مانای ژینگە لە ڕوانگەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە

ئاوێتەبوون لەگەڵ سرووشت و بوون بە یەک، گەوهەرێکی ئابووری جڤاکییە. واتا تەنێ گرنگ نییە درەخت بچێنین، بەڵکوو گرنگتر ئەوەیە چۆن لە فەلسەفەی چاندنی درەختەکە تێبگەین.

ژینگەی کوردستان

شاخ و دۆڵ و درەخت و دەوەنەکانی کوردستان، لە ساتەوەختێکی پڕ لە هەژان و خەم ناسۆردا دەژین، هەنووکە سرووشت و ژینگەی کوردستانی ڕەنگین کەوتووەتە ژێر سایە و ڕەحمی چەکە کیمیاییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە دژی ئەو گەریلا ئازادانەی بە ژیان و هزر و ژینی خۆیان بست بە بستی کوردستان لە داگیرکەران دەپارێزن. ئەم هێرشانە تەنیا هێرشێکی داگیرکاریی نییە، بەڵكوو هاوکات هێرش و داگیرکارییەکانی زیهنییەتێکی فاشیستیی و دڕندەیە کە لەپێناو چەوساندنەوە و تێکدان و کاولکارییدا هیچ سنوورێک ناناسێت و هەنووکەش سروشتی کوردستانی کردووەتە قوربانی چەکە کیمیایی و بۆمبە قەدەغەکراوەکانی. لە بەرانبەر ئەم ڕەوشەدا زۆر کات باس لە هەڵوێست و بێدەنگنەبوون دەکرێت لە ئاست ئەم کاولکارییەی کە بەسەر ژینگەی کوردستاندا هاتووە. لەو چوارچێوەیەدا پێویستە وەبیر هەمووانی بهێنینەوە لە چوارچێوەیەی مۆدێرنیتەی دیموکراتیدا کە تاکە جێگرەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریییە ژینگە و سرووشتی کوردستان شوێنگەی ڕاستەقینەی خۆی بەدەست دەخاتەوە. بێشک پێویستە بە ڕوونی باس لە سێ بنەما سەرەکییەکەی مۆدێرنیتەی دیموکراتی بکەین کە هەڵقووڵاوی هزر و پارادیگمای ڕێبەر ئاپۆیە و لە ئازادیی ژن، ئیکۆلۆژیی و دیموکراسی پێک هاتووە. سا بۆیە دەبێژین گەر ژیاری مرۆڤایەتی لە زاگرۆس- تۆرۆسەوە ڕسکا بێت ئەوا بێشک ئیکۆلۆژیش لەنێو مۆدێرنیتەی دیموکراتیدا دەکرێت وەک لێگەڕین و چەمکێکی زانستی ببینرێت لە بەرانبەر وێرانکارییەکانی سەرمایەداریدا. لێرەوە ڕا دەکرێت بپرسن کە ئایا ئیکۆلۆژیی چییە و لەنێو پارادیگمای ڕێبەر ئاپۆ و مۆدێرنیتەی دیموکراتیدا چۆن و بە چ شێوازێک خراوەتە ڕوو. سەرەتا دەبێژین، ئیکۆلۆژی زانستێکە لە پەیوەندی نێوان کۆمەڵگە و ژینگە دەکۆڵێتەوە، هەر لەم پێناسەیەوە لەوە تێدەگەین کە تێگەیشتن و کارکردن لەنێو ئیکۆلۆژیدا واتا کارکردنە بۆ کۆمەڵگە و لەنێو کۆمەڵگەدا بەبێ ئەوەی هیج جۆرە دابڕانێک بەدی بکرێت. هاوکات ڕێبەر ئاپۆ دەربارەی ئیکۆلۆژی دەڵێت ئەو هۆشیارییە سنوردارەی لەبارەی ژینگەوە گەشەی کردووە، لەڕێگەی ئیکۆلۆژییەوە پێهەڵگرتنێکی شۆڕشئاسا ئەنجام دەدات. هەر بۆیە لەوە تێدەگەین وا لە ڕێگەی هۆشیارییەکی کۆمەڵایەتییەوە پێویستە پەرە بە سیاسەتێکی ئەخلاقی بدرێت بۆ خۆشویستن و ڕێزگرتن لە سروشت و ژینگە کە بەهۆی سەرمایەدارییەوە مرۆڤ لە ژینگە و سرووشتەکەی نامۆ کراوە. هاوکات پێویستە لە ڕوانگەی ڕێبەر ئاپۆوە ئاماژە بە خاڵێکی تر بدەین لە پەیوەند بە تێگەیشتن لە ئیکۆلۆژیی و ئەو پەیوەندییە مەعریفی و ڕۆحییەی کە مرۆڤ بە ژینگە و سرووشتەوە دەبەستێتەوە. لە ڕوانگەی ڕێبەر ئاپۆوە، پەیوەندی نێوان مرۆڤ و سرووشت، پەیوەندییەکی میتۆلۆژییە نەوەک زانستیی پۆزەتیڤیستیی. ئەمەش بەو پێیەی کاتێک دەگەڕێینەوە بۆ نێو ناوەڕۆکی میتۆلۆژیاکان دەبینین کە میتۆلۆژیا یان ئوستووڕە، سرووشت وەک تەنێکی زیندوو دەبینێت کە هەردەم لەگەڵ مرۆڤدا لە پەیوەندیدایە، بەڵام لە ڕوانگەی زانستی پۆزەتیڤیستییەوە کە چەکێکی بەهێزی دەستی لیبڕاڵیزم و سەرمایەدارییە، سرووشت تەنیا تەنێکی بێڕۆحە و هیچ پێکەوەییەک لەنێوان سرووشت و مرۆڤدا نییە، کەوابێ بۆ دۆزینەوەی تێگەیشتنێکی ڕاستەقینە لە هەمبەر ئیکۆلۆژیی پێویستمان بە گەڕانەوە بۆ میتۆلۆژیا یاخود دیرۆکی دێرینی خاکی کوردان واتا جوگرافیای دێرینی زاگرۆس- تۆرۆسە. بابەتێکی دیکە لە پەیوەند بە تێگەیشتن لە ئیکۆلۆژی بریتییە لە تێگەیشتن لە ئازادیی ژن یاخود بە واتایەکی دیکە، تێگەیشتن لە زانستی ژنۆلۆژی و فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادیی. لە واتایەکی دیکەدا بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم پرسە، پێویستمان بە ئاوێزانبوون لەگەڵ مێژووی شۆڕشی کشتوکاڵ واتا شۆڕشی نیۆلیتیک هەیە، کە لە نزیکەی ١٢ هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە تاوەکوو هاتنە کایەی شارستانییەتی دەسەڵاتگەر و پیاوسالار و توندوتیژیی سۆمەر، ژن هەردەم پێشەنگی کۆمەڵگە و جڤات بووە و خاوەندارێتیی لە دەستکەوتەکانی مرۆڤایەتی کردووە و خوداوەندەی زەوی و ئاسمانەکان بووە. لە کۆتایدا دەبێژین لە زانستی ئیکۆلۆژی و بە تایبەت لە مۆدێرنیتەی دیموکراتیدا خۆشویستینی ئاژەڵ و سروشت و کۆی ژینگەکەمان بنەمای خۆشویستنی مرۆڤ بۆ مرۆڤیش. واتە ئاوێتەبوون لەگەڵ سرووشت و بوون بە یەک، گەوهەرێکی ئابووری جڤاکییە. واتا تەنێ گرنگ نییە درەخت بچێنین، بەڵکوو گرنگتر ئەوەیە چۆن لە فەلسەفەی چاندنی درەختەکە تێبگەین.