ژنانی کەرکوک: کات کاتی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجەلانە

ژنانی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان داوای ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان دەکەن.

ڕێبەر گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ٢٣ ساڵە لە زیندانی ئیمرالییەوە هێڵە گشتییەکانی ئاشتیی دەکێشێت و لەژێر گۆشەگیرییدا پێکەوەژیانی گەلان دەکاتە پرۆگرام، سەرباری هەموو هەوڵەکانیشی بۆ ئاشتیی، بەڵام سیستمی سەرمایەداریی جیهانیی بەردەوام هەوڵیداوە دەنگی کپ بکات و ڕێگەنەدات پەیامە ئاشتیخوازییەکانی بگەنە دەرەوەی دیوارەکانی زیندان، بۆیە بەردەوام گۆشەگیریی بەسەردا دەسەپێنن و ڕێگەی پێنادەن دیدار لەگەڵ کەسوکار و پارێزەرەکانیشی ئەنجامبدات.

له‌ دوای پلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ تا ئەمڕۆش گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەتووندی بەردەوامە، لە ئاداری ساڵی ٢٠٢١ـەوە هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نییە، هەفتانە دوو جار پارێزەران داوای ئەنجامدانی دیدار دەکەن، بەڵام سەرجەم داواکارییەکان بۆ ئەنجامدانی دیدار تائێستا بێ ئەنجامبوون.

 دوای ٨ ساڵ لە گۆشەگیریی تووند، پارێزەرانی ڕێبەر ئۆجالان لە ڕۆژانی ٢ و ٢٢ی ئایار، ١٢ و ١٨ی حوزەیران و ٧ی ئابی ساڵی ٢٠١٩ دا توانییان بچنە ئیمرالی و چاویان پێی بکەوێت، ئەمەش دوای ٨١٠ جار داواکاریی چاوپێکەوتن و نیشاندانی ناڕەزایەتیی لەلایەن پاریزەران و بەرخۆدانییەکی بێوێنە لە تەواوی جیهانەوە لە دژی ئەو گۆشەگیرییە هاتە بەرهەم.

وێڕای دانانی گۆشەگیریی تووند لەسەر ڕێبەر ئۆجالان، بەڵام پەیامەکانی بۆ گەلی کورد و ئازادیخوازان و ئاشتیخوازانی دنیا، لەسەرووی هەموو ئیرادەیەکەوەن، لە ساڵی ٢٠١٢وە تا ئەم ساڵانەی دوایی، چەندین شەپۆلی مانگرتن لە خواردن و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی فراوان لە دژی ئەو گۆشەگیرییە، لە کوردستان و دەرەوەی وڵات و زیندانەکان سەریهەڵداوە و دواجار بە پەیامی ڕێبەر ئۆجالان خۆی کۆتایپێهاتووە.

کۆتاجار لە ساڵی ٢٠١٨ چالاکییەکانی “مانگرتنی بێسنوور تا شکاندنی گۆشەگیریی” لە دەرەوە و ناوەوەی زیندانەکان تەشەنەی سەند و لە گەرمیانەوە تا سلێمانی، مەخمور، هەولێر و شەنگال و هەر چوارپارچەی کوردستانی گرتەوە، هەروەها لە زۆربەی وڵاتانی دنیاوە بە چالاکیی مانگرتن و پشتیوانییکردن لە چالاکییەکان بەشداری ئەو بەرخۆدانە بوون.

سەرئەنجام ئیرادەی مانگرتووان سەرکەوت و ئەو بەرخۆدانییە دەوڵەتی تورکی بە چۆکدا هێنا و ناچاربوون، کە ڕێگا بە ئەنجامدانی چاوپێکەوتن بدەن لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالاندا، دوای ئەنجامدانی چاوپێکەوتنیش لەسەر بانگەوازیی ڕێبەر ئۆجالان، کۆتایی بە چالاکیی مانگرتن لە خواردن هات، کە لە پەیامێکدا بە مانگرتووانی ڕاگەیاند "چالاکییتان سەرکەوتووە و چاوەڕوانم مانگرتن بشکێنن".

لە ٢٣ ساڵی ڕابردوودا، توندكردنه‌وه‌ی گۆشه‌گیریی لەسەر ڕێبەر ئۆجالان و داخستنی دەرگای ئیمراڵی، ده‌رگای دۆزه‌خی بەڕووی توركیا و ناوچەکەدا  كردووه‌ته‌وه‌، له ‌ئێستاشدا ‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ئه‌نجامی سیاسه‌تی فاشیزمانەی  ئاكه‌په‌-مه‌هه‌په‌وە، گیرۆده‌ی چه‌ندین شەڕ و قه‌یرانی ئابووریی، سیاسیی، سەربازیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی بووەتەوە.

تەواوی ئازادیخوازان و ئاشتیخوازانیش، سوورن لەسەر ئەوەی تاکە تروسکاییەک بۆ هاتنەدی ئاشتی و پێکەوەژیانی گەلان و کۆتاییهاتنی زەمەنی شەڕ و قەیرانەکان، گەڕانەوەیە بۆ ئیمراڵی و پەسەندکردنی پرۆژە چارەسەری ئاشتیانەی ڕێبەر ئۆجالانە، ئەمەش بە ئازادکردنی ئەو ڕێبەرە ئاشتیخوازە دەکرێت.

لەشاری کەرکوکی باشوری کوردستانیش ژنانی شارەکە لە ڕیگەی ئاژانسی هەواڵی فوراتەوە داوای ئازادی ڕێبەری گەلی کورد ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان دەکەن و دەلێن "کات کاتی ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئۆجەلانە".

بەداخەوە لەژێر گۆشەگیریەکی سەختدایە

کەلسوم محەمەد ئەندامی رێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان، لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ەوە داوای ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد ڕێبەر ئۆجەلانی کرد: "بەداخەوە ڕێبەر ئاپۆ ماوەی ١٨مانگە لەژێری گۆشەگیریەکی سەختدا دەژێت، وە هیچ کەس ئاگا و  هەواڵیی لێی نیە، تەنانەت ڕێگەی پێنادرێت چاوی بە پارێزەرەکانیشی بکەوێت، پێویستە لەسە ئەو ڕێکخراوانەی کە باس لەمافی مرۆڤ دەکەن بێ دەنگ نەبن و هاوکاربن بۆ گەڕانەوەی مافی بینین پارێزەران لەگەڵ ڕێبەر ئۆجەلان".

گۆشەگیری دژی یاسا و بەها نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە

هەروەها ئەو ئەندامەی ڕەژاک ووتیشی: "ئێمە وەکو ژنانی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، ئەو گۆشەگیرییەی کە خراوەتە سەر ڕێبەر ئاپۆ بەتوندی ئیدانە و شەرمەزاری ئەکەین، ئەو گۆشەگیرییە نامرۆییە دژی تەواوی بەها و یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە، ئێمەش وەکو ژنانی کەرکوک داواکارین ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بکرێت چونکە کات کاتی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە".

دەوڵەتی تورکیا هەموو نەتەوەکان بەدوژمنی خۆی دەبینێت

هەروەها خەڵات شوانی ژنە چالاکوانی شاری کەرکوک، سەبارەت بە گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ ووتی: "بەداخەوە کە ماوەی ٢٣ ساڵە کەسایەتییەکی ئازادیخوازی وەکو بەرێز ئۆجەلان لەزیندایە و گۆشەگیرییەکی سەختی لەسەرە، بەرێز ئۆجەلان بەردەوام هەوڵیداوە ژنانی کۆمەڵگا بگەن بەمافی خۆیان و ئازادبن، بەداخەوە تەواوی جیهان و ڕێکخراوەکانی بەناو مافی مرۆڤ بێ دەنگیان هەڵبژاردووە، دەوڵەتی تورکیا هەمیشە وەکو داگیرکەرێکی هەڵسوکەوت دەکات لەگەڵ تەواوی نەتەوەکان چونکە تورک هەموو نەتەوەکانی دیکە بەدوژمنی خۆی دەبینێت".

هەمیشە هەوڵیداوە ژنان سەرکەوتووبن

لە کۆتایدا خەڵات شوانی ووتی: " بەرێز ئۆجەلان سەرکردەیەکی زۆر ئازیزە لەلای ئێمەی ژنان چونکە هەمیشە هەوڵیداوە لەپێناو سەرکەوتنی ژنان لە کۆمەڵگادا، من وەکو ژنێکی ئازادیخوازی کەرکوک و چالاکوانێک داوای ئازدی بۆ بەرێز ئۆجەلان دەکەم چونکە کات کاتی ئازادی جەستەیی بەرێز ئۆجەلانە".

ڕێبەر ئۆجەلان کەسێکی ئازادیخوازە، بۆیە ڕێگە نادەن هیچ هەواڵێکی هەبێت

لەلیلا جومعە ژنێکی ووڵاتپارێزی شاری کەرکوکە و دەربارەی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجەلان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "ئەرکی سەرشانی هەموو کوردێکە، کە بەچالاکی جیاواز داوای ئازادیی ڕێبەر ئۆجەلان بکەن، بەداخەوە دوای ساڵانێکی زۆر لە زیندانی ڕێبەر ئاپۆ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام لە بێ دەنگی، چونکە ڕێبەر ئۆجەلان کەسێکی ئازادیخوازە بۆیە ڕێگە نادەن هیچ هەواڵێکی هەبێت و گۆشەگیری خراوەتە سەری".

ڕێبەر ئاپۆ ژنانی پێشخستووە لە کۆمەڵگادا

سەبارەت بە فەلسەفە و هزری ڕێبەر ئاپۆ لەسەر ژنان، ئەو ژنە ووڵاتپارێزە ووتی: " ڕێبەر ئۆجەلان ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە پێشخستن و سەرکەوتنی ژنانی کۆمەڵگا، ئازادبوونی ڕێبەر ئاپۆ واتای گۆڕانکارییە لەناوچەکە و کاریگەری لەسەر هەرچوارپارچەی کوردستانیش دەبێت، بۆیە ووڵاتانی هەرێمی و زلهێز لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان گۆشەگیری دەخەنە سەر ڕێبەر ئۆجەلان".

ئەو گۆشەگیریە هیچ ویژدانێک قەبووڵی ناکات

لە کۆتایدا لەلیلا جومعە ژنە ووڵاتپارێزی شاری کەرکوک ووتی: "نابێت ویژدانی هیچ کەس و ڕێکخراوێک قەبووڵ بکات کە مرۆڤێک بۆ ماوەی ١٨مانگ چاوی بەهیچ کەسێک نەکەوێت و باردۆخی بەنادیاری مابێتەوە، وەکو ژنانی کەرکوک داوای ئازادی ڕێبەر ئاپۆ دەکەین چونکە کات کاتی ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئۆجەلانە".

ژ.ت