یەرەکە داوای لە ئێران کرد کە بە گوێرەی ئاگربەست بجوڵێتەوە

یەک لە فەرماندەکانی یەرەکە شیار شەڤگەر رایگەیاند کە لە ماوەی رابردوودا هێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە دژی گۆڕەپانەکانی گەریلا کەوتوونەتە جموجۆڵەوە و رایگەیاند، "ئێمە بە گوێرەی ئاگربەست دەجوڵێینەوە، دەبێت دەوڵەتی ئێرانیش بەو جۆرە بجوڵێتەوە".

یەک لە فەرماندەکانی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) شیار شەڤگەر سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتانی تورک و ئێران قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد. شەڤگەر باسی لەوەکرد کە هێرشەکان بۆ سەر گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بێ پسانەوە بەردەوامن و وتی، "ئێران، تورکیا و عێراق رێککەوتوون بۆ ئەوەی بزوتنەوەکانی ئازادیی کوردان ناچار بە چەکدانان بکەن".

یەک لە فەرماندەکانی یەرەکە شیار شەڤگەر ئاماژەی بەوەکرد کە ئێران و تورکیا بڕیاریان داوە کە لە دژی پەژاک تێبکۆشن. شەڤگەر وتی، "بۆ ئەوەی هەواڵگری ئێران زانیاری لەبارەی پەژاکەوە بداتە دەوڵەتی تورک و هێزەکانی دەوڵەتی تورک لەو چوارچێوەدا و پاڵپشت بەو زانیاریانە هێرش بکەن، رێککەوتنێک ئەنجام دراوە. هەڵوێستی ئێمە بەرامبەر بەم دۆخە دیارە؛ جوڵانەوەیەک کە بانگەشەی تێکۆشانی شۆڕشگێڕی دەکات، ئەگەر دەستبەرداری چەک بێت، ئەمە بە واتای مردنیەتی. لەم سەدەیەی ئێمەی تێداین ئەگەر خاوەنی هێزی سەربازی و بەرگریی نەبێت، بە ئیرادە و هێزی خۆبەڕێوەبەری خۆی نەتوانێت کۆمەڵگاکەی بپارێزێت، هیچ واتایەک بۆ تێکۆشانی شۆڕشگێڕی نامێنێتەوە".

لە رۆژهەڵات جموجۆڵی ئاسمانی زیادی کردووە

فەرماندەری یەرەکە شیار شەڤگەر ئاماژەی بەوەکرد کە لە گۆڕەپانەکانی رۆژهەڵات جموجۆڵی ئاسمانی زیادی کردووە و وتی، "فڕۆکەی سیخوڕی هەموو رۆژێک بە سەر هەرێمەکانماندا دەسوڕێنەوە، ئەو زانیاریانەی کۆدەکرێنەوە لە رێگەی پەدەکە و ئێرانەوە دەدرێنە دەوڵەتی تورک و دواتریش هێرش دەکاتە سەر ئێمە. بەڵام دەوڵەتانی تورک ئێران لە رێگەی ئەو هێرشانەوە هیج ئەنجامێکیان بەدەستنەهێناوە و بەرامبەر بە بزوتنەوەی ئاپۆییمان شکست دەهێنن.

شەڤگەر ئەوەشی خستەڕوو کە لە رۆژئاوا، باشور، باکور و رۆژهەڵات هێرشی دژوار و گەورە ئەنجام دەدرێن و وتی، "ئێمە بە ئازایەتی و بڕوایەکی گەورەوە لە بەرامبەر ئەو هێرشە دژوارانە خۆراگری دەکەین و بەردەوام دەبین لە بەرخودان".

شیار شەڤگەر سەرهەڵدانی ساڵی رابردووی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' ئەنجامدرا و لە جیهاندا دەنگی دایەوە، بە بیرهێنایەوە و وتی، "گەلەکەمان لەگەڵ گەلانی بەلوچ، ئازەری، فارس و عەرەب لە دژی ستەم و زۆرداری رژێم تێکۆشانێکی هاوبەشیان بەڕێوەبرد. لە تێکۆشانەکەدا کە گەلەکەمان بە هزر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ تیایدا بەشداربوو زۆر قوربانی درا".

ئێمە بە گوێرەی ئاگربەست دەجوڵێنەوە دەبێت دەوڵەتی ئێرانیش بەو جۆرە بجوڵێتەوە

شەڤگەر ئەوەشی خستەڕوو کە لە چوارچێوەی ئاگربەستدا دەجوڵێنەوە و وتی، "ئێمە بە گوێرەی ئاگربەستەکە دەجوڵێینەوە، دەبێت دەوڵەتی ئێرانیش بەو جۆرە بجوڵێتەوە و مامەڵە بکات. ئێمە لەپێناو وڵات، گەلەکەمان و گەلانی بندەست تێدەکۆشین و هێزێکی بەرگرین. ئێمە لایەنگری دیالۆگ و چارسەرین، ئێمە لایەنگری شەڕ نین. بەڵام ئەگەر هێرش بکرێتە سەر گەلەکەمان ئێمە وەڵامی ئەوە دەدەینەوە".

شەرڤگەر داوای لە دەوڵەتی ئێران کرد کە 'نەکەوێتە داوی دەوڵەتی تورک'. و رایگەیاند کە هێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە ماوەی رابردوودا هێرشیان کردووەتە سەر مەریوان و وتی، "هەروەها لە کۆساڵانیش هەندێک هێرشیان ئەنجامداوە. نیازی ئەوەیان هەیە کە لە سەر چەند گرد و شاخی ئەوێ جێگیر ببن. بەڵام نابێت ئەوە لە بیر بکەن؛ ئێمە گەریلاین و لە هەموو شوێنێکی کوردستانین. بە گوێرەی ئەوان ئەگەر هەندێک گرد و شوێن بەدەستبهێنن، گەریلا ئیتر ناتوانێت لەوێ بمێنێتەوە. دەستبەسەرداگرتنی ئەو شاخانە هەڵەیە، دەبێت دەوڵەتی فاشیست و کۆلۆنیالیستی ئێران ئاگربەست وەک دەرفەتێک نەقۆزێتەوە. ئێستا هەڤاڵانمان دانیان بە خۆیاندا گرتووە کە هێرش نەکەن".

لە گۆڕەپانەکانی گەریلا دوور بکەونەوە

یەک لە فەرماندەکانی یەرەکە شیار شەڤگەر ئەوەشی خستەڕوو کە لە ماوەی رابردوودا سیاسەتی چەپەڵ گیراوەتەبەر و هەوڵ دراوە هەندێک راستی پێچەوانە بکرێن و سەرنجی بۆ سەر ئەو بابەتانە راکێشا: " بە جۆرە دەڵێن؛ 'لە دژی دەوڵەتی ئێران شەڕ مەکەن'. ئێمەش هەوڵ دەدەین کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکەین. بەڵام هەندێک هێزی هەرێمی بە گرتنەبەری سیاسەتێکی چەپەڵ هەوڵ دەدەن گەل بەرامبەر بە ئێمە سارد بکەنەوە. لەبەر ئەوە دەبێت گەلەکەمان بەرامبەر بەو سیاسەتە وشیار و هەستیار بن".

شەڤگەر راشیگەیاند کە دەبێت گەلی کورد لەو شوێنانەی دوژمن دەیەوێت تیایاندا جێگیر ببێت هەڵوێستی خۆیان دەرببڕن و بکەوێتە جوڵە و داوای لە هێزە ملیشیاکانی بەسیجی دەوڵەتی ئێران و هێزە هاوکارەکانی دەوڵەت لە ناوچەکە کرد و وتی، "لە گۆڕەپانەکانی گەریلا دووربکەونەوە، زیان بە تێکۆشانی ئازادی مەگەیەنن و شوێنپێی گەریلا هەڵمەگرن".

شەهید ئەرداڵ ئامەد هێمای بەرخودان بوو

فەرماندەی یەرەکە شیار شەڤگەر گەریلای ئازادی ئەرداڵ ئامەد (حەسەن محەمەدی) بە بیرهێایەوە، کە لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەی بێ فرۆکەوان لە چیای ئاسۆس لە دەوروبەری گوندی گەڵاڵە لە ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٣دا شەهیدبوو. شەڤگەر بە بیری هێنایەوە کە ئەرداڵ ئامەد لە ساڵی ٢٠١٣دا لە مەریوانەوە بەشداری لە بزوتنەوەی ئازادیدا کرد و بەم جۆرە درێژەی پێدا: "هاوڕێ ئەرداڵ کە پێشتر وڵاتپارێزێکی کورد بوو، لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە بە دیل گیرا و سەرباری ئەشکەنجەی دژوار یەک وشەشی نەدرکاند و دوای ئازادبوونی هاتە ریزەکانی پەژاکەوە. هاوڕێ ئەرداڵ هێمای بەرخودان لە دژی فاشیزم بوو. ئێمە بەڵێن دەدەین کە بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ئەو گوڕ بە تێکۆشان بدەین. گەنجانی مەریوانیش بۆ پاراستنی ئەم میراتەی تێکۆشان دەبێت لەسەر رێبازی ئەو برۆن و نەهێڵن چەکەکەی لەسەر زەوی بکەوێت".

هـ . ب