دەوڵەتە چەتەکان

كارنامه‌ی ئه‌مریکا له‌ پێوەندی له‌گه‌ڵ كورددا کارنامه‌یه‌کی ڕه‌شه‌، ئه‌مریکا و سیاسه‌تی ده‌رەوه‌ی بۆ كورد بێجگه‌ له‌ شه‌ڕ خێرێكی تێدا نه‌بووه‌، چاوی ئه‌مریکا ته‌نیا له‌ نه‌وت و سامانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە نه‌ك شتی دیكه‌، كوردیش له‌م نێوه‌دا ته‌نیا قوربانییه.

به‌شێکی زۆر له‌ فاکت و بابەتە ڕاستییەکانی نێو ئەم وتارە له‌ کتێبی ده‌وڵه‌ته‌ چه‌ته‌کان، لە نووسینی نوام چۆمسکی بە زمانی سویدی وه‌رگیراوه. چەمک (کۆنسێپت)ی ده‌وڵه‌تی چه‌ته‌ نه‌خشێكی گرنگ دەبینێت له‌ گه‌ڵاڵه‌‌داڕێژیی و لێكدانه‌وه‌ سیاسییه‌كانی ئیمڕۆی جیهاندا. ئه‌مریکا و ئینگلیز ژماره‌یه‌ك ده‌وڵه‌تی وه‌ك عێراق، ئێران، لیبیا، سوریا‌، سودان و كۆریای باكوور وه‌ك ده‌وڵه‌ته‌ چه‌ته‌كان ده‌ناسێنن و ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌ وه‌ك مه‌ترسی بۆ سه‌ر وڵاتانی دراوسێ و هه‌موو جیهان ده‌زانن. ده‌وڵه‌تان چ مافێكیان هه‌یه‌ له‌ پاڕاستنی نه‌زمی جیهانیدا چ ئه‌ركێكیان ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شان، به‌ ئاشكرا له‌ مه‌نشووری ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا ئاماژه‌ی پێكراوه‌. مه‌نشووری ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ وه‌ك بنه‌مای مافه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان ناسراوه‌، گه‌وره‌ترین و گرنگترین به‌ڵگه‌ و په‌یماننامه‌ی جیهانییه‌ كه‌ تێیدا هاتووه‌: ” شوورای ئاسایشی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌به‌رامبه‌ر مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاشتی، ئه‌نجامدانی تاوان بۆ تێكدانی ئاشتی یان ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی هێرشكه‌رانه‌ هه‌ڵویست ده‌نوێنێت و به‌ جۆرێك كه‌ لەگه‌ڵ ماده‌كانی ٤١ و ٤٢ ناته‌بایی نەبێت، پێشنیاری پێویست ده‌خاته‌ ڕوو یان بڕیار ده‌دا كه‌ چ جۆرە چاره‌سه‌رییه‌ك ببیندرێته‌وه‌” (١) له‌ په‌راوێزی ئه‌م ماده‌یه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ هه‌تا ئه‌و جێگایه‌ كه‌ ئیمكانی هه‌یه‌ ده‌بێت له‌ شێوازی ئاشتیخوازانه‌ كه‌ڵك وه‌ربگیردرێت و له‌ چاره‌سه‌ری به‌ شێوه‌ی چه‌كداری خۆ بپارێزرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌موو شێوازه‌ چاره‌سه‌رییه‌كان كاریگه‌ر نه‌بوون، ئه‌وا ئاماژه‌ به‌ ماده‌ی ٥١ی مه‌نشوور كراوه‌ كه‌ له‌ودا “مافی خۆپاراستن به‌ تاک و كۆمه‌ڵ له‌ به‌رامبه‌ر هێرشی چه‌كداریدا دراوه‌” (٢) ئه‌گه‌ر ئێمه‌ مه‌نشووری ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان وه‌ك بنه‌ما دابنێین و له‌وێوه‌ پێناسه‌ی ده‌وڵه‌ته‌ چه‌ته‌كان بكه‌ین، له‌ ڕاستیدا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ نه‌ ته‌نیا ئه‌و چه‌ند ده‌وڵه‌ته‌ی ئاماژه‌پێكراو، به‌ڵكوو له‌ پێشدا خودی ئه‌مریکا و پاشان دۆست و هاوپه‌یمانه‌كانی چ له‌ ڕۆژهەڵاتی ناوین و چ له‌ ئه‌مریکای لاتین و چ له‌ شوێنه‌كانی دیكه‌ی جیهان ده‌كه‌ونه‌ نێو لیستی ده‌وڵه‌ته‌ چه‌ته‌ و یاساشکێنەکان. لیستی پێشێلكارییه‌ یاسا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان و خۆتێهه‌ڵقورتاندنه‌ سیاسی و نیزامییه‌كانی ئه‌مریکا له‌ وڵاتانی دیكه‌دا ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌ كه‌ ئاماژه‌ كردن به‌ هه‌موویان له‌م وتاره‌ كورته‌دا ناگونجێ، به‌ڵام به‌و دۆخەشەوە ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی كورت و خێرا پێویسته‌: ـ له‌ ده‌یه‌ی شه‌سته‌كانه‌وه‌ هه‌تا ئێستا ٤٠ ساڵی ره‌به‌قه‌ كوبا كه‌وتووه‌ته‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌، ئابڵۆقه‌ی ئابووری، تیرۆر و نانه‌وه‌ی ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ له‌ لایەن ئه‌مریکاوه‌. هه‌تا ئێستا چه‌ند جاران له‌ لایەن CIAیه‌وه‌ نه‌خشه‌ی تیرۆری فیدل كاسترۆ و كودەتا له‌ دژی كوبا داڕێژراوه‌. (٣)ـ ساڵی ١٩٧٥، سۆهارتۆ دیكتاتۆری ئیندۆنزیا، ته‌یموری ڕۆژهەڵاتی داگیر كرد، شۆرای ئاسایشی ڕێکخراوه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ بڕیارێکدا داوای له‌ ئیندۆنزیا كرد كه‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌ جێ بهێڵێ، به‌ڵام سۆهارتۆ كه‌ پشتیوانی دیپلۆماتی و نیزامی ئه‌مریکای له‌ پشت بوو، گوێی به‌م بڕیارە نه‌دا و له‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ ٢٠ ساڵ درێژەی بە داگیركاری ته‌یمووری ڕۆژهه‌ڵات دا و زیاتر له‌ ٢٠٠ هه‌زار كه‌س له‌ خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ی کوشت. (٤)ـ دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی لاهایی ساڵی ١٩٨٦ئه‌مریکای تاوانبار كرد كه‌ له‌ نیكاراگوادا تووندوتیژی چه‌كداری به‌كار هێناوه‌ و به‌ بیانووی یارمه‌تی مرۆیی یارمه‌تی نیزامی و چه‌كی داوه‌ به‌ كۆنتراگەریلاكانی نیكاراگوا. هه‌روه‌ها دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی داوای له‌ ئه‌مریکا كرد كه‌ زیانەکان بۆ نیكاراگوا قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌، به‌ڵام نه‌ ته‌نیا ئه‌مریکا گوێی به‌م بڕیاره‌ی دادگای نێونەتەوەیی نه‌دا به‌ڵكوو زیاتر له‌ جاران خۆی له‌ كێشه‌ی نیكاراگوا هه‌ڵقورتاند. (٥)ـ كاتێك ڤێتنام ویستی پێش به‌ قه‌سابخانه‌كه‌ی پۆلپۆت بگرێ، چین به‌ ره‌زامه‌ندی ئه‌مریکا هێرشی كرده‌ سه‌ر ڤێتنام. دواتر كاتێك پۆلپۆت له‌سه‌ر كار لابرا ئه‌مریکا یه‌كێك له‌ پشتیوانه‌ هه‌ره‌ نزیكه‌كانی پۆلپۆت له‌ بواری دیپلۆماتی و نیزامیدا بوو، پۆلپۆتێك كه‌ وه‌ك یه‌كێك له‌ بکوژ و كۆمه‌ڵكوژکارەکانی جیهان ناسراوه‌. (٦)

ـ ئه‌مریکا ئه‌زموونی دیموكراسی گواتمالای به‌ هێرشێكی نیزامی له‌ناو برد و حكومه‌تێكی نیزامی و دیكتاتۆری هێنایه‌ سه‌ر كار كه‌ له‌ ماوه‌ی ٤٠ ساڵ دا درێژه‌ی به‌ حكومه‌تی سه‌ره‌ڕۆی خۆی دا. (٧)ـ ساڵی ١٩٩١ ئه‌مریکا ئه‌زموونی دیموكراسی هایتی به‌ خستنه‌سه‌ر ئابڵوقه‌ی ئابووری له‌ناو برد و سەرکۆماری هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵكی له‌سه‌ر كار لابرد. دۆستێكی خۆی هێنایه‌ سه‌ر كار كه‌ ته‌نیا ١٤ له‌ سه‌دی ده‌نگه‌كانی هێنابووه‌وه‌. (٨)ـ ساڵی ١٩٨٦ ئه‌مریکا گونده‌كانی لیبیای به‌ بیانووی شیانی تیرۆر له‌ داهاتوودا بۆمبباران كرد و خه‌ڵكی بێتاوانی كوشت. (٩)ـ ئه‌مریکا به‌ پشتبه‌ستن به‌ ماده‌ی ٥١ی مه‌نشووری ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، واتا مافی خۆپاڕاستن هێرشی كرده‌ سه‌ر پاناما و داگیری كرد. (١٠)ـ ئه‌مریکا له‌ ساڵه‌كای ١٩٦١ و ١٩٦٢ له‌ باشووری ڤیه‌تنامدا گازی کیمیایی به‌كار هێنا و ئێستا و ئێستاش شوێنه‌واری ئه‌و بۆمببارانە کیمیاییە له‌سه‌ر خه‌ڵك ماون وه‌ك نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ و به‌ نوقسانی له‌دایكبوونی منداڵ. (١١) ئه‌م كرده‌وانه‌ی ئه‌مریکا كه‌ ته‌نیا دڵۆپێك له‌ ده‌ریایه‌كن. نیشان ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌مریکا وێرای عێراق، ئێران و (ئه‌وانی دیكه‌ كه‌ له‌ لایەن ئه‌مریکاوه‌ وه‌ك ده‌وڵه‌تی چه‌ته‌ ناسراون)، یه‌كێكه‌ له‌ ده‌وڵه‌ته‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌ چه‌ته ‌و یاسانه‌پارێزه‌كانی جیهان. له‌ رووانگه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکاوه‌ ده‌بێ پێوەندی ئه‌مریکا و ده‌وڵه‌تان له‌ سه‌ر بنەمای ملكه‌چبوون بۆ ئه‌مریکا و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ئه‌مریکا ده‌مه‌زرابێ، نه‌ك له‌ سه‌ر بنەمای یاسا‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان و مه‌نشووری ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان. ساڵی ١٩٩٣ سه‌رۆككۆمار بیل كلینتۆن ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانی ئاگادار كرده‌وه‌ كه‌ ” ئه‌مریکا ئه‌گه‌ر بتوانێ ئه‌وه‌ چه‌ند لایەنه‌ و به‌ هاوكاری وڵاتانی دیكه‌ ده‌جووڵێته‌وه‌، ئه‌گه‌رییش ناچار بوو ئه‌وا یه‌كلایەنه‌ له‌ كێشه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا ده‌جووڵێته‌وه‌.” (١٢) مادلێن ئولبرایت وه‌زیری ده‌روه‌ی ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ی عێراق، به‌ ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانی گوت:” ڕۆژهەڵاتی ناوین بۆ ئێمه‌ نه‌خشی ژیانیی هه‌یه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ناچار بووین ئه‌وه‌ یه‌كلایەنه‌ ده‌جوڵێینه‌وه‌ و كات و شوێنی هێرشه‌ نیزامییه‌كانیش بۆ خۆمان دیاری ده‌كه‌ین.” (١٣) ئه‌مریکا و كێشه‌ی كورد وه‌ك “جۆن پیلجه‌ر” نووسه‌ری ئینگلیزی ده‌ڵێ: ” خه‌ریكه‌ له‌ سایه‌ی فیلمه‌كانی هۆڵیوودەوە تاوانەکانی ئه‌مریکا له‌ بیر بچنه‌وه‌.” (١٤) به‌ڵام له‌ كوردستانیش وا خه‌ریكه‌ له‌ سایه‌ی حزبه‌ چه‌پ و دیموكراته‌كانه‌وه‌ ناحه‌قییه‌كانی ئه‌مریکا له‌ دژی كورد له‌ بیر بكرێ و ئه‌مریکا وه‌ك فریشته‌ی ڕزگارکەری گه‌لانی بن ده‌ست بناسرێ. لێره‌ دا ئاماژه‌كردن به‌ چه‌ند نموونه‌یه‌ك له‌ ناحه‌قییه‌كانی ئه‌مریکا به‌ پێویست ده‌زاندرێ: ـ یارمه‌تییه‌ سیاسی و نیزامییه‌كان به‌ شای ئێران له‌ رووخاندنی كۆماری كوردستاندا رۆڵی زۆر گرنگی گێڕاوه‌.(١٥) ـ به‌كاربردنی كارتی كورد له‌ دژی عێراق و سۆڤیه‌ت و پاشان پشتكردن و به‌جێهێشتنی كورد له‌ ساڵه‌كانی ٧٠ دا له‌ لایەن ئه‌مریکاوه‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ گرنگه‌كانی تێكشكانی شۆڕشی بارزانی بوو له‌ ساڵی ١٩٧٥. ـ ساڵی ١٩٨٤ ئه‌مریکا پێوەندیه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ سه‌دام حوسێنی دیكتاتۆر وه‌ك دووەم به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وتی جیهان پتەو كرد و ده‌ستی سعودیه‌ و وڵاتانی دیكه‌ی عه‌ره‌بی ئاوەڵا كرد وا سوپای سه‌دام له‌ دژی ئێران و كورد به‌هێز بكه‌ن. سه‌دام حوسێن لە ڕۆژی ١٦ی مارسی ١٩٨٨ هه‌ڵه‌بجه‌ی به‌ كازی کیمیایی بۆردومان كرد و زیاتر له‌ ٥ هه‌زار كوردی كوشت. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ سه‌دام حوسێن یه‌كێك بوو له‌ دۆسته‌كانی ئه‌مریکا له‌ ڕۆژهەڵاتی ناویندا. كاتێك هه‌واڵنێری ته‌له‌فزیۆنی ABC به‌ ناوی “چارلس گڵاس” ١٠ مانگ دوای ڕووداوی هه‌ڵه‌بجه‌ پرسیاری له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا كرد، وتەبێژی وه‌زاره‌تی ده‌رەوه‌ حاشای له‌ رووداوی هه‌ڵه‌بجه‌ كرد و گوتی ئێمه‌ ئاگامان له‌ هه‌واڵی وا نییە‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا بوو كه‌ كارمه‌ندانی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ ماوه‌ی ساڵه‌كانی ١٩٨٦و ١٩٨٧ دا ڕاپۆرتیان دابوو كه‌ عێراق گازی کیمیایی له‌ شه‌ڕدا به‌كار بردووه‌. هه‌روه‌ها كارمه‌ندانی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ تورکیا‌ و سیخوڕه‌كانی CIA چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كورده‌ قوربانییه‌كانی گازی کیمیایی كرد بوو، ئه‌وانیش ئه‌و ڕاپۆرتانه‌یان بۆ ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا ناردبوو.(١٦) ـ ساڵی ١٩٩٠ كورد له‌ باشووری کوردستان راده‌په‌ڕێ و پاش قوربانییە‌كی زۆر كه‌ركووك له‌ ده‌ست سه‌دام حوسێن رزگار ده‌كرێ، چه‌ند رۆژ دواتر ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌كان پێشی سوپای عێراق ئاوه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن و به‌تایبه‌ت ئیجازه‌ی فڕین به‌ هه‌لیكۆپتەره‌كانی سه‌دام ده‌درێ كه‌ راپه‌ڕینه‌كه‌ی كورد سه‌ركوت بكرێت و شاری كه‌ركووك جارێكی تر بكه‌وێته‌وه‌ ژێر ده‌ستی سه‌دام حوسێن. ـ سه‌ركوت، نكۆڵی و به‌ زۆر تواندنه‌وه‌ی كورد به‌ ده‌ست توركیای ئه‌ندامی ناتۆ و دۆستی هه‌ره‌ نزیكی ئه‌مریکا له‌ ناوچه‌کەدا، یه‌كێك له‌ په‌ڵه‌ شه‌رمه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌ به‌ نێوچاوانی رۆژئاواوه‌. له‌ كاتێكدا له‌ ساڵه‌كانی نه‌وه‌ددا گه‌وره‌ترین یارمه‌تییه‌ ماڵی و نیزامییه‌كان له‌ لایەن ئه‌مریکاوه‌ دران به‌ تورکیا‌، ته‌نیا له‌ نێوان ساڵه‌كانی ١٩٩٠ هەتا ١٩٩٤ یه‌ك میلیۆن كه‌س له‌ گونده‌كانه‌وه‌ به‌ره‌و ئامه‌د كۆچی زۆره‌ملییان پێكرا و ٢ میلیۆنی دیكه‌ به‌ره‌و شاره‌كانی تورکیا‌ و مێترۆپۆله‌کانی تورک ره‌وانه‌ كران. ته‌نیا له‌ نێوان ساڵه‌كانی ١٩٩٣ و ١٩٩٤ دا ٣٢٠٠ كورد له‌ لایەن پۆلیسی تورکیا‌وه‌ كوژراون. به‌ هه‌زران گوند كاول كراون و ژماره‌ی قوربانییه‌كان خۆی له‌ ٤٠ هه‌زار كه‌س نزیك ده‌كاته‌وه‌. چەمک (كۆنسێپت)ی تێرۆریست كه‌ توركیا له‌ پڕوپاگه‌نده‌ی دژی كورد-دا به‌كاری ده‌با به‌ هه‌مان شێوه‌ش له‌ ئه‌مریکا له‌ دژی كورد به‌كار ده‌برێ. ڕێکخراوێكی كورد وه‌ك پ. ك. ك ده‌خرێته‌ نێو لیستی تێرۆره‌وه‌ و عەبدوڵڵا ئۆجالان به‌هۆی CIA یه‌وه‌ ده‌گیرێ و ڕاده‌ستی توركیا ده‌کرێت. كه‌ وایه‌ كارنامه‌ی ئه‌مریکا له‌ پێوەندی له‌گه‌ڵ كوردیشدا کارنامه‌یه‌کی ڕه‌شه‌، ئه‌مریکا و سیاسه‌تی ده‌رەوه‌ی بۆ كورد بێجگه‌ له‌ شه‌ڕ خێرێكی تێدا نه‌بووه‌، چاوی ئه‌مریکا ته‌نیا له‌ نه‌وت و سامانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە نه‌ك شتی دیكه‌، كوردیش له‌م نێوه‌دا ته‌نیا قوربانییه‌كه‌ وه‌ك هه‌زاران قوربانی دیكه لە جیهاندا‌. ئه‌مریکا و دۆسته‌ دیكتاتۆره‌كانی له‌ ڕاستی دا ئه‌مریکا ئه‌وه‌نده‌ دۆستی دیكتاتۆری هه‌بوون و هه‌ن كه‌ له‌ ژماردن نایه‌ن، به‌ڵام ته‌نیا ناوهێنان و وه‌بیرخستنه‌وه‌ی ژماره‌‌یه‌كیان ره‌نگه‌ بێكه‌ڵك نەبێت: سۆهارتۆ، ماركووس، مووبووتۆ، ترۆیجیلیۆ، دڤالیه‌، نۆریێگا، پینۆشه‌، شا حوسێن، شای ئێران، ژەنەڕاڵە توركه‌كان، بنه‌ماڵه‌ی ئیبن سعود، ئه‌نوه‌ر سادات، حوسنی موباره‌ك، ژەنەڕاڵە پاكستانییه‌كان، شا حه‌سه‌ن و كوڕه‌كه‌ی له‌ مه‌غریب، سه‌دام حوسێن دۆستی كۆن و دوژمنی تازه‌، تاڵیبانەکانی ‌ دۆستی دێرین و دوژمنی ئەمڕۆ، ئاریه‌ل شارۆن و… ـ پێویست به‌ نموونه‌ هێنانه‌وه‌ی زیاتر ناكا، ته‌نیا ئاماژه‌ كردن به‌ كولومبیا ده‌توانێ به‌س بێ. ده‌وڵه‌تی كولومبیا یه‌كێك له‌ دۆسته‌ نزیكه‌كانی ئه‌مریکا کە له‌ ئه‌مریکای لاتینه‌. به‌ پێی ڕاپۆرتێك كه‌ له‌ لایەن خودی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکاوه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ساڵانه‌ چه‌نده‌ خه‌ڵكی بێتاوان له‌ كۆسۆڤۆ به‌ ده‌ستی سێربه‌كان ده‌كوژران، ئه‌ونده‌ش له‌ كولومبیا به‌ ده‌ستی نیزامییه‌كان ده‌كوژرێ. له‌ كۆسۆڤۆ ئه‌مریکا و ناتۆ هه‌ڵویست ده‌گرن و شه‌ڕ له‌ دژی میلۆسۆڤیچ راده‌گه‌یه‌نن، به‌ڵام له‌ كۆلۆمبیا چه‌كوچۆڵی زیاتر به‌ نیزامییه‌كان ده‌ده‌رێ. له‌ كولومبیا دا زیاتر له‌ یه‌ك میلیۆن ئینسان به‌ ده‌ستی حكوومه‌ت و هێزه‌ میلیشیاکانەوە هەڵاتوون و له‌ سه‌ر خاك و وڵاتی خۆیان ئاواره‌ و سه‌رگه‌ردان كراون. (١٨)

دەرئەنجام

ڕاسته‌ ده‌وڵه‌ته‌كانی عێراق و ئێران و ئه‌وانی دیکە چه‌ته‌ن، به‌ڵام گه‌وره‌ترین ده‌وڵه‌تی چه‌ته‌ و یاسانه‌پارێز خودی ئه‌مریکایه‌ كه‌ هه‌تا ئێستا به‌ ده‌یان بڕیاری ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانی له‌ ژێر پێ ناوه‌ و له‌ كێشه‌ نێونه‌ته‌وه‌یه‌كاندا سه‌ربه‌خۆ ده‌جووڵێته‌وه‌، بێجگه‌ له‌وه‌ ئه‌مریکا له‌ به‌ر قازانجه‌ ئابووریه‌كانی دۆستایه‌تی گه‌رمی ژماره‌یه‌كی زۆر دیكتاتۆر له‌ جیهاندا ده‌كات و له‌ ڕاستیدا هۆكارێكی هه‌ره‌ گرینگه‌ له‌ رێگه‌گرتن به‌ پرۆسه‌ی دیموكراسی و ئازادی له‌ وڵاتانی دیكتاتۆری لێدراودا، ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر كێشه‌ی كورد هه‌تا ئێستا ئه‌مریکا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ وڵاتان له‌سه‌ر حیسابی كورد كردووه‌ و سیاسه‌تێكی دووڕوویی و دوور له‌ ئەخلاقی له‌سه‌ر كورد به‌كار هێناوه‌ له‌ كاتێكدا بۆ دژایه‌تی له‌گه‌ڵ سه‌دام حوسێن كارتی كورد به‌كار دێنێت و خۆی به‌ هاوپه‌یمانی كورد له‌و به‌شه‌ی كوردستاندا ده‌زانێ به‌ڵام له‌ لایەکی دیكه‌ له‌ باكووری كوردستان، وێڕای تورکیا‌ی هاوپه‌یمانی به‌شداری له‌ كوشتوبڕی كورد ده‌كا، ئه‌وه‌ش بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر نه‌زمی جیهانی و رۆڵی ئه‌مریکا وه‌ك تاکه‌ زلهێزی جیهان ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ وه‌ك خودی چۆمسکی ده‌ڵێ ناولێنانی ئه‌مریکا وه‌ك ”پۆلیسی جیهانی” گه‌وره‌ترین بێحورمه‌تییه‌كه‌ هه‌تا ئێستا به‌ پۆلیس كرابێت، چوونكه‌ ئه‌گه‌ر پۆلیس سه‌مبۆلی نه‌زم و یاسا بێ ئه‌وه‌ ئه‌مریکا سه‌مبۆلی تێكده‌ری، پشێوی و كوێخایه‌تییه‌.

*ئەم وتارەم دوای خوێندنەوەی کتێبی (دەوڵەتە چەتەکان)ی چۆمسکی وەک جۆرێک لە ناساندنی کتێبەکە لە ساڵی ٢٠٠٣ بڵاو کردەوە. دواتر بە هەندێک دەستکارییەوە وەک پێشەکی لە کتێبی لە تارمایی ١١ سێپتەمبەردا بڵاوم کردووەتەوە. لەم ڕۆژانەدا لە کاتی نەخۆشی و کەوتنە نەخۆشخانەی چۆمسکی وەک ڕێزگرتنێک لەم فەیلەسوفە سەرکێش و نەچەماوەی خەبات لە پێناوی وشە و ڕاستگۆیی بڵاوی دەکەمەوە. نوسەری بابەت.

سەرچاوە. ئازادی کۆمەڵگە