ژنانی باشوری کوردستان بەئامانجگرتنی ژنە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژئاوا شەرمەزار دەکەن

ژنانی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی، تیرۆرکردنی تێکۆشەران یوسرا دەروێش و لێمان شوێش و فورات تومایان بەتوندی شەرمەزار کرد، دووپاتیان کردەوە، درێژە بە تێکۆشانی ئازادی دەدەن.

ژنانی هەرێمی کوردستان بە خوێندنەوەی ڕاگەیاندراوێک لە پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی،  شەهیدکردنی هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ یوسرا دەروێش و جێگرەکەی لێمان شوێش و شۆفێرەکەیان فورات توما بە توندی شەرمەزار دەکەن.

ژنان وێنەی شەهیدەکانیان بەرزکردەوە، ڕاگەیاندراوەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستیپێکرد. لە ڕاگەیاندراوەکدا دەڵێن: "هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ یوسرا دەروێش و جێگرەکەی لێمان شوێش و شۆفێرەکەیان فورات توما، بە هێرشی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی هێزەکانی تاریکی شەهیدبوون".

ڕاگەیاندراوەکە هێرشەکەی داگیرکەری تورکی شەرمەزارکرد و دەڵێت: "کرێکاران و بەرپرسان لە ڕۆژئاوای کوردستان لەکاتی ئەرکەکانیان دەکرێنە ئامانج. بەبۆنەی شەهیدبوونی تێکۆشەرانی پێشەنگ، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و سەرتاپای باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەین. لەدەستدانی هەر ژنێک خەسارەتە بۆ تێکۆشانی ئازادی کورد و بۆشاییەکی پڕنەکراو جێدەهێڵێت".

ژنان ئاماژەیان کرد بە کەسێتی لێمان شوێش و گوتیان: "هەڤاڵ ڕەیحان ڕۆڵی هەبوو لە بەگژاچوونەوەی داعش. باسکردن لە خەبات و تێکۆشانی ڕەیحان چەند ساڵی دەوێت، ڕۆڵی مەزنی هەبوو لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاوا و دامەزراندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری".

لەکۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "با دوژمنانی ئازادی بزانن، ژنانی کورد شکست قبووڵ ناکەن، ئامادەن بۆ گیانبەختکردن لەپێناو سەرکەوتن و بەدیهاتنی خەون و هیواکانیان، بەڵێن دەدەن بە درێژەدان بە کار و تێکۆشان لەپێناو ئازادی گەلەکەیان و ئازادی ژنان".

ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.