ڕۆحانی: هەلومەرجی ئەمڕۆ گونجاو نییه بۆ دانوستان
سەرۆک کۆماری ئێران کە مەیلی بۆ دانوستان هەیە ڕایگهیاند، هەلومەرجی ئەمڕۆ گونجاو نییه بۆ دانوستان.
سەرۆک کۆماری ئێران کە مەیلی بۆ دانوستان هەیە ڕایگهیاند، هەلومەرجی ئەمڕۆ گونجاو نییه بۆ دانوستان.
ئالۆزیی نێوان ئەمهریکا و ئێران کاریگەری لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی ئێران و وڵاتانی هەرێمەکە دەبێت. سەرۆک کۆماری ئێران کە مەیلی بۆ دانوستان هەیە ڕایدەگەیەنێت، هەلومەرجەکانی ئەمڕۆ گونجاو نین بۆ دانوستان. سەرکردە شیعەکانی عێراق ڕایدەگەینن کە لەو شەڕدا عێراق گهورهترین زیانی بەردەکەوێت.
سەید عەلی خامهنهیی ڕێبهری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران کە پێشەنگایەتیی بەرەی موحافهزهکارەکان دەکات، دژی دانوستانە لەگەڵ ئەمهریکا و ڕایگهیاند کە ئەوە ژەهرە. سەرۆک کۆمار حەسەن ڕۆحانیش رایدەگەیەنێت کە ئەو لایەنگری دانوستان و دیبلۆماسییە، بەڵام هەلومەرجەکانی ئێستا گونجاو نین بۆ دانوستان.
ڕۆحانی دوێنێ لەگەڵ زانایانی ئاینیی ئاینزای شیعە كۆبوویهوه و ڕایگهیاند: «دوژمن هەمیشە ویستوویەتی ئەو ئالۆزییە لەگەڵ ئێران دەستپێبکات. بەڵام ئێمە نەماندەکرد. هەندێک کەس لهنێو ئێمە دهیانویست لە پەیماننامەی ئەتۆمی بکشێینەوە، بەڵام خۆڕاگری لەو ڕووهوه کارێکی سەخت بوو. ئەگەر ئێمە لە پەیماننامەی ئەتۆمی هاتباینە دەرەوە، ئەو کاتە جگە لە ئەمهریکا، جیهان و نەتەوە یەکگرتووەکان گەمارۆیان دەخستە سەرمان.»
ڕۆحانی ئاماژەی بۆ ئهوهش کرد، ئەو لایەنگری دانوستان و دیبلۆماسییە بەڵام لە هەلومەرجی ئێستا دانوستان قبووڵ ناکات. لەوبارەیەوە گوتی: «هاوینی ڕابردوو ٥ سەرۆکی ناسراوی جیهان نێوەندگیرییان کرد و وەزارهتی دەرەوەی ئەمهریکاش ٨ جار داوای دانوستانی کرد، بەڵام هەلومەرجی ئەمڕۆ بەهیچ شێوەیەک هەلومەرجی دانوستان نییە. هەلومەرجی ئەمڕۆی ئێمە هەلومەرجی بەرگری و خۆڕاگرییە.
رۆحانی ئەوەشی گوت، «پێویستیمان بە میکانیزمێکی نوێی بڕیار هەیه. لە سەردەمی شەڕی عێراق و ئێران لە قۆناغێکدا کە تووشی گرفت بووین، ئەنجومەنی باڵای پشتیوانی جەنگ دروست کرا. هەموو بڕیارەکان بەدەست ئەو ئەنجومەنەوە بوو - تەنانەت پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەریش دەستیان لە بڕیاری ئەوان وەرنەدەدا، ئەمڕۆکەش لە شەڕێکی ئابووریداین، وەکچۆن لەماوەی شەڕی ٨ ساڵەی عێراق و ئێران هەندێک دەسەڵاتمان لە ئیمامەوە وەرگرت و توانیمان شەڕ بەڕێوە ببەین، ئەمڕۆکەش پێویستیمان بەو جۆرە دەسەڵاتە هەیە.»
پەیماننامەی نەوتیی نێوان عێراق و ئەمهریکا هەڵپەسێردرا
عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ٨ی ئەم مانگە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگهیاند، عێراق و کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل (ExxonMobil)ی ئەمهریکی لە مۆرکردنی گرێبەستێک لە بواری وزە بەبڕی ٥٣ ملیار دۆلار بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ نزیک بووبوونهوه. بەڵام سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، ئەو پەیمانه ٥٣ ملیار دۆلارییە تا کاتێکی نادیار ههڵپهسێردرا.
له لایهكی دیكهوه بەهۆی تهشهنهكردنی ئاڵۆزییهكانی نێوان ئەمهریکا و ئێران سەرکردەکانی شیعەی عێراق بە لێدوان نیگەرانی خۆیان ڕاگەیاند. موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕهوتی سەدر ڕایگهیاند، ئەگەر لەنێوان ئەمهریکا و ئێران شەڕ دروست ببێت ئەو شەڕە کۆتایی بە عێراق دەهێنێت. دوای سەدریش، هادی عامری دروستکەری حەشدی شەعبی و سەرۆکی فراکسیۆنی فەتح لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگهیاند، شەڕی نێوان ئەمهریکا و ئێران دەبێتە هۆی شكستی هەموو کەس و داوای لە هەردوولا کرد عێراق نەخەنە نێو ئەو شەڕە.
s.m