ئەو پۆلیسانەی مناڵێکی کوردیان ئەشکەنجەدا ئازادکران

حکومەتی تورک ئەو سێ پۆلیسەی ئازادکرد کە مناڵێکی کوردی ١٤ ساڵیان ئەشکەنجەدا لە شارۆچکەی لجێ لە شاری ئامەدی کوردستان.

مناڵێک بەناوی (ی. د.) لە شارۆچکەی لجێ، لە ٢١ ئازار لەگەڵ هاوڕێ تەمەن ١٠ ساڵەکەدا پیاسەیان دەکرد و لەلایەن پۆلیسی تورکەوە ڕفێنرا، بەشێوەی دڕندانە ئەشکەنجەدرا، دەست و پێی بەسترابووە، ئەم پۆلیسانە فشاریان کردە سەر مناڵەکە و ناچاریان کرد بڵێت "من تورکم" و سوکایەتی بە گەلی کورد بکات، پاشان هەڕەشەی کوشتنی لێ کرا تا سروودی تورکی بڵێتەوە.

پاش ئەشکەنجەدانی، بەشێوەیەکی دڕندانە، دەست و پێیان بەستەوە و فڕییاندایە زەلکاوێکی نزیک ڕووبارێک. لە شەودا گوندنشینان بە دەستبەستراوی مناڵەکەیان دۆزییەوە و گواستیانەوە بۆ نەخۆشخانە، ترس هەیە لەوەی مناڵەکە چاوێکی لەدەست دابێت، پاش ئەوەی هەواڵی ئەم ئەشکەنجەیە لە ئاژانسی میزۆپۆتامیا بڵاوکرایەوە، لێکۆڵینەوە دەستی پێکرد.

لەمیانی لێکۆڵینەوە لە پرسی ئەم مناڵە، سێ پۆلیس لەو پێنج پۆلیسە دەستگیرکران کە ئەشکەنجەیان دابوو، ناوی سێ پۆلیسەکە بەم جۆرەیە: "ئیسماعیل ئاکوش، ئامرا ئۆزجان، گۆکهان بای"، لە ٢٥ ئازار بە تۆمەتی "بریندارکردنی ئەنقەست" دەستگیرکران.

هەروەها بەڕێوەبەری پۆلیس ئایکوت ئۆراڵ و پۆلیس خەیرەدین چاکماک دەستگیرکران، بەڵام دادگای تاوانی لجێ ئازادی کردن بە مەرجی چاودێری دادوەری.

سەندیکای پارێزەرانی ئامەد ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، حکومەتی تورک سێ پۆلیسەکەی دیکەشی ئازادکردووە.

هەروەها سەندیکاکە ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە بەرئەنجامی سیاسەتی هەڵهاتن لە سزایە و ئەوان لەسەر قۆناغە یاساییەکان بەردەوام دەبن.