زانایانی ئاینی کەرکوک: " دژی داگیرکارییەکان یەک هەڵوێست و یەک ووتارین"

زانایانی ئاینی شاری کەرکوک داودەکەن هەموو خەڵکی کەرکوک ئامادەبن لە نوێژی هەینی بۆ پشتیوانی کردن لە جووتیارانی کورد و تورکمان، وە دژایەتی بە بەعەرەب کردنی شارەکە.

گردبوونەوە و مانگرتنی جووتیارانی کورد و تورکمانی سنوری کەرکوک بەردەوامی هەیە لەدژی داگیرکردنی زەوییەکانیان لەلایەن سوپای عێراق و عەرەبی هاوردەوە، رۆژ لەدوای رۆژ مانگرتنەکە فراوانتر دەبێت، وە تەواوی چین و توێژ و کەسایەتییە رەسەنەکانی شارەکە سەردانی مانگرتووان دەکەن و پاڵپشتی خۆیانیان بۆ دووپات دەکەنەوە بۆ داکۆکی کردن لە مافی ڕەوای خۆیان وەکو خەڵکی ڕەسەنی شارەکە.

ئێوارەی دوێنێش شاندێکی زانایانی ئاینی کەرکوک کە زانایانی هەر سێ نەتەوەکەی کەرکوکی تێدا بووە لەگەڵ ژمارەیەک مامۆستای مزگەوتەکانی شارەکە، سەردانی خێوەتی مانگرتووانیان کرد و لەوێ پەیامی پشتیوانیان ڕاگەیاند بۆ جووتیارانی کورد و تورکمانی ڕەسەنی شارەکە و ئیدانەی ئەو هەوڵە شۆڤێنیانەی سوپای عێراق و عەرەبی هاوردەیان کرد کە هەوڵی زەوتکردنی مافی کوردان و تورکمانی شارەکە دەدەن بە داگیرکردنی زەوییەکانیان.

 هاتووین پشتیوانی خاوەن حەق بکەین

 مامۆستا ئازاد خورشید فەقێ، سەرۆکی لقی کەرکوکی یەکێتی زانایان، لە کۆنگرەیەکی رۆژانامەوانیدا سەبارەت بە سەردانەکەیان بۆ پاڵپشتی جووتیارانی ڕەسەنی شارەکە لە کورد و تورکمان، ڕایگەیاند: "ئێمە ئەمرۆ وەکو مامۆستایانی ئاینی هەر سێ پێکاتەکەی کەرکوک کۆبووینەتەوە بۆ پشتیوانی کرد لە خاوەن حەق، کە خەڵکی ڕەسەنی ئەم ناوچەیە لە کورد و تورکمان کە خاوەن(تاپۆی ڕەشن) و خاوەنی ڕەسەنی ئەو ١٣٠ هەزار دۆنم زەوییەن کە هەوڵدەدرێت لەلایەن سوپای عێراق و عەرەبی هاوردەوە داگیربکرێت، نزیکەی نیو سەدە لەمەوبەر لە ساڵی ١٩٧٥ حکومەتی گۆڕبەگۆڕی رژێمی بەعس بەیەک نوسراوە دەستی بەسەر ئەو زەویانەیا گرت و بەشێکی دابەش کردە سەر ئەو عەرەبە هاوردانەی کە بۆ بەعەرەب کردنی شاری کەرکوک نێردرابوون".

 هەمووان پێکەوە بەرامبەر ئەم حکومەتە بوەستینەوە

 هەروەها مامۆستا ئازاد خورشید داوای لە خەڵی کرد پشتیوانی چووتیارانی ڕەسەنی شارەکە بکەن و ووتی: "ئەمرۆ ئێمەی زانایانی ئاینی بە جەماوەری خۆمان دەلین خەڵکی ڕەسەنی شاری کەرکوک پێویستیان بە پاڵپشتی ئێوەیە خەڵکی بەغیرەتی شارەکە چونکە بەتەنها ناتوانین بەرامبەر ئەم حکومەتە بوەستین، ئەرکی پەرلەمانتاران و دەسەڵاتدارانی کوردە کە لەبەغدا هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی تەواوی بڕیارەکانی رژێمی پێشووی بەعس بدەن، وە خاوەن حەق زوەییەکانیان بۆ بگەڕێتەوە".

 گەورەترین پەیام دەگەینین بە گەل و دەسەڵاتی عێراق

 لە کۆتایدا سەرۆکی یەکێتی زانایانی کەرکوک، باسی دووبارە بوونەوەی مێژووی داگیرکردنی و بەعەرەب کردنی شارەکەی کردەوە لەلایەن هەمان عەقڵیەتی شۆڤێنی: "لەدوای ساڵی ١٩٧٥ رژێمی بەعس بەناوی پشتێنەی ئەمنی ناوچەکەی داگیرکرد و پاشان خەڵکی ڕەسەنی شارەکەی ڕاگواست، دوای ڕووخانی رژێمی بەعس خەڵکی گەڕایەوە شارەکەی خۆی بەڵام زەوییەکانی لێسەندراوەتەوە، ئێمەی مامۆستایانی ئاینی داوکارم لە خەڵی شارەکە رۆژی هەینی هەموومان پێکەوە گەورەترین نوێژی بە کۆمەڵ لە مێژووی شارەکە ئەنجام بدەین بۆ پشتیوانی جووتیارانی ڕەسەنی کەرکوک دژ بەداگیرکردنی زەوییەکانیان، تا گەورەترین پەیام بگەینین بە دەسەڵاتی عێراق و گەلی عێراق، لەدۆخێکی وەکو ئیستادا ئێمەی پێکهاتە ڕەسەنەکانی کەرکوک دژی داگیرکارییەکان پێکەوە خاوەن یەک هەڵوێست و یەک ووتارین".

هـ . ب