شاندی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە پەرلەمانی ئەوروپا دەستی بە کۆبوونەوە کرد
شاندێک کە نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریاشی تێدایە، لەگەڵ پەرلەمانتارانی پەرلەمانی ئەوروپا و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دەستیان بە کۆبوونەوە کرد.
شاندێک کە نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریاشی تێدایە، لەگەڵ پەرلەمانتارانی پەرلەمانی ئەوروپا و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دەستیان بە کۆبوونەوە کرد.
شاندێک بە سەرۆکایەتی نوێنەری ئەوروپای ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا عەبدولکەریم عومەر، بە بەشداری هاوسەرۆکی هەدەپە جاهید کرکازاک، نوێنەری دەم پارتی لە ئەوروپا، ئەیوب دۆرو و نوێنەری دەم پارتی لە کۆنسەی ئەوروپا فایەق یاگزای، لە پەرلەمانی ئەوروپا کۆبوونەوەیان ئەنجامدا.
شاندەکە گەیشتە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا، لە ڕۆژی یەکەمدا لەگەڵ فراکسیۆنی چەپ کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی شاندەکە عەبدولکەریم عومەر تیشکی خستەسەر قەیرانی سیاسی پاش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا. لە کۆبوونەوەکەدا، تەوەرە سیاسی و سەربازی و مرۆیی و ئابووری و ئەمنییەکانی سوریا و هێرشە داگیرکارییەکان و قەیرانی سیاسی و زیادبوونی مەترسی داعش و پرسی چارەسەر، تاوتوێ کران.
عەبدولکەریم عومەر داوای لە فراکسیۆنی چەپ کرد بە پەلە شاندێک بنێرنە ڕۆژئاوا، جەختی کردەوە لە پاراستنی ڕۆژئاوا گوتی: " ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا نەپارێزرێت، مەترسی ئەوەی سوریاش وەک لیبیای لێ بێت، نزیکە. ئەگەر ئیدارەیەک گرووپە ئینتیکی و باوەڕە جیاوازەکانی وەک کورد و دورزی تێدا نەبێت، سوریا پەلکێش دەکات بەرەو ئیسلامی ڕادیکاڵ".
"گەر هێرشەکان نەوەستن، کارەسات دەقەومێت"
عومەر تیشکی خستەسەر مەترسی چەتەکانی داعش و هێرشە داگیرییەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر ڕۆژئاوا، گوتی: "دەبێت ڕێگری لەو هێرشانە بکرێت. پێویستە دەستبەجێ ئاگربەست لە سوریا پێکبێت. ئەگەر هێرشەکان نەوەستێنرێن کارەسات دەقەومێت. تەسفیەکردنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک لە ڕۆژئاوا، مافەکانی ژنان و مافی مرۆڤ و مافی کەمینە جیاوازەکان ڕووبەڕووی لەناوچوون دەبێتەوە".
عەبدولکەریم ئاماژەی بەوە کرد تا ئێستە لە ڕۆژئاوا لەسەر بناغەی خۆپاراستن ڕووبەڕووی هێرشەکان بوونەتەوە، گوتی: "بەتایبەت ئێستە کۆبانێ لەژێر مەترسیدایە. پێویستە وڵاتانی ئەوروپا لە چارەسەری ئەم قەیرانەدا ڕۆڵ بگێڕن و بەپەلە هێرشەکان ڕابگرن".
پاشان عومەر وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، سوید، دانیمارک، یۆنان و پورتوگالی دایەوە سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکان و چاوەڕوانییەکانی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە پەرلەمانی ئەوروپا. پەرلەمانتاران بۆچوونەکانیان خستەڕوو و ڕایانگەیاند کە پاراستنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە ڕۆژئاوا بۆ ئەوان زۆر گرنگە.
چاوەڕێ دەکرێت سبەی سێ شەممە لەنێوان ٩:٣٠ _١١:٠٠ لە لیژنەی گشتی پەرلەمانی ئەوروپا بە ڕۆژەڤی "سوریا" کۆبوونەوە ئەنجام بدرێت و شاندەکە لەگەڵ فراکسیۆنی سەوز کۆببێتەوە.