ماڵپەڕی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له دۆسیه‌ی زه‌ینه‌ب جه‌لالیان بە تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی ڕاگه‌یاند، زەینەب جەلالیان دوورخراوەتەوە بۆ زیندانی یەزد.
به وته‌ی ئه‌م سه‌رچاوه‌یە زه‌ینه‌ب جه‌لالیان پێری ٢٠ی گه‌ڵاڕێزان / ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ له پێوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیی دوو خولەکیدا بنه‌ماڵه‌کەی ئاگادار کردووەتەوە، كه گواستراوه‌ته‌وه بۆ به‌ندیخانه‌ی یه‌زد و له ڕێگادا كه‌وتووە‌ته به‌ر لێدان و ئه‌شكه‌نجه و هه‌ڕه‌شه و سووکایەتیی ئەو کەسانەى ئەرکدارکرابوون بۆ دوورخستنەوەی زەینەب بۆ زیندانی یەزد و وتی: "به‌رپرسە ئه‌منییه‌کان ڕۆژی ١٩ی گه‌ڵاڕێزان پێیان وتووە به‌پێی فه‌رمانی یاسایی بڕیارە بگواسترێتەوە بۆ به‌ندیخانه‌ی ورمێ، به‌ڵام زه‌ینه‌ب کاتێک له ڕێگادا دەزانێت به‌ره‌و شارێكی‌تری ده‌به‌ن، ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌بڕێ و هەر بۆیە له لایه‌ن به‌رپرسە ئه‌منییه‌کانه‌وه ده‌كه‌وێته به‌ر لێدان و هه‌ڕه‌شه و سووکایەتیكردن".
ئه‌م سه‌رچاوه‌یە وتیشی: "ڕۆژی ١٩ی گه‌ڵاڕێزان هاوكات له‌گه‌ڵ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ندكراوه سیاسییەدا له به‌ندیخانه‌ی كرماشان، لە رێگەى مەسجێکەوە بە باوكی زەینەب، كه دانیشتووی شاری ماكۆی پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوایە، پێی ڕاگەیەندراوە دۆسیه‌ی كچه‌كه‌ی براوه‌ته لقی یه‌كی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی یه‌زد".
گواستنه‌وه‌ی دووباره‌ی زه‌ینه‌ب جه‌لالیان له حاڵێكدایه، كه بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو به‌هۆی تووشبوونی به ڤایرۆسی كۆرۆنا و پێڕانه‌گه‌یشتنی پزیشكییەوە ناجێگیره، ئه‌و به‌ندكراوه سیاسییه به هۆی مانه‌وه‌ی درێژخایه‌ن لە زینداندا و هەروەها بارودۆخی دژواری به‌ندیخانه تووشی نه‌خۆشیی جۆرواجۆر بووه و پاش تووشبوونی ئه‌م دواییانه‌ی به كۆرۆنا له به‌ندیخانه‌ی قه‌رچه‌ك لە نزیک تاران، تووشی نەخۆشیی ئاسم (تەنگیی نەفەس) بووه.
پێشتریش دوای گواستنه‌وه‌ی زه‌ینه‌ب جه‌لالیان له به‌ندیخانه‌ی كرمانەوە بۆ به‌ندیخانه‌ی كرماشان، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی وتبوو: "له كاتی گواستنه‌وه‌ی زینه‌ب جه‌لالیاندا بۆ زیندانه‌كانی كرمان و كرماشان، بەردەوام کەلەپچە و پێبه‌ندی لێ دراوە و کاربەدەستە ئەمنییەکان هێندەیان بەسەر زەویدا ڕاکێشاوە، کە ده‌ست و پێیەکانی به قورسی بریندار بوون و تا ئێستایش جێگاكانی هەر دیاره".
هەروەها تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان ئاگادار كراوه‌ته‌وه، کە ١ی ڕه‌زبه‌ر، لە کاتی گواستنەوەی زەینه‌بدا بۆ زیندانی كرماشان، هێندە دۆخی تەندروستیی ناجێگیر بووە، کە به‌رپرسانی زیندانی كرماشان سه‌ره‌تا خۆیان له وه‌رگرتنی بواردووه و دواجار تەنیا به نێوانگری و لەسەر داخوازی داواکاری گشتیی دادسەرای گشتی و ئینقلابی كرماشان، ئامادە بوون وه‌ری بگرن.
فاتمه كه‌ریمی به‌رپرسی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان له سه‌ر گواستنه‌وه‌ی دووباره‌ی زه‌ینه‌ب جه‌لالیان وتی: "له ماوه‌ی شه‌ش مانگی ڕابردوودا ئه‌مه چواره‌م جاره زه‌ینه‌ب جه‌لالیان ده‌گوێزرێته‌وه، یان باشتره بڵێم دوور ده‌خرێته‌وه بۆ به‌ندیخانه جۆراوجۆره‌كانی ئێران. ئه‌مه له حاڵێكدایه كه نه‌ته‌نیا حوكمه‌كه‌ی خانمی جه‌لالیان دوورخستنه‌وه‌ی تێدا نییه، به‌ڵكوو له هه‌موو گواستنه‌وه یەک لەدوای یەکەكانی ئه‌م شه‌ش مانگه‌ی دواییدا هیچ جۆره بڕیارێکی یاسایی دادوەر یان هۆكارێكی یاسایی بۆ ئەم دوورخستنەوانە لە ئارادا نەبووە. هه‌روه‌ها به‌پێی خا‌ڵی یه‌كی ماده‌ی ٢٣٤ی پێڕەوەی ناوخۆی ڕێكخراوەی به‌ندیخانه‌كان، ئه‌م ڕێكخراوه ده‌بێت ڕێوشوێنێک بگرێتە بەر، كه مه‌حكوومكراوان لەسەر داوای شەخسیی خۆیان بگوێزرێنەوە بۆ نزیکترین زیندان لە شوێنی نیشته‌جێبوونی بنه‌ماڵه‌كانیان و لەوێ حوكمه‌كانیان تێپه‌ڕێنن".
زه‌ینه‌ب جه‌لالیان له سێزده‌هه‌مین ساڵی زینداندا، له به‌ندیخانه‌ی خوویەوە كه نزیكترین به‌ندیخانه‌یه به شوێنی نیشته‌جێبوونی بنه‌ماڵه‌كه‌ی له ماكۆ، له ڕێكه‌وتی ١٠ی مانگی گوڵانی ئه‌مساڵ به شێوه‌یه‌كی كتوپڕ له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه سه‌ره‌تا بۆ به‌ندیخانه‌ی قه‌رچه‌ك گواسترایه‌وه و دوای دوو مانگ له حاڵێكدا کە تووشی پەتای كۆڤید ١٩ ببوو و لەپێناو قبووڵکردنی داواکەی بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ به‌ندیخانه‌ی خووی له مانگرتندا بوو، بەڵام سەرباری ئەوەش بەشێوەیەکی نایاسایی و هاوشێوەی ئەمجارە گواسترایه‌وه بۆ به‌ندیخانه‌ی كرمان و بۆ ماوه‌یه‌كیش خرابوویەوە ژووری تاكه‌كه‌سییەوە. هێزە ئەمنییەکان له ڕێكه‌وتی ١ی ڕه‌زبه‌ردا بۆ جارێکی‌تر ئه‌م زیندانییە سیاسییه كورده‌یان له به‌ندیخانه‌ی كرمان برده ده‌ره‌وه.
به‌رپرسی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان دوای ده‌ربڕینی نیگه‌رانیی خۆی له ئاست بارودۆخی ئێستای زه‌ینه‌ب جه‌لالیاندا، لەسەر ئەو مەترسییە ئه‌منی و ته‌ندروستییانەی هه‌ڕه‌شه له گیانی ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه ده‌كەن هۆشداریی دا و تی: "ئێمه به توندی نیگه‌رانی بارودۆخی زه‌ینه‌ب جه‌لالیانین و گواستنه‌وه‌ی چه‌ندین جاره‌ی ناوبراو لەم چه‌ند مانگه‌ی دواییدا به به‌شێك له پلانی ڕێكخراوه ئه‌منییه‌كان ده‌زانین بۆ ئه‌شكه‌نجه‌دانی جه‌سته‌یی و ڕۆحی و خستنه ژێر گوشاری ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه، ئێمه ئاگادارین كاتێك زه‌ینه‌ب جه‌لالیان له به‌ندیخانه‌ی قه‌رچه‌ك بووه، دوو كه‌س له به‌رپرسانی ئه‌منی له ژێر ناوی پارێزه‌ری مافی مرۆڤدا دیداریان له‌گه‌ڵ كردبوو و بە مەبەستی ناچارکردنی زه‌ینه‌ب به هاوكاریکردنی ڕێكخراوه ئه‌منییه‌كان و ئەنجامدانی چاوپێكه‌وتنی تەله‌فیزیۆنی، تەماحێکی زۆریان خستبووە بەردەمی. هه‌ر چه‌ند ڕازینەبوون و بەرخۆدانی زەینەب وایکردبوو پلانه‌كه‌یان سەر نەگرێت، به‌ڵام له ئێستادا لە ڕێگه‌ی ئه‌م گواستنه‌وه و دوورخستنه‌وانەوە بۆ به‌ندیخانه‌كانی كرمان و یه‌زد كه زۆر دوورن لە شوێنی نیشته‌جێبوونی بنه‌ماڵه‌كه‌ی، درێژەیان بە زەخت و گوشارەکانیان داوە".
به وته‌ی فاتمه كه‌ریمی، سه‌رجه‌م ئه‌م گواستنه‌وانه نایاسایین و له حاڵێكدا ڕوو ده‌دەن، كه دوو پارێزه‌رەکەی زه‌ینه‌ب جه‌لالیان بە کردەوە لەسەر دۆسیەکە نەماون؛ ئه‌میرسالار داوودی ئێستا له به‌ندیخانه‌دایه و موحه‌ممه‌د شه‌ریفیش هێشتا لای ئێمە ڕوون نییه بۆچی لەسەر دۆسیەکە نەماوە. له ڕاستیدا زەینەب ئێستا هیچ پارێزه‌رێكی بۆ به‌دواداچوونی کاروبارە یاساییەکانی نییە. به‌رپرسی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان داوای له هه‌موو ڕێكخراوه‌کانی مافه مرۆڤ کرد لە ئاست ئه‌م هەڵسوکەوتە نایاساییانە له‌گه‌ڵ زه‌ینه‌ب جه‌لالیاندا، به تایبه‌ت له ئاست چوار جار دوورخستنه‌وه و گواستنەوەدا کە بۆ هیچ به‌ندكراوێكی‌تر ڕووی نەداوە، بێنه ده‌نگ و ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان ده‌رببڕن و ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییه تێكه‌ڵ كه‌ن به داوای ئازادبوونی زه‌ینه‌ب جه‌لالیان له سەروبەندی پازده‌هه‌مین ساڵی به‌ندکردنیدا.
زه‌ینه‌ب جه‌لالیان له ساڵی ١٣٦١ی هه‌تاوی له گۆندی “دێم قشڵاق”ی سه‌ر به شاری ماكۆ له پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا له دایكبووه. ناوبراو له سه‌رماوه‌زی ساڵی ١٣٨٦ی هه‌تاویدا له كرماشان ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و دوای چه‌ندین مانگ ڕاگرتن له ژووری تاكه‌كه‌سیی ئیداره‌ی ئیتڵاعاتی ئه‌و شاره و كه‌وتنه ژێر ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی فراوانەوە، له‌لایه‌ن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی (شۆڕشی ئیسلامی) ئەو شارەوە به تۆمه‌تی هه‌وڵدان دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و شەڕکردن لە دژی خوا لە ڕێگەی ئه‌ندامێتییەوە لە پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پەژاک)، سزای سێداره‌ی بۆ دەر چوو. ئه‌م سزایه دوای په‌سه‌ندکردنی له دادگای پیاداچوونه‌وەدا لە ساڵی ١٣٩٠ی هه‌تاوی، پلەیەک كه‌م كرایه‌وه و بوو بە زیندانی هه‌تاهه‌تایی. ناوبراو به درێژایی ئه‌م ساڵانه له به‌ندیخانەدا تووشی نه‌خۆشیی جۆراوجۆری وه‌ك كزیی چاو، پەڵەی گۆشتی زیادە لەسەر چاو و نەخۆشیی دەم و دان بووه.
کۆمیتەی دەستگیرکردنە نایاساییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی ١٣٩٥ و لە دووتوێی داواکارییەکی فەرمیدا داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد دەستبەجێ زەینەب جەلالیان ئازاد بکات و هەموو ڕێوشوێنەکان بۆ قەرەبووکردنەی ئەو خەسار و ئازارانەی بە سەریدا سەپاوە، بە پێی یاسا نێونەتەوەییەکان بگرێتە بەر. بە پێی داوانامەکەی ئەم کۆمیتە نێونەتەوەییە، بێبەشکردنی زەینەب جەلالیان لە مافی ئازادی، کارێکی سەرەڕۆیانەیە و پێچەوانی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و کۆنڤانسیۆنی جیهانیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە و دەبێت کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو ئەوانەی لە پێشێلکردنی مافەکانی ئەم چالاکوانە سیاسییە کوردەدا دەوریان هەبووە، بخاتە بەر لێپرسینەوەی یاساییەوە.
ژ.ت