ئەرزینجان: گەلەکەمان دەتوانێت خۆی برینەکانی ساڕێژ بکات - نوێکرایەوە-

ئەندامی بەڕێوەبەری کەژەکە بەسێ ئەرزینجان رایگەیاند، کە دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە بە ئەنقەست خەڵکی لە ژێر داروپەردوودا هێشتەوە و وتی، "گەلەکەمان بە بێ ئەوەی چاوەڕوانی دەوڵەت بێت، بە رێکخستنی خۆی دەتوانێت بەسەر هەموو کارەساتێکدا زاڵ بێت".

 

ئەندامی بەڕێوەبەری کەژەکە بەسێ ئەرزینجان سەبارەت بە کارەساتی بومەلەرزە وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی دایەوە.

ئێوە کارەساتی بومەلەرزە لە کوردستان و تابلۆکەی دوای بومەلەرزە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ئەم بومەلەرزەیە کاریگەری کردەسەر بازارجخ، ئەلبیستان، مەرەش، مەلەتی، سەمسور، ئانتاکیا، ئامەد، شەهبا، حەڵەب، ئیدلب، لازقیە و زۆر شاری دیکەی تورکیا و باکور-رۆژهەڵاتی سوریا. بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان سەدان هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیکەی زۆریش برینداربوون. ئەم بومەلەرزەیە وەک کارەساتی بومەلەرزەی سەدە پێناسە دەکرێت. قوربانی، کۆچبەری و وێرانکاری بە هۆی ئەم بومەلەرزەیەوە روویدا کاریگەری قورسی کردە سەر مرۆڤایەتی، گەلەکەمان و دۆستانمان و هەموومان. سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیان دەکەین و هیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.

بەم بومەلەرزە دژوارەوە راستی دەسەڵاتداری و دەوڵەت لە تورکیا بە بەرجستەیی دەرکەوت. کۆڵەکەی سەرەکی دامەزراندنی کۆماری تورکیا پشتی بە سیاسەتی بە تورککردن و سوننی کردنی ئەرمنی، کورد و هەموو گەل و ئایینەکان بەستبوو. ئەو مێشکە تاکپەرست، نەتەوەپەرست، ئایین پەرست و رەگەزپەرستەی دەوڵەت ئەمڕۆش بە بەرگی ئیسلامی سیاسی بە دەسەڵاتداری ئاکەپە بە توندی گەیشتووە بەرزترین ئاست. وەک حکومەتی شەڕی تایبەت هاتووەتە سەر کۆمەڵگای تورکیا. ئیتر هەموو کەس دەزانێت کە بە سەرکردەیی ئەردۆغانی فاشیست هەوڵ دەدرێت کە ئاناتۆلی و مێزۆپۆتامیا بکەنە تورک. سیاسەتی پێشووی داگیرکەری عوسمانی بەرفراوان بکەن.

هەربۆیە دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە لەبەر ئەوەی خۆی لەسەر دوژمنایەتی گەلان، ژنان، ئایینە جیاجیاکان دامەزراندووە، وەک بنەمایەکی هەبوونی خۆی، بە مافی خۆی دەزانێت کە لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە و بە هەموو جۆرە کردەوەیەکی چەپەڵ ئەنجام بدات. لەبەر ئەوە کارەساتی کۆمەڵایەتی چەندەش دژواربن، لە سیاسەتی قڕکردن، نکۆڵی و سڕینەوەدا هەرگیز سازش ناکات. کاربەدەستانی دەوڵەت ئێستا بە ساختەکاری و دوورووییەکی گەورەوە دەڵێن کە کارەساتی بومەلەرزە قەدەر و چارەنوسە. ئەمە لەکاتێکدایە چارەنوس نییە. ئەوەی مرۆڤ دەکوژێت چارەنوس نییە. سیاسەتی دوژمنایەتیکردن بەرامبەر بە گەلان، دزی و گەندەڵی حکومەتی ئاکەپەیە. حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە بە نەتەوەپەرستی فاشیست لەلایەکەوە کۆمەڵگا پارچەپارچە دەکەن و لەبەرامبەر یەک بەکاریان دەهێنن، لەلایەکی دیکەشەوە بە نەتەوەپەرستی قورس داوا لە کۆمەڵگا دەکەن کە چاو بەسەر سیاسەتی قڕکردن لە دژی کورداندا بنوقێنن. بە دوژمنایەتی لەگەڵ کورد دەیەوێت دەسەڵاتداری خۆی بە هەمیشەیی بکات.

هەربۆیە دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە کە مرۆڤایەتی سودی لێنەبینیوە، بە سیاسەتی بەرژەوەندی پەرستانەی خۆی، سامانی خۆی زیاتر دەکات، لە بەرزترین ئاستدا کۆمەڵگا تاڵان دەکات. ئابووری بەرژەوەندی و بەرتیل کە پشتی بە شەڕ بەستووە و بەدەست کۆمەڵێک پیاوی باڵادەستەوەیە زیاتر کراوە، کۆمەڵگاش زیاتر هەژار بووە.

لەم بومەلەرزەی ئەم دواییەدا لە باکوری کوردستان، دەسەڵاتداری ئاکەپە – مەهەپە بە ئەنقەست لە رۆژی یەکەمەوە دەستوەردانی لە شوێنی رووداوەکە نەکرد. سەرباری ئەوەی یەکەم سات و رۆژەکانی کاتی بومەلەرزە زۆر گرنگە، هیچ شتێک نەکرا. تواناکانی دەوڵەت بە هیچ جۆرێک لە ناوچەکانی بومەلەرزە نەخرانەکار. لەبەر ئەوەی ئەو ناوچانەی بە هۆی بومەلەرزەوە هەژان ناوچەی نیشتەجێبوونی کورد، عەرەب و عەلەوییەکانە و زۆرینەی دانیشتوانەکەی گەلی ئێمەن. گەلەکەمان بە ئەنقەست لە ژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکاندا هێڵرانەوە.

هەموو کەس باش دەزانێت کە ناوچەکە لە سەر هێڵی بومەلەرزەیە. بومەلەرزە لە رووداوە سروشتییەکانە. ئاستی ئەو تەکنەلۆژیایەی کە مرۆڤ پێیگەیشتووە گەیشتووەتە ئەو خاڵەی کە رێگری لە مردن بە هۆی کارەساتی سروشتی بگرێت. نمونەی ئەوە لە وڵاتانی وەک ژاپۆن هەیە، کە بومەلەرزە لەو وڵاتە لەوانەی باکوری کوردستان بەهێزترە. سەرباری ئەوەش ژمارەی مردن و بریندار کەمن. دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە هەم بە سیاسەتی بیناسازی و قەیوومی بەر لە بومەلەرزە و هەمیش بە سیاسەتی کەمی هاوکاری دوای بومەلەرزە ئۆباڵی مردنی سەدان هەزار کەسی لە ئەستۆیە.

ئێوە هەڵوێستی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە دوای بومەلەرزە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

دەسەڵاتداری فاشیست نەک هەر لە مردنەکانی دوای بوومەلەرزە، بەڵکوو بەرپرسیارە بەرامبەر بە کۆمەڵکوژی دوای بومەلەرزە. هاوکات ئەو منداڵانەی کەسیان نەماوە دەیانڕفێنێت، رادەستی تەریقەتەکانیان دەکات، رادەستی دامەزراوەکانی دەوڵەتیان دەکات، ئەو هاوکارییەشی رەوانە دەکرێت ئاستەنگی بۆ دروست دەکرێت. بە گومان و بە رقەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو مرۆڤانە دەکات کە بەهانای لێقەوماوانی بومەلەرزەوە دەچن، ئەشکەنجەیان دەدات و هەوڵ دەدات ئەوان لە هاوکاری پاشگەز بکاتەوە. دەیەوێت لە مەرەش، سەمسور و هاتای گەلی کورد، عەرەبی عەلەوی دەستبەرداری ماڵوحاڵیان ببن و کۆچبەر بن، هەوبۆیە دەوڵەت لە بری هاوکاریکردنی لێقەوماوانی بومەلەرزە، کۆمەڵکوژییەکەی دژوارتر کردووە. بۆ ئەوەی کاریگەری قورس بکاتە سەر کۆمەڵگا بە سیاسەتی ئاشکرا و شاراوەی خۆی هەموو شتێک دەکات.

لە تورکیا دەوڵەت لەبەرامبەر گەلەکەمان و تەواوی کۆمەڵگا هێندەی دەسەڵاتی ئاکەپە دوژمنایەتی نەکردووە. حکومەتی ئەردۆغانی فاشیست لە بەئازارترین، قورسترین و قڕکاریترین ساتەکانی گەلانی تورکیادا بەدوای لێپێچینەوە و لێکدانەوە بچووکی بەرژەوەندییەکانیەوەیەتی. ئەمە شوێنی گەیشتنە کۆتایی مرۆڤایەتیە. کاتێک مرۆڤەکان بە هۆی سەرما و برسێتیەوە دەمرن، نەک کۆمەڵگا بەڵکوو بیر لە خۆی و لایەنگرانی دەکاتەوە. ئەمەش دەریدەخات کە ئاکەپە چەندە خاوەنی هەڵوێستێکی بێ رەوشتانەیە.

دەسەڵاتداری ئەردۆغان لەسەرەتای دەسەڵاتداری خۆیەوە تائێستا ستەمکارانەترین سیاسەت بەرامبەر بە کۆمەڵگا پەیڕەو دەکات. بۆ نمونە بەر لەم بومەلەرزەیە زۆر جار لێخۆشبوونی بۆ وەبەرهێنەران دەرکرد. هەزاران بەڵێندەر سەرباری ئەوەی هەموو جۆرە لادان و پێشێلکارییەکیشیان کردووە سزا نەدران. تورکیا بووە شوێنی درۆ، ساختەکاری، مافیا، کردەوەی نایاسایی و بەڕێوەبردنی هەڕەمەکی. لەم دواییەدا لە شارەوانییەکانی باکوری کوردستان بە شێوەیەکی نایاسایی، نادادپەروەرانە قەیوم داندران، ئەوەش دەریدەخات کە چۆن دەیەوت بە چاوچنۆکی و ملهوڕی کۆمەڵگا بێ ئیرادە بکات.

هەربۆیە چاوەڕانی لە خوێنڕێژترین و فاشیستترین حکومەتی مێژووی تورکیا، واتە لە دەسەڵاتداری ئاکەپە بۆ ئەوەی هاوکاری گەلانی تورکیا، کورد، عەرەب، عەلەوی و ژنان بکات چاوەڕوانییەکی ساویلکانەیە. نابێت لەبیر بکرێت کە کردەوەکانی حکومەتێک بەر لەئێستا بەڵگەیە لەسەر کردەوەکانی ئێستا و داهاتووی.

حکومەتی ئاکەپە بە سیاسەتی فاشیستیانە، کۆلۆنیالیستیانە لە هەموو روویەکەوە تورکیای خستووەتە ناو داڕوخانێکی گەورە، خستوویەتیە ناو مەرگەساتەوە. سەرباری ئەوەی پسپۆڕان ئەوەیان پێشبینی کردبوو کە بوومەلەرزە روودەدات، هیچ رێوشوێنێک نەگیرایەبەر. حکومەتی ئەردۆغانی فاشیست هەر رێوشوێنی نەگرتەبەر و ئامادەکاری نەکرد، هەمیش رێگەی نەدا کە کۆمەڵگا بە داینەمۆکانی خۆی، بە رێکخستنی کۆمەڵایەتی مەدەنی و پارتە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەکان هاوکاری بگەیەنێت. بەم جۆرە وایکرد کە کۆمەڵکوژی بە هۆ بومەلەرزەوە دژوارتر بێت. لەبەر ئەوە سەرکێشەکانی دەسەڵاتداری ئاکەپەی فاشیست ئەردۆغان، باخچەلی، سۆیلو و وەزیرانی دیکە دەبێت دەستبەجێ دەستلەکاربکێشنەوە. بەڵام وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت، بەبێ ئەوەی تەریق ببنەوە و لە ڕووبچن لێدوان دەدەن و لەسەرووی ئەوەشەوە هەڵدەستن و ئۆپۆزسیۆن تۆمەتبار دەکەن. بەم بومەلەرزەیە، بەلێکەوتەکانی رووی ستەمکارانە و چەپەڵی حکومەتی ئاکەپە زیاتر ئاشکرا بوو. گەلانی تورکیا و ژنان لە هەڵبژاردندا وەڵامی پێویست بە حکومەتی فاشیست دەدەنەوە. ئاکەپەش وەک بومەلەرزە لە ژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکاندا دەمێنێتەوە و دەیدۆڕێنێت.

'ئەرکێکی وڵاتپارێزی کە هەموومان پێکەوە بین'

بزووتنەوەکەتان لەم قۆناغەدا بڕیاریداوە کە چالاکیەکان بوەستێنێت. گەلی کوردیش کاروباری پشتگیری بەڕێوەبرد. لەمبارەیەوە بۆچوونتان چییە؟

لەگەڵ ڕوودانی بوومەلەرزەکە هاوسەرۆکایەتی کەجەکە داوای لە هێزەکانی هەپەگە و یەژەئاستار کرد لەم کاتەدا چالاکی ئەنجام نەدەن، تەنیا لە کاتی هێرشکردندا وەڵام بدەنەوە. لەسەر ئەم بنەمایە هێزەکانی هەپەگە و یەژەئاستار ڕێبازی ڕاگرتنی چالاکییەکان لەم پرۆسەی پڕ ئازارەی گەلەکەماندا قبوڵ کرد . هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە کاتی خۆیدا ئەم هەڵوێستە مرۆڤی و هێژای ئەنجامدا. لە دژی ئەم هەڵوێستە، حکومەتی ئاکەپە بە چەکی کیمیایی قەدەغەکراو لە زاپ و ئاڤاشین بەردەوامی بە هێرشکردنە سەر گەریلادا. لە کاتی بوومەلەرزەکەدا هێرشەکانی چڕتر کردەوە. بەم شێوەیە ڕووخساری بێویژدان و دژە مرۆیی خۆی بە جیهان ناساند. بێگۆمان لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا، گەریلا و گەلەکەمان لە هەموو هەلومەرجێکدا بە شێوەیەکی کاریگەر بەرگری لە خۆیان دەکەن.

ئێوە لەبارەی کەمپەینی پشتگیری بە پێشەنگایەتی ژنان دەتوانن چی بڵێن؟

لە لایەکی ترەوە هەڵوێستی ئیمان و برایەتی و دۆستایەتی گەلی کورد و ژنان و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بیروباوەڕیان بەرامبەر بە بوومەلەرزەکە، هاوکاریکردنی خەڵک لە ناوچە بوومەلەرزەکان نموونەیەک بوو بۆ هەموو جیهان. سەرەتا خەڵکی بۆتانمان، لە زۆر ناوچەی کوردستان و تورکیاوە، لە ئەوروپاوە هاوکارییان رەوانەکرد. خەڵک دەچوونە ناوچە بوومەلەرزەییەکان، کاریان دەکرد، و بە ماندووبوون و رەنجێکی زۆر، یەکگرتوویی گەلی کورد، هەستی برایەتی، خۆشەویستی و ڕێز، مۆڕاڵ و پاڵنەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر بوو و ئەمەش وایکرد گەلەکەمان لە ناوچەی بوومەلەرزە زیاتر بەرخۆدان دەکات و لەسەر پێی خۆی بمێنێتەوە. ژنان نموونەییترین هەڵوێستیان لە بەرامبەر ئەم بوومەلەرزەیەدا نیشان دا. گەلەکەمان بە پێشەنگایەتی هەدەپە و تەژەئا لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان بوو، لەگەڵ گەلەکەمان جێی خۆیان گرت و هەوڵیدا برینەکانی بوومەلەرزەلێدراوان ساڕێژ بکەن. زۆرێک لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە تورکیاوە لەگەڵ گەلەکەمان بەشداریان کرد. ژنان بە خۆبەخش دەچوونە ناوچەی بوومەلەرزەکە، لەسەر ئەو بنەمایە رێکخستنەکەیان بنیاتنا و پێشەنگایەتی کۆمەڵگایان کرد. کاروانی هاوکاری لە باشووری کوردستانەوە بۆ باکووری کوردستان و لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە بۆ شەهبا ڕەوانە کران. گەلەکەمان لە ئەوروپا هەر لە سەرەتاوە بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی هاوکاری پێشکەش کرد. گەلەکەمان و دۆستەکانمان، هەروەها دەزگاکانی فریاگوزاری لە وڵاتانی جیاوازەوە، هاوکاری خۆیان رەوانە کرد و گەلەکەمانیان بە تەنیا لە ناوچەی بوومەلەرزەکەدا جێنەهێشت.

بەم بۆنەیەوە سڵاوی و رێزی خۆمان بۆ گەلەکەمان لە بازارجخ، سەمسور، مەلەتی، هاتای، حەلەب، شەهبا و گەلەکەمان، ژنان و هەموو ئەو کەسانە دەنێرم کە هاوکاریان بۆ هەرێمە زیانلێکەتەووەکان ناردووە و خاوەنداریان کردووە. بێگۆمان هەڵوێستێکی راستی، ئەخلاقی، ویژدانی مرۆییە کە لە رۆژە زەحمەتەکاندا هاوکاری یەکدی بکەین، پێکەوە بین، ئازاری یەکدی هەڵبگرین و وڵامی پیداویستیەکان بدەینەوە. ئەرکێکی وڵاتپارێزیە. هەڵوێستێکی ئازادیپارێزی و کۆمەڵایەتیپارێزیە.

ئەگەر ئازاری بوومەلەرزەکە زۆر سەختیش بێت، بە هاوکاری، پاڵپشتی، دراوسێیەتی قووڵ، دۆستایەتی و هەستی یەکگرتوویی دەتوانرێت سەختیەکان تێپەڕێندریت. ئازارەکانمان چەندە گەورە بن، دەتوانین هێز بە یەکتر بدەین و قورسایی ئەم کارەساتە سووک بکەین. لەسەر ئەم بنەمایە، داوا لە گەلەکەمان و ژنان و گەلان دەکەین، زیاتر لەوەی تا ئێستا کردوویانە، هاوکاری گەلەکەمان بکەین لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان بە شێوەیەکی رێکخستن، لەگەڵیانبن.

گەورەترین هێز هێزی مەعنەویە کە کۆمەڵگا کۆدەکاتەوە. بەم هێزە مەعنەویە، کەموکوڕییە مادییەکان هەنگاو بە هەنگاو چارەسەر دەکرێن. هەر ئەم مەعنەویەتەیە کە هێز دەدات بە مرۆڤەکان بۆ ئەوەی لە بەرامبەر ئەم سەختییانە بوەستنەوە و هەستنەوە سەرپێ. واتە بە بڕوای ئێمە هێزی کۆمەڵگا تاکە هێز و جەوهەرە کە دەتوانێت بەسەر هەموو جۆرە سەختییەکدا زاڵ بێت. ئەم ڕۆژە سەخت و ناهەموارانە دەکرێت لەلایەن کۆمەڵگاوە بە سەرکردایەتی ژنان و بە پشتگیری گەلەکەمان و گەلان تێپەڕێنرێت.

گەلەکەمان، بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی هیچ شتێک لە دەوڵەت بکات، دەتوانێت بە رێکخستن لە هەموو جۆرە کارەساتێک دەربازی ببێت. دەتوانێت برینەکای چارەسەر بکات، ئازارەکان کەم بکاتەوە.

' پێویستە گەلەکەمان خاکەکەی جێنەهێڵێت'

هەڵسەنگاندنتان بۆ هەوڵەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە بۆ چۆڵکردنی هەرێمە زیانلێکەوتووانی بومەلەرزە چییە؟

لە لایەکی ترەوە سیاسەتی تەتریکردنی ڕۆژئاوای فورات کە زیاتر بازارجز، سەمسور و هاتای دەگریتەوە لەسەر بناغەی پلانی شارک ئیسلاح (چاکسازی رۆژهەڵات) دەیانەویت جێبەجێ بکرێت. ئێستا بە بیانووی بوومەلەرزەکە هەوڵی جێبەجێکردنی دەدەن. بە بیانووی بوومەلەرزە هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان دەدەن. کۆچکردن بەسەر گەلەکەماندا سەپێنراوە. دەیانەوێت عەرەب لە ئەنتاکیا دەربکەن، کوردیش لە سەمسور و مەرەش دەربکەن. هەوڵ دەدەن ئەو ناوچانە بکەنە شاری تورکیا. پێویستە گەلەکەمان لەم سیاسەتانە تێبگات و هەرگیز خاکی خۆی بەجێ نەهێڵێت. ناچارن ماڵەکانیان، گەڕەکەکانیان، شارەکانیان ئاوەدان بکەنەوە. ئەوانەی ناچار بوون شار و گوندەکانیان بەجێبهێڵن، دەبێ بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. لەسەر ئەم بنەمایە داوا لە گەلەکەمان دەکەین خاوەنداری لە شار و گوندەکانیان بکەن.

هەروەها حکومەت دوای بومەلەرزەکە بە سەدان منداڵی بێدایک و باوکی لە کۆمەڵگا دابڕان و دەستی بەسەردا گرت.  دەوڵەت ئەو منداڵانە، دەکاتە سەرباز، کارمەند، سیخوڕ و لەبەرامبەر گەلەکەیان بەکاریان دەهێنێت. دەوڵەتی تورک خاوەن نەریتێکی کۆنی لەو شێوەیەیە. دوای هێرشی دێرسیم، هەزاران منداڵ بەم شێوەیە بەکارهێنران. قێزەونترین شێوەی تواندنەوە، قڕکردنیان لەبەرامبەر ئەو منداڵانە بەکارهێنا.

گەلەکەمان، پارتە سیاسیەکان، دەزگا و رێکخستنە کۆمەڵایەتیە مەدەنیەکان پێویستە بە تەئکیدی چاودێری ئەم بابەتە بکەن. پێویستە منداڵان رادەستی کۆمەڵگاکانیان بکرێنەوە. خانەوادەکان کە زیانیان بەرکەوتووە، پێویستە خاوەنداری لە یەکدی بکەن، خاوەنداری لە منداڵانیان بکەن. پێویستە بە تەنیا منداڵێکیش رادەستی دەوڵەت نەکەن. بۆیەش پێویستە زۆر کار بکەن، لێکۆلینەوە بکەن و رۆژانە باسی بکەن. دەزگاکانی ژنان، دەزگا یاساییەکان، کۆمەڵگە پێویستە تێبکۆشێت. بۆیەش بۆ ئەو منداڵانە پێویستە تێکۆشانێکی زۆر بەهێز ئەنجام بدرێت.

لەسەر ئەم بناغەیە ئێمە لە هەموو کات و شوێنێک، لەگەڵ گەلەکەمان، لەگەڵ گەلان و ژنانداین.

حکومەتی فاشیستی ئاکەپە – مەهەپە بەهۆی ئەم کارەساتەی بومەلەرزە، بەهۆی ئەم کۆمەڵکوژیە کە بووەتە هۆکاری کۆمەڵکوژیەکە پێویستە حساب بدات. گەلانی تورکیا، ژنان حساب لە فاشیزمی قڕکەر دەپرسن و دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپەی فاشیست تاوەکو هەتا هەتایە لەناو دەبەن.

ف.ق \ ‌هـ.ب