لە ئامەد ژنان بۆ ڕۆژین کابایش بە بێدەنگی ڕێپێوانیان کرد

لە ئامەد ژنان بە ڕێپێوانی بێدەنگ سەردانی پرسەی ڕۆژین کابایشیان کرد کە تەرمەکەی پاش ١٨ ڕۆژ بێسەروشوێنی دۆزرایەوە، دووپاتیان کردەوە تا دۆزینەوەی تاوانباران تێکۆشان بەردەوام دەبێت.

ژنان سەردانی پرسەی خوێندکاری زانکۆی یوزونجو یەلی وان ڕۆژین کابایشیان کرد کە تەرمەکەی پاش ١٨ ڕۆژ بێسەروشوێنی دۆزرایەوە، ژنان پێش سەردانی پرسەکە دەستیان بە ڕێپێوان کرد، ڕێکخراوەکانی ژنان و هاوسەرۆکای شارەوانی و وتەبێژی مەجلیسی ژنانی دەم پارتی خالیدە تورکئۆغلو و سیاسەتمەدار گوڵتان کشاناک و چەندین ژن بەشداری ڕێپێوانەکە بوون. ژنان پانکارتی "کوشتنی ژنان سیاسی و ئایدۆلۆژییە"یان هەڵگرت، ژنان لە ڕێپێوانە بێدەنگەکەدا وێنەی ڕۆژین کابایشیان لەسەر سنگیان دانابوو.

ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ڕۆسا، بەرفین پۆڵات ژنانی قوربانی بیرهێنایەوە و ڕایگەیاند سیاسەتی دەربازبوون لە سزا ڕێگەی بۆ ڕەوشێکی ترسناک کردووەتەوە، گوتی: "بێ لە تیکۆشان چارەیەکی ترمان نییە، بەڵێن دەدەین بۆ درێژە بە تێکۆشان دەدەین".

هاوسەرۆکی شارەوانی وان، نازلیهان شەدال سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کابایش کرد ڕایگەیاند بکوژانی نارین تا ڕۆژین دەدۆزینەوە، گوتی: "بڕیاری سیاسی لەسەر ژیانمان دەدەن، کاتێک سکاڵا دەکەین دەمانکوژن، گۆشەگیرمان دەکەن و دەمانخەنە زیندان. ئەمڕۆ هەزاران ژن لەپاڵ ماڵی ڕۆژین دەوەستن. لێرەوە، بەڵێن دەدەین، تا چارەسەرکردنی ئەم ڕووداوە، تێکۆشانمان بەردەوامە".