یەرەکە لە بارەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کۆساڵان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

یەرەکە زانیاری لەبارەی دوایین دۆخی کۆساڵان و هێرشەکانی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر ئەو ناوچەیەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، چەند جارێک پێکدادان هاتووەتە ئاراوە، بەڵام تائێستا هیچ زیانێک بەر هێزەکانیان نەکەوتووە.

فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "دەوڵەتی داگیرکەری ئێران کە لە ١٢ی حوزەیرانەوە دەستی بە هێرش کردووە بۆ سەر هەرێمی کۆساڵان، تائێستاس بەردەوامە لەو هێرشە".

ئاماژەی بەوەشکردووە: "سەرباری ئەوەش کە ئێمە لە قۆناغی بێچالاکیداین، هێزە داگیرکەرەکانی ئێران بەسەدان سەرباز، بە دەیان ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و لە رێگەی راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆی مەدەنییەکان لە کۆساڵان هێرش دەکاتە سەر هێزەکانمان".

یەرەکە روونیشیکردووەتەوە، "دوژمن بە کاتیوشا، هاوەن و دۆشکا ماوە ماوە بۆردومان  و گولـلەباران دەکات. هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران کاتێک دەیانویست هێرش بکەنە سەر هێزەکانمان، ١٣ی حوزەیران کاتژمێر ١٥:٠٠ و ١٤ی حوزەیران کاتژمێر لە نێوان ٠٥:٠٠ی بەرەبەیانی تا ١٦:٠٠ چەند پێکدادانێکی جیا هاتە ئاراوە".

ئاشکراشی کردووە، "لەو پێکدادانانەدا هێزەکانمان بە مەبەستی خۆپاراستن بەرپەرچیان دەدەنەوە و دوژمن کوژراو و برینداری هەیە. لەو تێکهەڵچوونانەدا هیچ زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوتووە، بەڵام سروشتی چیای کۆساڵان زیانی گەورەی بەرکەوتووە و کاریگەری نەرێنیس لەسەر ژیانی خەڵکی هەورامان دروست بووە".

هـ . ب