زیندانییەکی سیاسیی تەمەن ٨٣ بە کەلەپچەکراوی رەوانەى نەخۆشخانە کرا
محەمەد ئەمین ئۆزکان زیندانیی سیاسیی تەمەن ٨٣ ساڵ بە کەلەپچەکراوی رەوانەى نەخۆشخانە کرا.
محەمەد ئەمین ئۆزکان زیندانیی سیاسیی تەمەن ٨٣ ساڵ بە کەلەپچەکراوی رەوانەى نەخۆشخانە کرا.
بەرەبەیانی دوێنێ بۆ جارێکیتر دۆخی تەندروستیی محەمەد ئەمین ئۆزکان (ئاپێ دەدۆ) زیندانیی سیاسیی تەمەن ٨٣ ساڵ تێکچوو. سەربازانی تورک دەستەکانی ئاپێ دەدۆیان کەلەپچەکرد و باڵەکانیان گرت و بە کەلەپچەکراوی بردیان بۆ نەخۆشخانەى فێرکاریی گازی یاشارگیل لە ئامەد.
دوای پشکنینە پزیشکییەکان ئۆزکان لەلایەن سەربازانی تورکەوە بە تەختی نەخۆشخانەکەوە کەلەپچەکرا. لەو وێنانەدا، کە لە بەردەم نەخۆشخانەکە گیراون، ئەوە دەردەکەوێت، کە ئۆزکان بە سەختی خۆی لەسەر پێ دەگرێت و هەنگاو دەنێت. سەرباری ئەوەش هەر دوو دەستەکەى کەلەپچە کراون.
بنەماڵەى ئۆزکان بۆ ئەوەى لە نەخۆشخانە چاودێری و خزمەتى باپیرەیان بکەن، سەردانی داواکاری گشتی و بەڕێوەبەریی زیندانی ئامەدیان کرد.
ئۆزکان ماوەى ٢٥ ساڵە لە زینداندایە. تاوەکو ئێستا ٥ جار جەڵتە لێیداوە و ٤ جار قەستەرە و باڵۆنی بۆ ئەنجامدراوە. هەروەها نەخۆشییەکانی دڵ، پەستان، غودەی دەرەقی، ئێسکەنەرمە، گورچیلە و ریخۆڵە، لاوازی و بێهێزی، کەمبینین، کەمبیستن، لەسەر هۆش چوون و ژمارەیەکی زۆر نەخۆشیی جۆراوجۆری تری بۆ دروستبوون.
لە مانگی ئایاریەوە دۆخی تەندروستیی ئۆزکان تاوەکو دەچێت بەرەوخراپبوون دەڕوات و لە رۆژانی ١٧ و ١٨ و ١٩ و ٢٠ و ٢٥ی ئایاردا بە گشتی ٦ جار رەوانەى نەخۆشخانە کراوە.
ژ.ت
****