ژنانی ورمێ: پێویستە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا یەکسانی رەگەزی هەبێت

ژنانی ورمێ بەبۆنەی ٨ی مارسەوە راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بە شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' کرد و رایانگەیاند پێویستە، ژنان لە گۆڕەپانەکان بن.

بەبۆنەی ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژنا کە چەند رۆژێکی ماوە، ژنان لە هەموو جیهان چالاکی ئەنجام دەدەن و دەنگیان بەرز دەکەنەوە. ژنانی ورمێش بەبۆنەی ٨ی مارسەوە راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوەکەدا داوایان کرد کۆتایی بە سیاسەتی داگیرکەری دەوڵەتی پیاو بهێندرێت و ئاماژە بە شۆڕشی گەلان بە پێشەنگایەتی ژنان بە دروشمی ' ژن،ژیان، ئازادی' کرا.

لە راگەیەندراوە هاوبەشەکەی ژنانی کورد، تورک، ئەرمەن و ئازاریدا ئەم داواکاریانە هەیە؛

* پێویستە کاروباری ئایین و دەوڵەت لە یەکدی جیا بکرێتەوە.

*پێویستە فشار و دەستگیرکردنی ژنان نەمێنێت.

*پێویستە ئازادی بیروڕا مسۆگەر بکرێت.

*پێویستە لە سیاسەت، دادگا، پەروەردە، ئەکادیمیەکان، هەلبژاردنەکاندا و بە کورتی لە هەموو رووەکانی ژیاندا یەکسانی رەگەزی هەبێت.

*لەدژی توندوتیژی جەستەیی و دەروونی سەر ژنان و لەدژی کۆمەڵکوژکردنی ژنان پێویستە تاوانباران بە سەختی سزا بدرێن.

*پێویستە هاوسەرگیری منداڵانی خوار ١٨ ساڵ قەدەغە بکرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها باسی ئەوەکراوە کە شۆڕشی 'ژن،ژیان،ئازادی' کە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد، نەک تەنیا لەسەر ئێران، بەڵکو لەسەر هەموو جیهان کارییەکی گرنگی دروست کردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا باسی ئەوە دەکرێت کە ئەم شۆڕشە سەردەکەوێت و پەیامی 'ئیدی ژنان رەتکردنەوەیان قبوڵ ناکەن درا.

ف.ق