گوشارەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر زیندانیانی سیاسی بەردەوامە. ئەو زیندانیانەی سزای زیندانیکردنەکەیان تەواو بووە دەبێت ئازاد بکرێن، بەڵام بەرپرسانی دەوڵەتی تورک ئازادیان ناکەن. یەکێک لەو زیندانیانە زیندانیی سیاسی ڕۆژهات باتە، کە بێ هۆ ئازاد ناکرێت.
دەبوایە لە ٢٦ی ئابدا ئازاد بکرایە
بات کە لە ساڵی ٢٠١٦دا بە ماوەیەکی کورت لە دوای دەستگیرکردنی سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا. بات بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخستن" ئەو سزایە بۆ دەکرا و دەبوایە بەپێی هەلومەرجی ئاسایی لە ٢٦ی ئابدا ئازاد بکرایە، بەڵام هێشتا لە زینداندایە.
بات لە ١٨ی ئایاری ٢٠٢٢ لە زیندانی جۆری دیی ئامەد دوورخرایەوە بۆ زیندانی ژمارە ٢ی جۆری ئێڵ لە ناوچەی تورکۆگلوی مەرەش، بات لە رێگەى بنەماڵەکەیەوە ناڕەزایەتیی نیشان داوە و ڕایگەیاندووە، سکاڵای پارێزەر لەسەر ئەو رێگرییانەى لە ئازادکردنم دەکرێن، هیچ سودێکیان نەبووە و بەرپرسان کاریان پێ نەکردووە.
بات داوای کردووە، بەڕێوەبەرایەتی زیندان کۆتایی بە سیاسەتەکانی خۆی لە دژی زیندانییان بهێنێت و ئەو زیندانیانەی کاتی ئازادکردنیان هاتووە دەستبەجێ ئازاد بکرێن.
لە ساڵی ٢٠٢١دا هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە
ڕۆژهات بات لە مانگی نیسانی ٢٠٢١ لە زیندانی جۆری دیی ئامەد لەلایەن پاسەوانە سەرەکیەکانی زیندانەکەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو.
ژ.ت