هەوڵدەدەین سووریایەکی هەمەڕەنگ و ناناوەندی بنیات بنێین
کۆمەڵگەی ئاشووری و کۆمەڵگەکانی دیکە لە شاری تل تەمری کانتۆنی جزیرە یادی شەهیدانی ٢٣ی شوباتیان بەرز ڕاگرت کە لە وڵامدانەوەی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر شار و لادێکانیان لە ٢٠١٥ شەهید بوون.
کۆمەڵگەی ئاشووری و کۆمەڵگەکانی دیکە لە شاری تل تەمری کانتۆنی جزیرە یادی شەهیدانی ٢٣ی شوباتیان بەرز ڕاگرت کە لە وڵامدانەوەی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر شار و لادێکانیان لە ٢٠١٥ شەهید بوون.
مەراسیمی یادکردنەوە بە بەشداری نوێنەرانی پێکهاتەکانی عەرەب، کورد، سریانی و ئاشووری شارەکە و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و فەرماندە سەربازییەکان لە کڵێسای ئەلقەدیسەی شاری تل تەمر بەڕێوەچوو. لە مەراسیمەکەدا مۆم داگیرسا و سەبارەت بە پێویستی بنیاتنانی سووریایەکی نوێ لەسەر بنەمای هەمەڕەنگی و ناناوەندی وتارەکان پێشکەشکرا.
ئەندامی دەستەی گشتی پارتی ئاشووری دیمۆکراتیک جەمیلە کاکۆ قسەی کرد و وتی: "داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و حکومەتی سووریا دەکەین بەرامبەر گەلی ئاشوور و گەلانی ناوچەکە بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن و لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەو کەسانە بکەن کە دەستیان لە ئەنجامدانی تاواندا هەیە.
هەروەها هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی سوریانی، شامیران دێنۆ جەختی لە گرنگی تێکۆشانی هاوبەش بۆ بەرقەرار بوونی دادپەروەری و یەکسانی کردەوە و وتی: "هەوڵدەدەین سوریایەکی هەمەڕەنگ و ناناوەندی بنیات بنێین کە تێیدا مافی هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر بکرێت."
جێی ئاماژەیە چەتەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٥ هێرشیان کردە سەر تل تەمر و لادێکانی دەوروبەری و لە ئەنجامدا بەدەیان هاوڵاتی مەدەنی و شەڕڤان کە وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە کۆمەڵکوژ کران. ئەم یادە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە هێشتا ڕووبەڕووی گرژی و هێرشی بەردەوام دەبێتەوە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانیەوە.