ئۆهەدە: دەبێت داواکاریی زیندانیانی سیاسی جێبەجێ بکرێن

کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) داوای کرد، دەستبەجێ گۆشەگیری لە ئیمراڵی کۆتایی پێبهێندرێت و داواکاری زیندانیانی سیاسی جێبەجێ بکرێت. هەروەها داوای لە رێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ کرد، لە نزیکەوە چاودێری مانگرتنی زیندانیان بکەن.

کۆمیسیۆنی زیندانەکانی ناوەندی گشتیی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) سەبارەت بە مانگرتنی زیندانیانی سیاسی لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" کە لە ٢٧ی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبرەوە دەستیان پێکردووە، لە بەردەم بینای کۆمەڵەکە لە رحا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا راگەیەندراوێکیان خوێنەوە. هاوسەرۆکانی گشتیی ئۆهەدە ئەکین یەتەر و سەرحەد چاکماک و ئەندامانی کۆمەڵەکە بەشدارییان لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکەدا کرد.

لە بەڕێوەبەرانی ناوەندی گشتیی ئۆهەدە ئایشە شەهریبان دەمیرەل لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکەدا وتی، رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە رۆژی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ەوە کە بە پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی رادەستی تورکیا کرایەوە، لە گۆشەگیریدا زیندانی کراوە و وتی، "لە ساڵی ٢٠١٥ەوە گۆشەگیری دژوارتر کراوە. ئەو گۆشەگیرییە رەهایە، ئەنجامی مامەڵەی سیاسی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپەیە بۆ لەناوبردنی پرسی کورد. لە ٢٥ی ئاداری ٢٠١٩ەوە تائێستا هیچ هەواڵ و زانیارییەک لە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بەردەست نییە".

دەمیرەل لە درێژەدا لێدوانی وەزیری پێشووی داد عەبدولحەمید گول لە ساڵی ٢٠١٩ی بە بیرهێنایەوە کە وتبووی، بۆ دیداری نێوان عەبدوڵا ئۆجالان و پارێزەرانی هیچ بەربەستێک نەماوە و لەو رووەوە رایگەیاند، "چوار ساڵ بەسەر ئەو لێدوانەدا تێپەڕبوو، بەڵام گۆشەگیری رەها لە زیندانی ئیمراڵی هێشتا بەردەوامە. سی پی تی لە نێوان ٢٠-٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢٢ دا سەردانی دوورگەی ئیمراڵی کرد، بەڵام لەبارەی ئەو سەردانەوە هیچ راپۆرتێکی بڵاونەکردەوە. راستیەک لە ئارادایە کە گۆشەگیری توندکراو لە ئیمراڵی کاریگەری دەکاتە سەر زیندانەکانی دیکە. مانگرتن لە خواردن کە زیندانیانی سیاسی بە داواکاری هەڵگرتنی گۆشەگیری لە دوورگەی ئیمراڵی و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە رێگەی دیموکراتیک و ئاشتیانە دەستیان پێکردووە، لە چارەسەرکردنی پرسی کورددا یەکلاکەرەوەیە".

دەمیرەل گۆشەگیری لە ئیمراڵی وەک "ئەشکەنجە" پێناسە کرد و لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی، "ئەو گۆشەگیرییە لە دژی پێوان و بنەماکانی یاسای نێونەتەوەییە. دەبێت گۆشەگیری دەستبەجێ هەڵبگیرێت و داواکاری زیندانیانی سیاسی جێبەجێ بکرێن. لە نزیکەوە بەدواداچوون و چاودێری بۆ دۆخی تەندروستی و سەلامەتی ئەو زیندانیانە دەکەین، کە بە گوێرەی مافە دەستوورییەکانیان دەستیان بە مانگرتن کردووە. لەو رووەوە داوامان لە هەموو رێکخراوەکانی بواری ماف و یاسا ئەوەیە کە بەرپرسیارێتی خۆیان بەجێبگەیەنن . دەبێت دەستبەجێ گۆشەگیری لە ئیمراڵی هەڵبگیرێت و لە پرسی چارەسەرکردنی پرسی کورد بە رێگەی دیموکراتیک و ئاشتیانەدا هەموو پارتە سیاسییەکان، رێکخراوە مەدەنییەکان و رێکخراوە دیموکراتیکەکان، شان بدەنە بەر باری بەرپرسیارێتیەکانیان. پێویستە داواکارییەکانی زیندانیانی سیاسی جێبەجێ بکرێن".

هـ . ب