ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە پەلامار و هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان چڕتربوونەوە و درۆنەکانی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە هەموو شوێنێکی باشووریان کردووەتە گۆڕەپانی تیرۆرکردنی شۆڕشگێڕان و هاووڵاتیانی مەدەنی.
لەم لاشەوە لە دوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە، هێرشی درۆنی گروپە ملیشیا عێراقییەکان کە خۆیان وەک "خۆڕاگریی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا و هاوپەیمان لە عێراق و سوریا و بە تایبەتیش لە هەولێر زیاد کردووە.
بەرپرسانی حکومەتی باشووری کوردستان و بە دیاریکراوی پەدەکە هەڵوێستی دووڕوویانەیان بەرامبەر بەو دوو جۆرە هێرشە پەیڕەو کردووە، یەکیان بە رەوا و باش نادەبەن و ئەوەندەی لەدەستیان هاتبێت درێغییان نەکردووە لە هاوکاری کردنی دەستدرێژیکار، ئەوەی دیکەشیان بە دوژمنکارانە و تاوان و پێشێلکاری ناودەبەن.
لە نوێترین کاردانەوەی لەم جۆرەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی باشووری کوردستان لە بەغداوە وتی، "هێرشە درۆنیەکان پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقن" دیارە مەبەست لێی هێرشە درۆنیەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێونەتەوەیی دژی داعشە کە چەند بنکەیەکیان لە ناو فرۆکەخانەی هەولێر و فرۆکەخانەی سەربازی هەریر هەیە.
بارزانی و حزبەکەی کە پێشتر زۆرجار چ بە پاساو هێنانەوە بۆ هێرشە ئاسمانی و زەمینیەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان رەوایەتیان بەو دەستدرێژیانە داوە و زۆرجاریش چاوساغیان بۆ ئەو پەلامارانە کردووە، کە زیانی گیانی و ماددی زۆریشییان بە هاووڵاتیانی هەرێم گەیاندووە، ئاخۆ هەرگیز بیر لەو دوفاقیەیان دەکەنەوە.
هێرشی گروپە ملیشیاییەکان بۆ سەر بنکەی هاوپەیمانان و ئەمریکا لە هەرێم سنووردارە و هیچ زیانێکی ئەوتۆی لێنەکەوتووەتەوە. بەڵام هێرشەکانی دەوڵەتی تورک جگە لە شۆڕشگێڕان، هاوڵاتیانی مەدەنی هەرێمیشی کردووەتە ئامانج و رووبەڕێکی زۆری باشووریش کەوتووەتە ژێر داگیرکەری تورکەوە.
ئامانج لەم بەراوردکارییە بەهیچ جۆرێک رەوایەتیدان نییە بە هێرشی ملیشیاکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هەڕێم، بەڵکوو تەنیا روونکردنەوەی ئەوەیە کە بۆچی کەس هیچ بایەخێک بۆ نیگەرانی و ئیدانەکردنەکانی پەدەکە و حکومەتی هەڕێمی باشووری کوردستان بەرامبەر بەو هێرشانە دانانێت.
ئایا بەلای نێچیرڤان بارزانی دەستدرێژی دوو جۆری هەیە؟ باش و خراپ؟ دەکرێت دەستدرێژییەک رەوا بێت و ئەویتر ناڕەوا؟ چۆنە بەرامبەر بە یەکێکیان دەنگ هەڵدەبڕن و بەرامبەر بەوەی دیکە نەک بێدەنگن بەڵکوو یارمەتی دەستدرێژیکاریش دەدەن؟ بۆچی ئەمەیان پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق و ئەوەی تورکیا پێشێلکاری نییە؟
ئاخۆ ئەگەر نێچیرڤان و حزبەکەی پێشتر دەنگیان بەرامبەر دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورک هەڵبڕیایە، یان لانیکەم چاوساغی و هاوکارییان نەکردایە، ئێستا رووسوورانەتر نەیاندەتوانی لە بەغدا داوای راگرتنی هێرشەکانی سەر بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق بکات؟
ئەگەر بابەتەکە بیانووی هێرشەکان بێت، هەروەک زۆرجار نێچیرڤان بارزانی و بەرپرسانی دیکەی پەدەکە لە بۆنە جیاجیاکاندا باسی لێوەدەکەن، ئایا دەتوانن داوا لە هاوپەیمانان و ئەمریکاش بکەن، کە خاکی هەرێم جێبهێڵن، هەروەک زۆر جار بۆ پاساوهێنانەوە بۆ پەلامار و دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورک ئەو داوایەیان لە شۆڕشگێڕانی بزوتنەوەی ئازادی کوردستان هەبووە؟
کوردەواری وتەنی لە شوێنێک "گاڕان بە پانەوە دزرابێت، ئەوەی لە چارەنووسی گۆلکە سور بپرسێت" دەبێتە مایەی گاڵتەجاڕ، بۆیە بەغدا و هەموو دنیاش گاڵتەیان بە دەربڕینی پەرۆشی نێجیرڤان بارزانی دێت بۆ سەروەری خاکی عێراق، چونکە کەس هێندەی بارزانی و حزبەکەی هەر لە تاڵانکردنی نەوتی هەرێم بۆ بەرژەوەندی ئەنقەرەوە تا هاوکاری و چاوساغی بۆ سوپای تورک، سەروەری خاکی عێراقیان ئەتک نەکردووە.
خۆزگە خێرومەندێک پەیدا دەبوو بە گوێ نێچیرڤان بارزانیدا بچرپێنێت و بڵێت "کاک نێچیر بوەستە.. دەستدرێژی دەستدرێژییە ".
هـ . ب