ئێشکگرییەکان لەپێناو دادپەروەری بەردەوامن: پەرە بە چالاکیەکان دەدەین و گۆشەگیری تێکدەشکێنین

ئەو دایکانەی بەشدارییان لە ئێشکگرییەکانی دادپەروەریدا کردووە باس لەوە دەکەن کە بۆ ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، دەبێت گۆشەگیری هەڵبگیرێت و بۆ فراوانکردن و خاوەنداری لە چالاکیەکەیان بانگەوازیان راگەیاند.

لەپێناو ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد لە چەندین شار کەسوکاری زیندانیان دەستیان بە چالاکی ئێشکگریی دادپەروەری کردووە.

لە ئامەد لە بینای رێکخستنی دەم پارتی ئێشکگرییەکە بەردەوامە و بەشداربووانی ئێشکگریی دادپەروەری سیستمی گۆشەگیری لە ئیمراڵی شەرمەزار دەکەن و داواکارن کە گۆشەگیری هەڵبگیرێت و ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان مسۆگەر بکرێت.

ئێمە داوای ئاشتی و دادپەروەری دەکەین

عەفیفە کارتاڵ دایکی محەمەد کارتاڵ کە لە زیندانی جۆری ئەی ئانتالیا زیندانییە رایگەیاند: "هەفتەی رابردوو چوومە سەردانی کوڕەکەم، ورەی بەرزبوو، بەڵام بەداخەوە بەڕێوەبەرایەتی زیندانەکە ستەم و زۆردارییان بەرامبەر دەکەن. کوڕەکەم لەماوەی ١٠ رۆژ مانگرتن لە خواردندا ٦ کیلۆگرام لە کێشی لەدەستداوە. بەڕێوەبەرایەتی زیندان رێنماییەکانی تایبەت بە زیندانیانی مانگرتوو جێبەجێ ناکات. ئاو و خوێ بە زیندانیان نادات. ئێمە داوای دادپەروەری دەکەین. ئێمە وەک دایکان دادپەروەریمان دەوێت. داواکارین رێبەر ئاپۆ بتوانێت لەگەڵ پارێزەران و بنەماڵەکەی دیدار بکات. داوای شکاندنی گۆشەگیری سەر رێبەرمان دەکەین. ئەگەر گۆشەگیری سەر رێبەر ئاپۆ بشکێندرێت، ئەو کاتە گۆشەگیری سەر منداڵەکانیشمان هەڵدەگیرێت. ئێمە تەنیا داوای دادپەروەری و ئاشتی دەکەین. تا مانگرتن لە خواردنی رۆڵەکانمان بەردەوام بێت ئێمەس درێژە بە ئێشکگریی دادپەروەری دەکەین. وەرن پێکەوە چالاکیەکە فراوان بکەین".

ئێمە ئەم ستەمە قەبوڵ ناکەین

زەکیە یڵمازیش بۆ پشتیوانی لە ئێشکگرییەکە بانگەوازی راگەیاند و وتی، "دەمانەوێت ئەم ئەشکەنجەیەی لە تورکیا هەیە کۆتایی پێبهێنرێت. دەڵێن لەم وڵاتەدا دادپەروەری هەیە، بەڵام ئێمە دادپەروەری نابینین. دەمانەوێت رۆڵەکانیشمان لە مافی زیندانیان سودمەند بن. بە یاسای دوژمنکارانە مامەڵە لەگەڵ رۆڵەکانمان دەکەن. رۆڵەکانمان لە زیندان رووبەڕووی ئەشکەنجە و ستەمکاری دەبنەوە. ئێمەی دایک کاتێک منداڵەکانمان لەو دۆخەدا دەبینین جەرگمان ژان دەکات. رۆڵەکانمان بە ناڕەوا زیندانی کراون. ئێمە دایکین و درێژە بە تێکۆشانی خۆمان دەدەین و ئەو ستەمە قەبوڵ ناکەین. بۆ ئەوەی پشتیوانی لە بەرخودانی رۆڵەکانمان بکەین ئێمە لێرەین. تا وەڵامی داواکاری رۆڵەکانمان دەدرێتەوە ئێمە لێرەدەبین و دەست لە ئێشکگریی دادپەروەری هەڵناگرین".

گۆشەگیری لە دژی مرۆڤایەتیە

فاتممە ئاداک باسی لەوەکرد کە گۆشەگیری لە دژی مرۆڤایەتیە، دەبێت هەڵبگیرێت و رایگەیاند: "رێبەر ئاپۆ لەمرۆدا گۆشەگیرکراوە، ئێمە ئەوە شەرمەزار دەکەین. زیندانیانی سیاسی گۆشەگیرکراون، ئێمە ئەو ئەقڵیەتە شەرمەزار دەکەین. ئێمە داوادەکەین گۆشەگیر سەر رێبەرمان و رۆڵەکانمان هەڵبگیرێت. بۆ ئەوەی پشتیوانی لە رۆڵەکانمان بکەین ئێمە لێرەین. داواکاریمان لەگەلەکەمان ئەوەیە کە پشتیوانی لە تێکۆشانی ئێمە بکەن. ئەوەی دەوڵەت بەرامبەر بە ئێمەی دەکات ستەمە، ئێمە ئەو ستەمە قەبوڵ ناکەین. دەبێت گەلی کورد خاوەنداری لە رێبەر و ئیرادەی خۆی بکات. بڕوام هەیە کە تێکۆشانمان سەردەکەوێت".

ئێمە درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین

فاتمە چاگریش دەستنیشانی کرد کە گۆشەگیری لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەبێت دەستبەجێ هەڵبگیرێت و وتی، "بۆ ئەوەی گۆشەگیری لە زیندانەکان هەڵبگیرێت ئێمە لێرەین. وەک دایک ئێمە لەوپێناوەدا کۆبووینەوە. رۆڵەکانمان لە زیندان لەپێناو رێبەر ئاپۆدا دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە. بۆ ئەوەی پشتیوانی لەوان بکەین ئێمە هاتووینەتە ئێرە. رۆڵەکانمان لە زینداندان، ئێمەش لە دەرەوەی زیندان درێژە بە تێکۆشان دەدەین".

هـ . ب