یەرەکە: ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئێران بۆ سەر کۆساڵان بەردەوامە

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئێران کە ١٢ ی حوزەیران لە کۆساڵان دەستیپێکرد، هێشتا بەردەوامە و زەوی و دارستانەکان سوتاون و هێزەکانی ئێران ڕێگە بە کوژاندنەوەی نادەن.

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئێران بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکان بەردەوامە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی یەرەکەدا هاتووە:

" ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئێران کە ١٢ ی حوزەیران لە کۆساڵان دەستیپێکرد، هێشتا بەردەوامە. هەرێمەکە ناو بە ناو بۆردومان دەکرێت. زەوییەکان دەسوتێن و چوون بۆ شوێنی سوتانەکە قەدەغەکراوە. گەل نیگەران بووە و قەدەغەکردنی هاتوچۆ کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی خەڵک هەیە.

بەهۆی هەنگاوی ئۆپەراسیۆنی کۆساڵانەوە، گوندەکانی چۆر و نەنە لە ١٣ ی حوزەیران، سەردۆش و نەی بەردەڕەش لە مەریوان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بۆردومان کراون. بەهۆیەوە ئاگر لە زەوییەکان بەربووە. خەڵکی ناوچەکە ویستیان بەخێرای ئاگرەکە بکوژێننەوە، بەڵام هێزەکانی ئێران ڕێگریان لێ کردن. بۆیە ڕووبەرێکی زۆر لە دارستان و زەوی سوتان".