هاوپەیمانی چەپی سەوزی ئیتاڵیا پەیوەست بە ئیمراڵی، نامەی بۆ سی پی تی نارد

پەرلەمانتار و سیناتۆرەکانی هاوپەیمانی چەپی سەوزی ئیتاڵیا پەیوەست بە گۆشەگیری ئیمراڵی، نامەیان بۆ سەرۆکی سی پی تی، د. ئالان میشێل نارد و داوایان کرد دەمودەست شاندێک بنێرێت بۆ ئیمراڵی.

لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" کە ١٠ ی تشرینی یەکەم دەستی پێ کرد، ناڕەزایەتی نێونەتەوەیی دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە.

بەهۆی ناچالاکی کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجە (سی پی تی) کە دەتوانێت بچێتە ئیمراڵی، بانگەوازەکان بۆ بیرخستنەوەی بەرپرسیارێتییەکانی سی پی تی زیاتر دەبن.

لە ڕۆژانی ڕابردوو، بۆ تیشک خستنەسەر هەلومەرجی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بیرخستنەوەی بەرپرسیارێتییەکانی سی پی تی، بە واژۆی دەیان پەرلەمانتار و پارتی سیاسی و نوێنەری سەندیکا و مافناس و ڕۆشنبیر لەلایەن کۆمیتەی کاتی ئازادی ئۆجالانە لە ئیتاڵیا، نامە بۆ سەرۆکی سی پی تی، د. ئالان میشێل نێردرا.

لە ٢٩ ی ئایار، لە نامەیەکدا بە نووسینی سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانی چەپی سەوز لوانا زانێلا و واژۆی ١١ پەرلەمانتاری پەرلەمانی نەتەوەیی و ٥ سیناتۆر، داوا لە سی پی تی کراوە دەمودەست شاندێک بنێرێتە ئیمراڵی.   

"دەمودەست شاندێک بنێرن بۆ ئیمراڵی"

لوانا زانێلا لە نامەکەدا دەڵێت: "ئەم نامەیە بانگەوازێکە لەلایەن کۆمیتەی کاتی ئازادی ئۆجالانەوە دەستی پێ کردووە، دەخوازێت بۆ ئاگاداربوون لە ڕەوشی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، سی پی تی دەمودەست شاندێک بنێرێتە ئیمراڵی. هەلومەرجی بەڕێز ئۆجالان بەلای ئێمەوە جێگەی نیگەرانیی جدییە. بەهۆی گۆشەگیری ڕەهاوە، کەس زانیاری لەبارەی بەڕێز ئۆجالانەوە نییە. لەم چوارچێوەیەدا، داوا دەکەین داخوازییەکانی نێو نامەکە لەبەرچاوبگرن و دەمودەست شاندێک بنێرن بۆ ئیمراڵی".