باکرهان: بە بانگەوازییەکەی ئۆجالانەوە، ئیتر باس لە سەر ئازادی دەکرێت

تونجر باکرهان هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی ڕایگەیاند، ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازێکی مێژوویی دەکات و بەم بانگەوازیە ئیتر گفتوگۆ لەسەر دیموکراسی و ئازادی دەکرێت.

ڕێکخستنی ئەستەنبوڵی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم) سێهەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە ناوەندی خۆپیشاندانی یەحیا کەمال بایاتلی ئەنجامدا.

هۆڵی کۆنگرەکە بە ئاڵا و پانکارتی دەم پارتی "لە شەڕ و ئاشتیدا گەنجان لە بەرەی پێشەوەن"، "قەیوم دەڕوات، ئێمە دەمێنینەوە"، "بە گەورەوە دەست پێدەکەین و بەگەورەوە سەردەکەون"، "ساڵی ٢٠٢٥ دەکەینە ساڵی ئازادی"، بەگەنجی دەستمان پێکرد، بە گەنجیەوە سەردەکەوین"، "بەشێوەیەکی ڕێکخستنی بەرخۆدانمان کرد و کۆتایی بە مافخۆریی دەهێنین". ژن، ژیان، ئازادی"، " بۆ ژیانێکی دیموکراتیک، یەکسانی، دادپەروەری ئازادیی" و "بە پێشەنگایەتی ژنانی گەنج" ڕازایەوە.

لە کۆنگرەکەدا، تونجر باکرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی و نوێنەری پارتە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بزووتنەوەکانی ژنان و بەهەزاران هاووڵاتی بەشدارییان لە کۆنگرەکەدا کرد. بە سەدان ژن بە جلوبەرگی کوردییەوە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" چوونە ناو هۆڵەکەوە. بەشداربووان بەردەوام دروشمی "بژی بەرخۆدانی وان"، "بژی بەرخۆدانی ڕۆژاوا"، "بژی ڕێبەر ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ"یان وتەوە. وتاری دەستپێک لەلایەن هاوسەرۆکانی شارەکەوە پێشکەشکرا. پاشان بە خولەکێک بێدەنگی، کۆنگرەکە بە دروشمی "شەهید نامرن" دەستی پێکرد.

لە کۆنگرەکەدا، تونجر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی قسەی کرد و دەستخۆشی لە بەشداربووان کرد. باکرهان هەموو ئەو کەسانەی لە تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسیدا گیانی خۆیان لەدەست دا بە ڕێزدارییەوە بە بیر هێنایەوە.

باکرهان ئاماژەی بەوەکرد، تورکیا و ناوچەکە بە قۆناغێکی مێژووییدا تێدەپەڕن و وتی: "لەم سەردەمەدا هەموو وڵاتان بە سیاسەتەکانی خۆیاندا دەچنەوە، بەڵام بەداخەوە حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە دیسان لەسەر ڕێگای هەڵە بەردەوامن. ئێستاش لەسەر سیاسەتی ئینکار و لەناوبردن بەردەوامن. قەیوم دادەنێن، کرێکاران دەگرن و ئەشکەنجەیان دەکەن و سکاڵا لەسەر هاوشارەوانییەکان تۆمار دەکەن، دادگاکان وەک ئامێڕێک لە دژی لایەنی بەرانبەری خۆیان بەکاردەهێنن، ڕۆژانە ژنان دەکوژرێن و ئەم کۆمەڵکوژییانە بە ڕەوا نیشان دەدەن."

لە میانەی قسەکانیدا باکرهان سەرنجی خستەسەر هێرشەکان بۆ سەر هەدەکە و وتی: بە بیانووی 'تیرۆر' ئەم هێڕشانە دەکەن. هەدەکە ماوەی ١٤ ساڵە لە ناوەڕاستی ئەستەنبوڵدا کار دەکات. ئەمڕۆ بەبیرتان هاتوتەوە کە 'ڕێکخراوێکی تیرۆریستی'ـە؟ بە پێچەوانە هەدەکە لە ڕێگەی چالاکییەکانیەوە خزمەت بە دیموکراتیک بوونی تورکیا دەکات. ئەگەر لە کرێکارانی ئەسەنیورت بپرسن، دەزانن هەدەکە چ ڕێکخراوێکە. ڕێککەوتنی شاریان بە تاوان نیشان داوە. ئەگەر ئێوە بۆ پێکەوە ژیانی گەلانی تورکیا کار دەکەن، دەبێت ڕێز لەو کارە بگرن. هەدەکە ٨٥ ملیۆن گەلی تورکیایە. لە کەیەوە تێکۆشان بۆ هاوپەیمانی تورک و کورد بووەتە تاوان؟ ئەم هێرش و گرتن و لێپێچینەوانە دژی دیموکراسین و ئێمەش ڕێگە بەم کارە نادەین. من هەدەکە-م، ئێمە هەموومان هەدەکە-ین.

بەڕێز ئەردۆغان ئەگەر تێناگەیت با دووبارە بیڵێمەوە؛ ئێمە ٣ـەمین و گەورەترین زەمینی تورکیاین. لە سیاسەتدا هەر جۆرە کار و بەرنامەیەک بەبێ ئێمە ئەنجام ناگرێت. ئەو ئاستەنگیانە نابنە بەربەست لەبەردەم خوشک و برایەتی تورک و کورد. سەرەڕای هەموو هێرشەکان تورکیا بەرەو دیموکراسی دەبەین. لە سوریا ڕێککەوتنی نوێ دروست دەبێت. هەر وڵاتێک دەبێت شوێنی خۆی دەست نیشان بکات. بەڵام ئەم عەقڵیەتە نکۆڵیکردنە ڕێگە نادات سوریا دابمەزرێت. بۆ ئەوەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نەبەنە خاوەن پێگەی خۆیان، هەرچییەک دەکەن. ئێمە باش تێدەگەین کە ئێوە ئیرادەی کورد لە هیچ شوێنێک قبوڵ ناکەن، چیتان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەوێت؟ چیتان لە کورد و عەلەوی، چەرکەس، ئەرمەن و ئێزدی دەوێت لەوێ؟ واز لەم دوژمنایەتیە بێنن. با گەلانی سووریا بڕیار لە داهاتووی خۆیان بدەن. بۆچی بە هاوکاری چەتەکانی  SNA هێرش دەکەیتە سەر تشرین؟ بۆ ئەوەی کورد نەبێتە خاوەن پێگەی خۆی؟ ئێمە ئامادەین بۆ ئاشتی، بەڵام مێشک و تێگەیشتنی ئەوان جیاواز بیر دەکاتەوە.

لە ڕووی سیاسییەوە لە تورکیا پرۆسەیەکی مێژوویی هاتووتە پێشەوە. بەڕێز ئۆجالان لە زیندانی ئیمرالی بانگەوازێکی مێژوویی بڵاو دەکاتەوە. بانگەوازییەکە ئابووری، دادپەروەری، دیموکراسی و دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ دەگرێتە خۆی. تورکیایەکی دیموکراتیک دەخوڵقێنێ کە زمانی کوردی تێدا قەدەغە نەکرێت و ئیرادەیان دەستی بەسەردا نەگیرێت و عەلەویەکان وەک هاوڵاتییەک بە یەکسانی بژین. نەخشە ڕێگەیەک دیاری دەکرێت. ئێمە گرنگی بەم بانگەوازییە مێژووییە دەدەین. ئێمە وەک دەم پارتی هەر لە سەرەتاوە  ڕامانگەیاند پشتیوانی لە بانگەوازییەکەی بەڕێز ئۆجالان دەکەین. بانگەوازییەکی مێژووییە، بەڵام هەندێک کەس مەمنوون نین. هەندێک دەڵێن کورد فریو دەدەن. لەم سەد ساڵەدا ٣٠  جار لەناوچوون، کۆمەڵکوژ و دەربەدەر و برسی کران. بەڵام ئەم گەلە هەتا ئێستا فریویان نەخوارد، کەواتە ئەمڕۆ فریو دەدرێن؟ بووە سێیەم  و گەورەترین هێز و جەماوەر لە تورکیا. بۆیە دڵنیا بن ئێمە فریو ناخۆین. بۆیە پێویستە پشتگیری بدەن. بە بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان، هەموو شتەکان ڕوون دەبنەوە. دوای بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان، دیموکراسی و ئازادیی لە تورکیا باسی لەسەر دەکرێت. ڕوون دەبێتەوە کێ دژی کێیە و کێ درۆ دەکات و کێ ڕاستی دەڵێت. بۆیە هەموو شت ڕوون دەبێتەوە. تاکە ڕێگە چارەسەری پرسی کوردە بە ڕێگەی دیموکراتیکەوە. دیموکراتیزەکردنی تورکیایە، ئەوانەی لەم ڕاستیە هەڵدێن، تووشی شکست دەبن."