زیلان ڤەژین: ئەگەر گەلانی ئیران هەفتەیەک بەرەنگاری بکەن رژێم دەگۆڕێت -٢-

زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پەژاک رایگەیاند، با هەموو کەس هەفتەیەک دەست لە کار هەڵگرێت و بڕژێنە سەر شەقامەکان و راپەڕن، لەو کاتەدا رژێم ناچار دەبێت گۆڕانکاری ئەنجام بدات.

زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) شیکاریی بۆ شەڕی کوردستان، گۆڕین و گۆڕانکارییە گرنگەکان و هەڵبژاردنی ئەمدواییەی سەرۆک کۆماری لە ئێران کرد و رایگەیاند، ئاستی گۆڕین و گۆڕانکاریی فکری و کۆمەڵایەتیی گەلانی ئێران لە ئاستێکدایە، کە دەتوانێت پێشەنگایەتی بۆ بونیاتنانی سیستمی دیموکراسی و سۆسیالیزم بکەن.

ئاژانسەکەمان بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنەکەی دوێنێ ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١ بڵاوکردەوە کە لینکی بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنەکە لە خوارەوە هەیە و بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەش بەم شێوەیەیە:-

لە بەرانبەر داگیرکەری رۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی چ هەڵوێستێکە؟

وەک هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان، لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش گەنجانی قاڕەمان بەشداری ریزەکانی تەڤگەری ئازادی دەبن. لە شەڕی ئەم دواییەی بەرانبەر داگیرکەری تورکدا، گەریلاکانی بەنرخی رۆژهەڵاتی کوردستانیش شەهید بوون. لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە پێشەنگایەتی فەرماندە هەورام رۆژهەڵات، عەگید ئیلام، دیلان ماکۆ، ئەردال ئۆرمیەدا لەبەرانبەر ئەم داگیرکەریە تێکۆشانکرا و شەهید بوون. لەم قۆناغەدا لەبەرانبەر ئەو هاوکاری و پشتگیریەی لە داگیرکەری دەکرێت، باشترین وڵام ئەمەیە. گەلی رۆژهەڵات بە باجی زۆر لە رێگەی رۆڵە قاڕەمانەکانیانەوە هەڵوێستی خۆیان پیشان دەدەن. خانەوادەی شەهیدان لەگەڵ هەموو کردەوە و فشارەکان، خاوەنداری لە شەهیدەکانیان دەکەن. خانەوادەی شەهید عەگید و گەلی ئیلام بە راستی زۆر بە شکۆداریەوە خاوەنداریان کرد. ئەم هەڵوێستە لە جێگەی خۆیدایەتی و لە بناغەدا پەیامی گەلی رۆژهەڵات بوو. گەلە وڵاتپارێز و شۆرشگێرەکەمان ئەم شەڕە لەدژی خۆی دەبینێت، بە هیچ شێوەیەک قبوڵی ناکات و هەوڵی رێگریکردن لە داگیرکەری دەدکت و شەڕی براکوژی رەت دەکاتەوە و لە هەموو ئاستێکدا تێکۆشانی خۆی فراوان دەکات. خۆی رۆژهەڵات خاوەن ئەزموونی زۆر بە ئازار و تاڵی شەڕی براکوژیە، بە هیچ شێوەیەک قبوڵی ناکات، دوای ئەم هەموو نرخ و دەستکەوتە، هەمووی لە دەست بچێت.

هەڵبژاردنەکان لە ئێران کۆتاییان پێهات، قۆناغی هەڵبژاردن چۆن بوو و ئەنجامی دوور و درێژی و کاتی چی دەبێت؟

لە ئێران لەدوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێران، سیستمی بەڕێوەبردن، یاسا و دادگا لەسەر بناغەی ئۆتۆکرات، تەئوکرات، زایەندەپەرستی، نەژادپەرستی و مەزهەبپەرستی دروست کراوە. لەبەرئەوە سیاسەت، یاسا، داد، ئابۆری، دیپلۆماسی و هەموو بوارەکانی دیکە قۆڕخ کراون. بەپێی ئەم راستیە بەڕیوەدەبرێت. سیستمی هەڵبژاردنی ئێران پارچەیەک لەم سیستمەیە. پێشتر هەموو کاتێک بە بیانووی هەڕەشەی دەرەکی و بە دروستکردنی سیناریۆکانی دوژمن، گەل بۆ سەر سندۆقەکانی دەنگدان پەلکێش دەکرا.. ئاشکرا بوو کە ئەم سیناریۆیانە ئێدی ئەنجامیان نابێت و گەل بەشداری ناکات. لە ٦٠ ملیۆن دەنگدەر، لەنیوە زیاتر بایکۆتیان کرد. دەنگیان نەدا. خۆی دەزانرا کە لەنێو کاندیدەکاندا ئیبراهیم رەئیسی سەردەکەوێت. لەبەرئەوەی لەلایەن (دەزگای بەڕێوەبردن) عەلی خامنەیەوە دەستنیشان کرابوو. لە سیستمی بەڕێوەبەری ئێراندا هەموو کاتێک وابووە کە ئەو کەسەی لەلایەن خامنەییەوە دیاری بکرێت، ئەو سەردەکەوێت. بەم هەڵبژاردنە ساختەیە، دەزگاکانی پارلەمان، سەرۆککۆماری، ویلایەتی فەقێ و بەڕێوەبەری هەمووی کەوتە دەستی موحافزکارەکان.

کاندیدەکانی دیکەی سەرۆککۆماری لەبەرئەوەی دەیانزانی لەم پێشبڕکەیەدا سەرناکەون و سەرۆککۆمار دیاری کرابوو، بێ کاریگەر لە هەڵبژاردنەکاندا بینران. لایەن ریفۆرمخوازەکان بە پارچە پارچە بەشداریان کرد. واتە چ گەلی ئێران و چ لایەنە جیاوازەکانی نێو سیستم کە موحافزکار نین، دەیانزانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان چی دەبێت. ئەنجامەکە دەمێک بوو ئاشکرا بوو. کۆمەڵگای ئێران، لە کرێکار تاوەکو مامۆستا، سەندیکاڤانەکان، ژن و گەنجان، ژینگەپارێزەکان، مەزهەب و ئایینەکان بە شێوەیە یەکگرتوو، ئاشکرا، کراوە هەڵوێستی خۆیان لەدژی ئەم هەڵبژاردنە فۆرمیلیتەیە پیشاندا. گەل لەم رژێم و سیاسەتە بێزارە، بۆیە لە رێگەی بایکۆتەوە نارەزایی خۆیان بەرانبەر ئەم هەڵبژاردنە نادیموکراسیانە پیشاندا.

دوای هاتنی ئیبراهیم رەئیسی، دۆخی ئێران خراپتر دەبێت. سیستمی ناوخۆیی ئێران و لە دەرەوە لە هەرێمەکە و جیهان تێکچووە. ئێستا گەمارۆی زیاتر لەسەر ئێران دادەنرێت. بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکە ناچارە باج بدات. قۆناغی باجدان لەبەردەم ئێران هەیە. بە پێچەوانەوە ئابۆری و سیاسی زیاتر دەکەوێت قەیرانەوە.

لە سیاسەتی ناوخۆییشدا، هاتنی رەئیسی بۆ سەر دەسەڵات، لەگەڵ خۆی چی دەگۆڕێت، ئەمە لە دوارۆژدا زیاتر دەردەکەوێت. بەڵام مێژوو و بەرنامەی ئیبراهیم رەئیسی لە ١٣٦٧ )١٩٨٨) زۆر خراپ و بکوژ بوو. لەبەرئەوەش هیچ هیوا و داواکاریەک لە رەئیسی ناکرێت. حکومەتی رۆحانی ٨ ساڵ بۆ بەڵێنی زۆری بە کۆمەڵگادا، یەکێکیشی جێبەجێ نەکرد. لەبەرئەوەش گەل ئێدی هیوایەکی بە سەرۆککۆمار نییە. کێشەی ئێران لە بناغەدا لە سیستمدایە. سیستمی نەتەوە – دەوڵەت دژە دیموکراسیە. بۆ جێبەجێکردنی داواکاری و پێویستی کۆمەڵگا کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێران، پێویستە گۆڕانکاری ڕیشەیی ئەنجام بدات. دەستوری بنەڕەتی، سیستمی دیموکراسی پێویستە هەبێت. ئیدی کۆمەڵگا گەیشتووەتە ئەم بڕوا و راستیە.

لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا بە راستی گەلی ئێران تێکۆشانێکی گەورەی بەڕێوەبرد و بە نەچوونی سەر سندۆقەکانی هەڵبژاردن و بایکۆت ئەمە زیاتر بینرا. لە بناغەدا لە فشار و کردەوەکانی دەرەوە زیاتر، هەڵوێست و تێکۆشانی گەلی ئێران رژێمەکەی زیاتر خستوەتە دۆخێکی سەخت و دژواردا.

لە رۆژهەڵاتی کوردستان چۆن پێشوازی لە هەڵبژاردن کرا

کورد بەهۆی ناسنامەی ئەتنیکی، کەلتوری، باوەڕی خۆی روبەرووی ناحەقی ونادادپەروەری و فشاری رژێم دەبێتەوە. هەروەها گەلان عەرەب، بەلوچ لە هەمان دۆخدان. لە مافەکانیان بێبەشن. هیچ کاتێک سیستمی هەڵبژاردن بۆ ئەوان کراوە نەبووە. بۆیەش پێشوازی و متمانەی ئەو گەلانە بە هەڵبژاردن نەبووە و زۆربەیان بایکۆتیان کرد. لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی ئەو سیاسەتە و ئایدۆلۆژیای سیستم، هیچ کەسێک ناتوانێت خاوەنداری لە ئەرکی سروشتی خۆی بکات، ئەگەر باج نەدات. نە وڵاتپارێزم نە  مامۆستا،نە ژینگەپارێز، نە یاساناس. نە ژنانی تێکۆشەر، نە رۆشنبیران یان هونەرمەندان ناتوانن خاوەنداری لە ئەرکی خۆیان بکەن. لەبەرئەوەی بچوکترین هەوڵدان وەک تاوان دەبینرێت. کێ خاوەنداری لە ئەرکی کۆمەڵایەتی و ویژدانی خۆی بکات، وەک ئەوەی لەدژی سیستم بێت حسابی بۆ دەکرێت. کۆمەڵگا و تاکەکان تەسلیم و بێدەنگ دەبن، یان دەکوژرێن و بێسەروشوێن دەکرێن. دۆخی رۆژهەڵات و هەرێمەکانی دیکەی وەک بەلوچستان و ئەهواز بەم شێوەیەیە. لەگەڵ ئەوەشدا گەلی کورد هەموو کاتێک لە یادی و پلانی داگیرکەری ئێران تێگەیشتووە، هەروەها لەگەڵ فشار و کردوەکانیش خاونداری لە دەستکەوت و بەهاکان و ناسنامەی خۆی کردووە. زیاتریش ژیانی کورد هەڵوێستێکی بە ئیرادەیان پیشانداوە. زۆر جار بە ئاشکرا و نەترس تێکۆشانیان کردووە. ئێمە لەم قۆناغەی هەڵبژاردندا بووینە شایەدحاڵی گەلی رۆژهەڵات کە چۆن هەڵبژاردنیان بایکۆت کرد. ئێران پێویستە پەیام و وڵامی گەلی رۆژهەڵات ببینێت. رەوابوونی هەڵبژاردن، حکومەت و سەرۆککۆمار لە کوردستان بوونی نییە، رەوابوونی خۆی لە دەستداوە. پێویستە ئێدی رژێم ئەم راستیە ببینێت و ئێدی سیستمەکەی قبوڵ ناکرێت.

پەیرەو و پرۆگرامی ئێوە بۆ گەلانی ئێران و گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان لە رووی تێکۆشانەو چییە؟

سیستمەکان لەخۆیانەوە ناگۆڕێن، یان لەناو ناچن. بە تێکۆشانی کۆمەڵگا دەگۆڕێن. کۆمەڵگا هەفتەیەک بێوەستان و بە گشتی و یەکگرتوویی چالاکی بکەن، گەورەترین و بەهێزترین سیستمی جیهان هەڵدەوەشێت. بەڵام بەهۆی ئەم تێکۆشانە بڵاوە و پارچە پارچەیە، ئەنجامی پێویستە بەدەست ناهێنرێت. لە بەرانبەریشی لە رۆژەی هەڵبژاردنەکاندا لە ئەوروپا و دەرەوەی وڵات لە بەرانبەر باڵیۆزخانە تێکۆشانێکی گەورە بەڕێوەبرا. بەڵام لەبەرئەوەی لە ئێران،رۆژهەڵات و دەرەوەی وڵات یەکگرتوویی نەبوو و بە یەک ئاڕاستە ئەنجامەدرا، ئەنجامی بەدەست نەهێنا. شۆرشی جیهان لە ئەنجامی راپەرینی جەماوەری و ماوە درێژ دەگاتە ئەنجام. ئەمڕۆ ئەگەر ئێمە شۆرش و گۆڕینی سیستممان دەوێت، پێویستە چالاکی و بەرخۆدان زۆر فراوان و یەکگرتوو بێت. هەفتەیەک هەموو کەسێک کارەکانی راگرێت، هەفتەیەک لە دەرەوە بێت، راپەرین بکات، رژێم ناچار بە گۆڕانکاری دەبێت.

ژنان لەم بوارەدا پێشەنگی سەرەکین. لە ماوەی رابردوودا لە زیندانەکان تاوەکو گۆڕەپانەکان ژنان خاوەن تێکۆشان بوون. راستە فشار هەبوو، بەلام بیدەنگی نەماوە. لەبەرئەوەی ژنان وەک مرۆڤ نابینرێن، لە هەموو مافەکان بێبەشکراون. لەبەر ئەم هۆکارەش تێکۆشانی ژنان بێسنورە. لە ئێران هەموو جێگەیەک و هەموو شتێک کە زایەندەپەرستی تێدانەبێت، دەتوانرێت بۆ ژن ببێتە گۆڕەپانی تێکۆشان. خۆی ژنانی ئێران بوێر و خاوەن ئیرادەیەکی گەورەن. ئەمڕۆش پێویستە بۆ داواکاری بنەڕەتی خۆیان هەڵویستی بەهێزی شۆرشگێری پیشان بدەن. بەشەکانی دیکەی وەک گەنجان، خوێندکاران، کرێکاران رەنجدەران، جۆتیارانیش بەشداری بکەن. پێویستە دیموکراسی وەک بابەتێکی ژیان و بەپەلە ببینرێتم پێویستە بە رادیکالبوونەوە لەبەرانبەر سیستمی دەسەڵات بوەستنەوە.

پێشکەوتن و گۆڕێنی سۆسیۆلۆژی و هزری گەلانی ئێران لەم ئاستەدایە کە سۆسیالیزم و سیستمی دیموکراسی پێشەنگ بێت. لە هەموو کاتێک زیاتر ئەمڕۆ گەلانی ئێران خاوەنی دەرفەتن. ئەگەر ئێمە بە رامانی ئازادی، سۆسیالیزم و دیموکراسی، سیستمی ئازاد و دیموکراسی بەرەو پێشەوە ببەین، دەتوانین لەدژی دەسەڵات شۆرشی ئازاد سەربکەوێنین. ئەگەر ئێمە گەلانی ئێران و لە سەراتادا گەلی کورد بە یەکگرتوویی و یەکێتی تێبکۆشین، بە ئەزمونی چەندین ساڵەتی تێکۆشان، دەتوانین سەرکەوتن مسۆگەر بکەین.

ف.ق