گروپی هاككەری"ئانانیمۆس"زانیاری سەدان كامێرای چاودێری لەتاران بڵاودەكاتەوە

گروپی هاككەری"ئانانیمۆس"، زانیاری زیاتر لە چوارسەد كامێرای چاودێری لەئاستی شاری تاران بڵاودەكاتەوە و گروپەكە راشیانگەیاندوە؛ بەبەكارهێنانی ئەم زانیارییانە دەتوانن كامێراكان لەئیش كردن راوەستێنن.

گروپی هاككەری"ئانانیمۆس"، زانیاری زیاتر لە چوارسەد كامێرای چاودێری لەئاستی شاری تاران بڵاودەكاتەوە و گروپەكە راشیانگەیاندوە؛ بەبەكارهێنانی ئەم زانیارییانە دەتوانن كامێراكان لەئیش كردن راوەستێنن.

ئانانیمۆس، رۆژی دووشەممە ١٧ی تەشرینی یەكەم لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، زانیاریەكان سەبارەت بەو كامێرا چاودێریانەیان لەچوارچێوەی دۆسیەیەكدا بڵاوكردەوە و رایانگەیاندوە؛ لەئێش خستنی ئەم كامێرایانە بەهەر شێوەیەک بێت گەورەترین هاوكاریە بۆ خەڵكی ئازادیخوازی ئێران.

ئانانیمۆس پێشتریش رایگەیاندبوو، ئەم هێرشە سایبریانە لەچوارچێوەی یەكگرتوویی لەگەڵ ناڕەزایەتیەكان بەتیرۆر و كۆشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی"رەوشت"ی ئێرانەوە ئەنجام دەدات.

ئەم گروپە كە لەدژی رژێمی ئیسلامی"شەڕی راگەیاندوە"، پێشتریش ماڵپەڕەكانی"عەلی خامنەیی رێبەری ئێران، ماڵپەڕی سەرۆك كۆمار، ماڵپەڕی سەدا و سیما"دەنگ و رەنگ"ی ئێران و ماڵپەڕی بانكی ناوەندیی ئێرانیان هاك كردبوو.

لە دوای كۆشتنی ژینا ئەمینی هاووڵاتیی تەمەن ٢٢ ساڵەی خەڵكی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستان، لەلایەن پۆلیسی ئەخەلاقی ئێران لە تاران، ناڕەزایەتیەكان لەئێران دەستی پێكرد و دوای ماوەیەكی كۆرت، ناڕەزایەتیەكان وەرچەرخان بۆ خۆپیشاندانی دژ بە حكومەت و رژێمی ئێران.

ژ.ت