکەی ئەنقەرە جارێکی دیکە ئەمەی نیشان دا. حکومەتی ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست ئەمەیان کردە بیانوو و دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. سایلۆکانی گەنم، دامەزراوە نەوتییەکان و نەخۆشخانەکان و کۆگای ئاویان بۆردومان کردووە. گوایە هەمان ئەقڵیەت داکۆکی لە فەلەستین دەکات. جارێکی تر ڕووخساری ڕاستەقینەیان ئاشکرا بوو. تا کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، قسەی هەر بەرپرسێکی تورک هیچ مانایەکی نییە.

ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست حکومەتێکە کە هێشتا قسەکردن بە کوردی قەدەغە دەکات. تا ئێستاش ناوی کوردی شار و گوندەکانی کوردستان قەدەغە دەکات، بەڵام لەلایەکی دیکەوە دەڵێ لە فەلەستین جینۆساید دەکرێت. بێگومان جینۆساید دژی گەلی فەلەستین جێگای قبوڵ نییە. گەلی فەلەستینیش مافی خۆی هەیە و گەلی فەلەستینیش دەبێ مافی خۆی هەبێت. بزوتنەوەکەمان پێشتر راگەیەندراوی پێویستی لەسەر ئەم بابەتە داوە. بەڵام پێویستە ئەو کەسانەش بناسرێن کە لە ڕێگەی فرمێسکی ژنان و منداڵانی فەلەستینی سیاسەتی قێزەون بەڕێوەدەبەن. هەر لەم قۆناغەدا منداڵانی ڕۆژئاواش کوژران. تا ئێستاش هەزاران رۆژئاوایی لە کەمپەکانی شەهبا و ناوچەکانی دیکەدا ژیان بەڕێدەکەن. ئەوانیش پەنابەرن. گەلی ئێمە لە مەخمور ٢٩ ساڵ لەمەوبەر لە خاکی خۆیانەوە کۆچیان کردووە. دەوڵەتی تورک لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوو جار خەڵکەکەمان لەوێ و مزگەوتەکەی بۆردومان کرد. ئەمەش ئەقڵیەتی ئەوان دەردەخات. ڕۆژی ٨ی تشرینی یەکەم ٢٩ ڕۆڵەی گەلەکەمان و گەلی عەرەب، لە هێرشەکەی دژی ئەندامانی یەکەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەهید بوون. بە ڕێز و پێزانینەوە یادی ٢٩ شەهید دەکەمەوە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانیان دەکەم. ئەم هێرشە دڕندانە دەریدەخات کە حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە چەندە دوو رووە.

چونکە ڕێبەر ئاپۆ ھەنگاوی بەرەو دواوە نەنا، گۆشەگیری دژوارتر دەکەن

ھەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' دوو ئامانجی سەرەکی هەیە. تا ئەو کاتەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە ڕووی جەستەییەوە ئازاد نەکرێت، پرسی کورد چارەسەر نابێت و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا سەقامگیری، ئاشتی و یەکڕیزی ئەستەمە بێنەدی. لە سایەیی ڕەنج و ماندووبوونی ڕێبەر ئاپۆ و بەرخۆدانی بەجۆش و خرۆشی گەریلاکانی ئازادی گەیشتوونەتە ئەم قۆناغەی تێکۆشان. سڵاو لە گەریلاکانی هەپەگە-یەژا ستار کە لەو هەڵمەتەدا بە شێوەیەکی شایستە ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن. گەریلاکانی ئازادیی کوردستان شکۆمەندی ئێمەن. گەریلا بەتایبەتی لە ھەرێمەکانی پاراستنی مێدیا، زاپ، مەتینا، ئاڤاشین، خواکورک تاکوو سەرحەد، باگۆک، دەرسیم، بۆتان و زاگرۆس زۆر بە باشی خۆڕاگری دەکات. لە هەموو شوێنێک گورزی قورس لە فاشیزم دەدرێت. گەریلا مانگی تشرینی یەکەم چالاکییەکانی زیاتر کرد و ئەنجامێکی بەنرخی بەدەستهێنا. ساڵ و نیوێکە دوژمن دەیەوێت ئەنجامێک بەدەست بھێنێت، بەڵام لە زاپ گیری خواردووە، ناتوانێت هەنگاوێک بەرەو پێش بنێت.

گەریلا ئەرکی خۆی ڕادەپەڕێنێت. ھەربۆیە دوژمن هەموو چەکێکی قەدەغەکراو بەکاردەهێنێت. لە دژی ئەوەش دەبێت گەنجانی کوردستان، گەنجانی تورکیا، گەنجانی ئینتەرناسیۆنال، گەنجانی عەرەب، پێشەنگایەتی ھەم بۆ ھەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' بکەن و ھەمیش خۆیان بگەیەننە گەریلا. گەریلا تێکۆشانیان لەسەر هێڵی بێریتان و کەماڵەکان  بەڕێوە دەبەن. ساڵیادی شەهیدبوونی هەڤاڵ بێریتانە. ٣٠یەمین ساڵیادی بە سوپابوونی ژنانی ئازادە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کوردستان و جیهان، ماوەی ٣٠ ساڵە ژنانی کورد پێشەنگایەتی سوپایەکی خۆبەڕێوەبەر و ئازادی ژنان دەکەن، کە بۆ یەکەمجار دامەزراوە. لە نێو ئەو سوپایەدا ژنانی عەرەب، تورک، فارس و نەتەوەکانی دیکەش بەشدارن. بەم بۆنەیەشەوە لە کەسایەتی قارەمانانی یەژا ستاردا ٣٠یەمین ساڵیادی بە سوپا بوونی ژنانی ئازاد پیرۆز بێت. ئەو تێکۆشانە گەورەیەیی لە کوردستان بەڕێوەدەچێت، بە تەنیا کاریگەری لەسەر گەلانی ناوچەکە نییە. لەو هەڵمەتەدا دەبینین زۆرێک لە گەلان ھیوایان لەسەر گەریلا ھەڵچنیوە. گەریلا پێشەنگایەتی ئەو هەڵمەتە دەکات. گەلەکەمان و گەلانی ناوچەکە تێکۆشان لەسەر هێڵی ڕێبەر ئاپۆ گەشتر دەکەن. ڕێبەر ئاپۆ کە گۆشەگیر کراوە، بە شێوەیەکی بێھاوتا خۆڕاگری دەکات.

هۆکاری توندکردنی گۆشەگیری ئەوەیە کە ڕێبەر ئاپۆ سازش لەسەر هێڵی سێیەم ناکات و هەنگاو بەرەو دواوە نانێت. بەهۆی ئەو ڕاستیانە دەست بە ھەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' کرا. لەو بڕوایەداین لە ٢٦ـەمین ساڵڕۆژی پیلانگێڕییەکەدا هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی بھێڵدرێتەوە و ئەو هەڵمەتەش بە ئامانجەکەی نەگات. تا ئەو کاتەی دەگاتە ئەنجام، دەبێت هەموو ئەو کەسانەی بەشدارییان لەو هەڵمەتەدا کردووە، لە تێکۆشان بەردەوام بن. تاکوو ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەکرێت و پرسی کورد چارەسەر نەکرێت، لەو باوەڕەداین ئێوە تێدەکۆشن. سڵاو و ھیوای سەرکەوتن بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە بەشدارییان لە هەڵمەتەکەدا کردووە".