زیلان ڤەژین: نەورۆز رۆحی نەتەوەیی و یەكێتی نەتەوەییە

زیلان ڤەژین رایگەیاند، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی مۆركی خۆی لەساڵی ٢٧٢٢ی دا و دەبێت لەساڵی ٢٧٢٣دا، بەسەركەوتنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی نەورۆز و ساڵی نوێ تاجدار بكەن.

هاوسەرۆكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان"پەژاك" لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا، بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێ كوردی ٢٧٢٣ پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لەبنەماڵەی شەهیدان و بەتایبەتی دایكی شەهیدان و دامەزرێنەری فەلسەفەی ئازادی ژن، ژیان، ئازادی"رێبەر ئاپۆ" كرد و رایگەیاند؛ ئاگری نەورۆز جارێ یەكەم لەسەر چیای زاگرۆس داگیرسێندراوە و هێمای یەكێتی گەلانی ئاری و میتراییە.

ڤەژین هاوكات راشیگەیاند؛ بۆ گەلی كورد، نەورۆزی ئەمساڵ و ساڵی نوێ كوردی ٢٧٢٣ ساڵێكی چارەنووسسازە و بۆ گەلانی ئێرانیش بەگشتی ساڵی نوێ ١٤٠٢ی هەتاوی، ساڵی پتەوكردنی رۆحی یەكێتی و یەكگرتوویی گەلانەو دەبێت گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستانیش بەو شێوەیە بڕوانێتە نەورۆز و هەوڵی بەرفراوانكردنی یەكگرتوویی زیاتری گەلانی ئێران بدات.

نەورۆز هێمای یەكێتی نەتەوەیی و بەرخۆدان و پێكەوەژیانی ئاشتیانەی گەلانە. شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی مۆركی خۆی لەساڵی ٢٧٢٢ی دا و دەبێت لەساڵی ٢٧٢٣دا، بەسەركەوتنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی نەورۆز و ساڵی نوێ تاجدار بكەن و خاوەنداری لەنرخە هاوبەشەكان و دەسكەوتەكانیان بكەن.

زیلان ڤەژین؛ سەرەتا ساڵی نوێ ٢٧٢٣ كە لەهەمانكاتدا ٥١ هەمین نەورۆزی رێبەر ئاپۆیە لەگەڵی كورد و كوردستانیان و هاوكات لەهەموو كۆمەڵگانە پیرۆز كرد كە نەورۆز و جەژنی نەورۆز بەجەژنی خۆیان دەزانن، پیرۆز كرد و رایگەیاند؛ نەرۆز لەبنەماڵە سەربەرزەكانی شەهیدانی رێگای ئازادی و بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و ئەو ژنانەی بەدڵ و گیان بەشداری چالاكانەیان لەچالاكیەكانی هەشتی ئادار و لەگۆڕەپانەكانی خەبات و تێكۆشاندا بوون، پیرۆز كرد و رایگەیاند؛ یادی شەهیدانی رێگای ئازادیخوازی گەلی كوردستان بەرز رادەگرم. نەورۆز سەرساڵی گەلی كورد و گەلانی ئێرانە. گەلەكەمان و گەلانی ئێران بەدۆخێكی زۆر زەحمەتدا تێپەڕ دەبن و لەكاتێكدا بەرەو پێشوازی ساڵی نوێیەوە دەچن كە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی شەش مانگی خۆی بەهەموو زۆری و زەحمەتیەكان تێپەڕاند، بۆیەش لەئێستاوە ساڵی نوێ لەهەموو گەلانی ئێران پیرۆز دەكەم. هیوادارین كە بتوانین بەیەكەوە ئەو ئامانجانەی لەپێش خۆماندا دامانڕشتووە بەسەركەوتوویی بگەینینە ئامانج و ئەمساڵ ببێتە سەركەوتنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران كە ئەمڕۆكە پێشەنگایەتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوین و هەموو جیهان دەكەەن.

نەورۆزی ٢٧٢٣، نەورۆزی رێبەرتیە

لەساڵی نوێ ٢٧٢٣دا هەم وەكو بزوتنەوە و هەمیش وەكو گەل ئەرك و بەرپرسیاریەتی زۆرمان لەئەستۆدایە. ئەركی ئەخلاقی و ویژدانی و نەتەوەییمان پێش هەر شتێك، ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆیە. دەبێت لەساڵی ٢٧٢٣دا زیاتر لەهەموو ئەو ساڵانەی تێپەڕبوون، گۆڕ بەتێكۆشان و خەباتمان لەپێناو ئازادی رێبەر ئاپۆ بدەین و تێكۆشانمان بەرزتر و بڵندتر و بەهێزتر بكەین. تا ئەو كاتە رێبەر ئاپۆ لەو هەلومەرجەی تێدایە رزگاری نەبێت، دەبێت تێكۆشانمان لاواز و نەوەستێت. هەر بۆیەش وەكو بزوتنەوەی ئازادی لەهەموو كات زیاتر ئەرك و بەرپرسیاریەتی لەئەستۆماندایە. دەبێت تێكۆشانمان لەهەموو بوارەكانی یاسایی، حقوقی، سیاسی لەپێناو ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ بەگۆڕتر بكەین. نەورۆز خۆی لەخۆیدا، نەورۆزی رێبەرتیە. پەنجا ساڵ پێش ئێستا رێبەر ئاپۆ بەدامەزراندنی رێكخستنێكی شۆڕشگێڕی پێًشوازی لەنەورۆز كرد. ئەو رێكخستنە لەئێستادا بووەتە تاكە هیوا بۆ گەلی كورد و میلیۆنان گەلانی ئازادیخواز و بن دەست، بۆیە نەورۆز وەكو یەكەمین لەدایكبوونی رێبەرتیە و بۆنیادنانی نەتەوەی دیموكراتیك لەسەر بنەمای ئازادی ژن، لەدایكبوونی دووهەم و نەورۆز رێبەرتی كۆنفدرالیزمی دیموكراتیكە. بۆیە نەورۆز، رۆژی راگەیاندنی سیستەمی كۆنفدرالیزمی دیموكراتیكە كە هیوا و ئاواتەكانی گەلان دەستەبەر دەكات.

بەهێزكردنی یەكێتی نەتەوەیی و رۆحی بەرخۆدان

لەساڵی ٢٧٢٣ ئەرك و بەرپرسیاریەتی گرنگ لەئەستۆمانە كە ئەوەش بەیەكگرتنی كوردان و تێكۆشانی هاوبەش پێكدێت. ئەمساڵ سەد ساڵ بەسەر پەیمانی لۆزان كە ئامانجی تێكشكاندنی و پارچەكردنی كوردانە پێكهات. دەبێت یەكێتی نەتەوەیی خۆمان پتەوتر و بەهێزتر بكەین. دەبێت لەم قۆناخەدا لەهەموو كات زیاتر و لەهەر ساڵ زیاتر، تێكۆشانمان بەمەبەستی بۆنیادنانی یەكێتی نەتەوەیی پێشخەین.

هەرچەندە گەلەكەمان بەهەڵوێست و خاوەنداریان لەیەكدی و تێكۆشانیان یەكێتی نەتەوەیی خۆیان بۆنیاد ناوە، بەڵام وەكو پارت و لایەنە سیاسیەكان هەموو كاروخەباتەكانمان لەسەر بنەمای یەكێتی نەتەوەیی و لەسەر هێمای سیاسەتی نەتەوەی دیموكراتیك دامەزرێنین. و سیاسەتی داگیركاری دۆژمن كە ئامانجیان تواندنەوە و لەناوبردن بوو، تێكبشكێنین؛ چونكە پەیمانی لۆزان، پەیمانی قڕكردن و پارچەكردنی گەلی كورد بوو، دەبێت بەتێكۆشانی هاوبەش و بەرۆحی یەكگرتوویی بتوانین ساڵی نوێ پیرۆز بكەین. نەورۆز خۆی لەخۆیدا، رۆحی نەتەوەیی و یەكێتی نەتەوەییە. كۆتایی هێنان بەزۆڵم و زۆردارییە، بۆیەش گرنگە بەرۆحی نەورۆز، ساڵی نوێ ٢٧٢٣ بكەینە ساڵی یەكێتی نەتەوەیی لەسەر هێمای سیاسەتی دیموكراتیك.

نەورۆز رۆحی یەكێتی گەلانە

هاوسەرۆكی پەژاك؛ زیلان ڤەژین لەبەشێكی تری پەیامەكەیدا تیشكی خستە سەر گرنگی ساڵی نوێ بۆ گەلی كورد و گەلانی هەرێمەكە و رایگەیاند؛ ئەمساڵ، ساڵێكی چارەنووسسازە. هەركەس خاوەن پلان و بەرنامەیە، ئێمەش خاوەن پرۆژە و سیاسەتێكی دیموكراتیكین كە دەبێت پیلانەكانی دۆژمنان پووچەڵ بكەینەوە. نیوسەدەیە تێكۆشانی رێبەر ئاپۆ بۆ گەلەكەمان و مرۆڤایەتی بەرێوە دەچێت و خاوەن پرۆژەی و سیاسەتی تایبەت بەخۆمانین. خاوەن هێڵی سێیەمێنین لەگۆڕەپانی سیاسیدا و دەبێت لەسەر هێڵی سێیەم تێكۆشانمان بڵندتر بكەین و دەبێت لەسەر ئەو بنەمایەش رۆحی نەتەوەیی و رۆحی یەكگرتوویی گەلان بۆنیاد بنین و پیلانی ئەو دۆژمنانەی دەیانەوێت گەلانی ئێران بەربدەنە گیانی یەكتر پوچەڵ بكەنەوە و رۆحی تەبایی و پێكەوەیی بەهێزتر بكەن.

گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان دەبێت لەساڵی نوێیدا یەكگرتوویی خۆی لەگەڵ گەلانی تری نێوخۆی ئێراندا بەرفراوانتر بكات

لەكاتێكدا گەلەكەمان بەرەو پێری نەورۆزەوە دەچێت كە لەباكوری كوردستان سەرەڕای سیاسەتی قڕكردن و لەناوبردنی لەلایەن دەوڵەتی فاشیستی ئاكەپە ـ مەهەپەوە و پەیرەوكردنی سیاسەتێكی وەها، كەچی لەسەرەتای ساڵی زائینیدا لەو بەشەی كوردستان كارەساتێكی دڵتەزێن رووبەرووی گەلەكەمان بوویەوە بۆیەش لەرەوشێكی وەها كارەساتباردا دەژین. ئەمە بۆ رۆژئاوای كوردستانیش بەهەمانشێوەیە.

لەرۆژهەڵاتی كوردستانیش رەوشێكی دژواتر و زەحمەت لەئارادایە و گەل لەنێو شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا. ئەوەش هەموو تێكۆشان و بەرخۆدانیەكی بێ وێنەی پێویستە. ئەو تێكۆشانەی بۆنیادنراوە، هەم سەركەوتن و هەمیش دەسكەوتی زۆر هەبووە و هەر دژواریەكی تێكۆشانیش لەگەڵ خۆیدا سەركەوتنی گەورەتر دەئافرێنێت. گەلەكەمان لەباكوری كوردستان لەنێو ئێشێكی گەورەدایە، بەڵام پێویستە ئەو ئێش و ئازارەمان بەتۆڕەبوونێكی مەزن وەرچەرخێنینە بەرێكخستن بوونێكی مەزنتر لەدژی نەیاران و ئەو داگیركەرانەی سەركوردستان كە دەیانەوێت بەردەوامی بەقڕكردن و پارچەكردنی كوردستان بدەن.

رۆژهەڵاتی كوردستان شەش مانگی لەدوای خۆی بەجێهێشت. شەش مانگە بەبێ وچان لەنێوچالاكی و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادین كە بەراستیش مۆركی خۆی لە ساڵی ٢٧٢٢داوە و تێپەڕی ساڵی ٢٧٢٣داوە، و بەو شێوەیەش جۆش و خرۆشەی بەهەموو گەلی كوردو لەهەموو جیهاندا ئافراند و هیوا و عەزمی تێكۆشانی لەنێو ژناندا بەدرۆشم و فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی رۆحێكی نوێ كردە بەر جەستەی شۆڕشی ئازادی ژن و ئازادی كۆمەڵگە و بەو شێوەیەش بەرەو پێری نەورۆزە و ساڵی نوێیەوە دەچێت.

گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان دەبێت لەساڵی نوێیدا یەكگرتوویی خۆی لەگەڵ گەلانی تری نێوخۆی ئێراندا بەرفراوانتر بكات، و بەو شێوەیەش ئامانجی ئازادی و سەركەوتن بەدی بهێنن؛ چونكە بەبێ دیموكراتیزەكردنی ئێران و بەبێ چارەسەركردنی پرسی گەلانی ئێران، پرسی كوردیش لەئێراندا چارەسەر نابێ. چارەسەری لەیەكگرتن و یەكڕێزی گەلاندایە. ئازادی كوردستان و گەیشتن بەمافە رەواكانی گەلەكەشمان لە بە دیموكراتیزە كردنی ئێران و پرسی گەلانی ئێراندا پێكدێت.

لەمێژدا كۆمەڵگە بەرخۆدانی مەزنیان كردوە و نەورۆزیان كردۆتە هێمای یەكێتی گەلان و یەكێتی نەتەوەیی بۆ خۆیان

یەكگرتنی گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان لەگەڵ گەلانی فارس و بەلووچ و ئازەری و عەرەب و گیلەك و ... سیاسەتی پارچەكردن و تێكبەردانی گەلانی لەلایەن رژێمی فاشیستی ئێرانەوە تێكشكاند. هەر بۆیەش ئەوەی رژێم بەساڵان هەوڵی بۆ دەدا هەر لەسیاسەتی قڕكردن و لەسێدارەدان و توانەوە و چاوترساندن بەكاری دەگرت، هەنگاو بەهەنگاو و بەو شۆڕشە زیهنی و ئەخلاقیەی خۆیان تەفرۆتۆنایان كرد و ئەو قۆربانی و زۆری و زەحمەتیانەش لەپێناو ئازادی و دیموكراسی داویانە، زۆر بەنرخە و ئەو نرخ و بەهایانەش رەنجی هاوبەشی گەلان كە بۆنیاد نراوە، بۆیەش گرنگە لەساڵی نوێ ٢٧٢٣دا خاوەنداری لەو دەستكەوت و نرخە هاوبەشانە بكەن و بەمسۆگەری لەساڵی ٢٧٢٣ی تێكۆشان بۆ ئازادی و دیموكراسی بەهێزتر و گەشتر بكەنەوە. گەلەكەمان خاوەن ئەو ئیرادە و عەزمەیە كە بەتێكۆشانی خۆیان كۆتایی بەهەموو سیاسەتی رەگەزگەرا، ناوەندگەرا و پیاو سالار و نەتەوەپەرەست و دین پەرەست و مەزهەبگەرا بهێنن. گەلەكەمان دەبێت هەم لەبەرامبەر بەنەتەوەپەرەستی تێكۆشانیان بەهێزتر بكەن و هەمیش لەبەرامبەر بەسیاسەتی پارچەكردن زۆر هۆشیارانە هەڵسوكەوت بكات. گەلێك هێز دەیانەوێت پەرە بەسیاسەتی نەتەوەپەرەستی لەنێو گەلاندا بدەن. ماوەی پەنجاە ساڵە تێكۆشانێكی ئازادی و پاشخانێكی ئەو تێكۆشانە لەئارادایە ئەوە بكەنە بنەمای تێكۆشان و پرۆژەی خۆیان و سیاسەتی نەتەوەپەرەستی و دەوڵەتگەرا و ناوەندەگەرایی تێكبشكێنن.

لەمێژدا كۆمەڵگە بەرخۆدانی مەزنیان كردوە و نەورۆزیان بۆ خۆ كردۆتە هێمای یەكێتی گەلان و یەكێتی نەتەوەیی. دەبێت گەلەكەمان لەم ساڵیشدا بەو شێوازە پێشوازی لەنەورۆز و دەستكەوتە نەتەوەییەكانی بكات و مەزنتریان بكات. ئەمە بۆ گەلانی تری نێو ئێرانیش بەهەمانشێوەیە، بەشكست پێكهێنانی رۆحاك و نەمروودەكانی هاوچەرخ تێكۆشانی خۆیان بەرزتر و بڵندتر بكەن.

دەبێت لەساڵی نوێدا بە دروشمی بەرخۆدان ژیانە پێشوازی لەنەورۆزی ٢٧٢٣ بكەن. لەهەمانكاتیشدا زۆرێك لەتاكەكانی كۆمەڵگەكەمان كۆچبەری وڵاتانی ئەوروپا بوونە، نەورۆزی ئەمساڵیش بۆ ئەوان پڕ واتایە، دەبێت بەچالاكی فرەچەشن و بەدروشمی نەورۆز بەرخۆدانە و بەرخۆدان ژیانە لەگەڵ دروشمی ژن، ژیان، ئازادی یەكانگیری بكەن و بەو شێوازە نەورۆز بەرز رابگرن. پەیامی گەلەكەمان لەئەورۆپا بۆ نێوخۆی وڵات زۆر گرنگە. بەو خاوەنداریەتیەی لەشۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و بەو پشتیوان و چالاكی هەمەرەنگ و هەمە چەشنەیان لەهەشتی ئادار نیشانیاندا، سیمینار و پلاتفۆرم و چالاكیەكانیان زۆر بەواتا بوون و دەبێت بەجەماوەری و بەهێزترەوە پێشوازی لەنەورۆز و ساڵی نوێش بكەن.  هەر وەكو چۆن لەشەمەزینان گەلەكەمان لەباكوری كوردستان پەیامی یەكێتی نەتەوەیاندا، لەو شوێنەی كە رێبەرتی تێكۆشانی ئاپۆیی هەڵگیرساند.

دەبێت نەورۆز بەجەماوەریانەتر و لەگۆڕەپانەكاندا پیرۆز بكەن

پێویستە گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتیش بەداگیرساندنی ئاگری نەورۆز وەڵامی سڵاوی نەورۆزی گەلەكەمان لەباكوری كوردستان بدەنەوە. دەبێت گەلەكەمان لەشارەكانی"سنە و جۆانڕۆ و مەهاباد و كرماشان و قۆروە و بیجار و هەمەدان و كامیاران و ماكو و سەلماس و خۆی و ورمی و بۆكان و دیواندەرە و بەتایبەتی سەقز بەرۆحی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەگڕ و تێنی بەهێزتر جەژنی نەورۆز و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی تێكهەڵكێش و سڵاوی لە ئامەد و شەمزینان و رۆها و جەزیرە و هەولێر و سلێمانی و قامیشلۆ و حەسەكە و كۆبانی بكەن. دەبێـت سڵاو لەو ژنە تێكۆشەرانە بدەن كە هەموویان لەهەموو كۆنج و بەری ئەم كوردستان و جیهانە بوونە دەنگی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەرۆژهەڵات و ئێراندا، دەبێت گەلەكەمان بەو رۆحە پێشوازی لەنەورۆز بكەن و سڵاو لەتێكۆشانی هاوبەش بكەن. گەلی ئاریایی خاوەن چاندی میترایین، خاوەنی ئاگری نەورۆزن. نەورۆز سیمبۆلی كۆمەڵگەی گەلانی زاگرۆسیە. كۆمەڵگەی ئێرانیش گەلێكی ئارین، یەكەمین ئاگری نەورۆز لەسەر چیای زاگرۆس هەڵكراوە. دەبێت نەورۆز لەماڵان بهێننە دەرەوە؛ چونكە ئەوە سیاسەتی دەوڵەت و رژێمی داگیركەری ئێران كە نەورۆز سنوردار كردوە بەنێوماڵان و حەوشە و بەردەرگا و سەربانانەوە، دەبێت نەورۆز بەجەماوەریانەتر و لەگۆڕەپانەكاندا پیرۆز بكەن و بیكەنە هەوێنی یەكگرتوویی و هێزی بەرخۆدان.  

ف.ق