محەمەد ئەمین ئۆزکان زیندانیی سیاسیی تەمەن ٨٣ ساڵ سەرباری ئەوەى نەخۆشیی زۆر قورسی هەیە و دۆخی تەندروستیی زۆر خراپە، بەڵام دەوڵەتی تورک ئامادە نییە ئازادی بکات. بەهۆی خراپیی دۆخی تەندروستییەوە لە رۆژانی ١٧ و ١٨ و ١٩ و ٢٠ی ئایاردا ٤ جار رەوانەى نەخۆشخانەی فێرکاریی گازی یاشار گیل کراوە. لە ٢٠ی ئایاردا بەهۆی زۆرتر خراپتربوونی دۆخی تەندروستیی ئۆزکانەوە بڕیاری مانەوەى لە نەخۆشخانە بۆ دەرکرا، بەڵام لەبەر ئەوەى ئۆزکان چارەسەریی پزیشکیی بە کەلەپچەکراوی رەتکراوە جارێکیتر گەڕاندیانەوە بۆ زیندان.
محەمەد ئەمین ئۆزکان ماوەى ٢٥ ساڵە لە زینداندایە و لە زینداندا تووشی چەندین نەخۆشی بووە و دۆخی تەندروستیی زۆر خراپە و دوێنێش جارێکیتر رەوانەى نەخۆشخانەی گازی یاشارگیل کرا.
سەمرا ئۆزکان کچی محەمەد ئەمین ئۆزکان لەبارەی دۆخی باوکییەوە کاردانەوەى بەرامبەر بێباکیی بەرپرسان نیشاندا و وتی، "ئێمە ئەمڕۆ لە زیندان هەواڵی دۆخی تەندروستیی باوکمان پرسی و پێیان وتین، جارێکیتر دەیبەنەوە بۆ نەخۆشخانە. ئێستا باوکم لە نەخۆشخانەیە. لە ئەنجامی پشکینینە پزیشکییەکاندا بڕیار دراوە باوکم لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێریدا بمێنێتەوە، باوکمیان لەسەر کورسیی تایەدار هێنا بۆ نەخۆشخانە. دۆخی تەندروستیی باوکم زۆر زۆر خراپ بووە. کاتێک باوکمم بەو شێوەیە بینی زۆر زۆر بێتاقەت بووم و ئازارام چەشت. لەبەر ئەوە لە نێوان من و سەربازەکاندا بووە مشتومڕ و لەبەر ئەوەش سەربازەکان دەوری باوکمیان گەمارۆدا و رێگایان نەدا من لە باوکم نزیک ببمەوە".
ئۆزکان دوای پشکنینە پزیشکییەکان جارێکیتر لەلایەن سەربازان و پۆلیسەکانەوە گەڕێندرایەوە بۆ نەخۆشخانی جۆری دیی ئامەد.
ژ.ت