کەجەکە: مام نەمر شەهیدی کوردستانە

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە یادی مام نەمری کردەوە و وتی: "بە ڕێز و حورمەتەوە یادی دەکەینەوە و لە بەرانبەر تێکۆشانی پڕ لە شکۆی وڵاتپاریزی مام نەمردا بەژنمان دادەنەوێنینەوە."

مام نەمر

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە پەیوەست بە شەهیدبوونی مام نەمر ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە لە ڕاگەیاندراوەکەدا مام نەمری بە 'شەهیدی کوردستان' ناوهێناوە.

ڕاگەیاندراوەکەی هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەم شێوەیە:

"بە غەمگینییەوە بیستمان کە وڵاتپارێزی قارەمانی کۆبانێ مام نەمر (خەلیل عوسمان) گیانی لە دەستداوە، کە لە نێو گەلەکەماندا دەناسرایەوە و جێگەی ڕێز بوو. بە ڕێز و حورمەتەوە یادی دەکەینەوە و لە بەرانبەر تێکۆشانی پڕ لە شکۆی وڵاتپاریزیانەیدا بەژنمان دادەنەوێنینەوە. سەرساغی خۆمان بۆ کەسوکار، گەلی ڕۆژئاوا و کۆبانێ، تەواوی گەلی وڵاتپارێزی کوردستانمان دەخوازین.

کاتێک چەتە فاشیستەکانی داعش هێرشی سەر کۆبانێیان کرد، مام نەمر وێڕای زۆری تەمەنی چەکی لە شانکرد و بەشداری بەرەی شەڕ بوو، وە تا ئازادی کۆبانێ سەنگەر بە سەنگەر شەڕی کرد. چەندین جار بریندار بوو، بەڵام هەرگیز لە کۆبانێ و بەرەکانی شەڕدا نەکشایەوە. بەم هەڵوێستە قارەمانە وڵاتپارێزییەوە بووە مۆراڵێکی مەزنی بۆ هەموو هاوڕێیانی کە لەبەرەکانی شەڕدا لە بەرخۆداندا بوون و مۆراڵێکی گەورەی بە گەل بەخشی. مام نەمر هاوڕێیەتی هەزاران شەڕڤانی ئازادی کرد و هاوشێوەی ئارین میرکان بووە سیمبوڵی بەرخۆدانی کۆبانێ.

لەگەڵ تەمەنی زۆریدا بە هەڵوێستی بوێریی، فیداکاری و قارەمانێتییەوە هاوشێوەی محمەد تونچان بووە پێوانەی وڵاتپارێزی سەردەمی نوێ و هێڵی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی. لە دەستدانی مرۆڤێکی وڵاتپارێزی لەم شێوەیە لە دڵەوە ئازاریداین. بەڵام هەموو کاتێک لە تێکۆشانماندا یادی زیندوو ڕادەگرین. دەبێت مرۆڤێکی هێژای لەم شێوەیە وەک شەهیدی کوردستان یاد بکرێتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە بە ڕێزدارییەوە یادی دەکەینەوە."