لەکۆنگرەی دیالۆگی عەرەبی-کوردی تیشکخرایە سەر داگیرکاری عوسمانی نوێ

لەژێر دروشمی "بەرەو دیالۆگێکی عەرەبی-کوردی سەرکەوتوو" دیالۆگی عەرەبی-کوردی بەردەوامە.

کۆنگرەی "بەرەو دیالۆگی عەربی-کوردی سەرکەوتوو" بەردەوامی هەیە و لە پانێڵی یەکەمدا، تیشکخرایە سەر، خەباتی هاوبەشی عەرەب و کورد بەدرێژایی مێژوو، کاریگەریی دەوڵەت-نەتەوە لەسەر پەیوەندیی عەرەب و کورد، کاریگەریی سیاسەتی داگیرکاریی نێودەوڵەتی و مەترسییەکانی پرۆژەی عوسمانی نوێ لەسەر عێراق، ” ڕۆڵی ژنانی عەرەب و کورد، لە گۆڕینی هزری کۆمەڵگەی عێراق.

ناوەرۆکی تەوەرەکانی پانێڵی یەکەم بریتیبوون لە:-

سەرەتای تەوەری “خەباتی هاوبەشی عەرەب و کورد بەدرێژایی مێژوو” لەلایەن د.سەیف عەدنان کازمەوە پێشکەشکرا: ڕێکەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتیی و هەرێمایەتییەکان لە مێژوودا بوونەتە هۆی پارچەکردنی خاک و دروستکردنی پێکدادان لەنێوان نەتەوە جیاوازەکانی عێراق، هەروەها دروستبوونی دەوڵەتی عێراق لەسەربنەمای خواستی دانیشتوانەکەی نەبووە، وڵاتانی زلهێز بەتایبەتی ئەمریکا و بەریتانیا، لە رابردوودا لەچوارچێوەی پرۆژەی داگیرکارییدا، عێراق و کوردستانیان پارچەکردووە، هەروەها لە ناوخۆشدا مەزهەب و نەتەوە جیاوازەکانیان هانداوە بۆ دژایەتیکردنی یەکتر، گرنگە ڕێگایەک بۆ دیالۆگ و دانوستاندن و پێکەوەژیانی کورد و عەرەب بدۆزینەوە لە ئەمڕۆدا لە نێوان کورد و عەرەب، حکومەتەتی عێراقیش دەتوانێت ئەنجامێک لەم کۆنفرانسە بەدەستبهێنێت و بەرامبەر بە دەوڵەتەکانی دیکە وەک کارتی فشار بەکاریبهێنێت، دەولەت گرنگی پێویستی بە مامەلەکردن لەگەڵ کەمینەکان نەداوە لە عێراقدا."

تەوەری دووەم ” کاریگەریی دەوڵەت-نەتەوە لەسەر پەیوەندیی عەرەب و کورد” کە لەلایەن د. عەلی مەهدییەوە پێشکەشکرا وتی: کاتێک کە بەریتانییەکان هاتن بەڵێنی ئەوەیان بە گەلانی ناوچەکەدا، کە ڕزگاریان بکەن لەدەستی عوسمانی، بەڵام دواتر لە سایکس بیکۆدا بە نهێنی لەگەڵ زلهێزە هاوبەشەکانی ڕێککەوتن کە ناوچەکە لەبەرژەوەندی خۆیان لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن، هەروەها چاویان بڕییە کانگا نەوتی و کانزاییەکانی ناوچەکە، هیواکانی کورد لەدوای ئەو ڕێککەوتنە پووکانەوە بەوەی کە دابەشکران بەسەر چوار دەوڵەت نەتەوەدا، سیستمی دەوڵەت نەتەوە بەرهەمی سیستمی ئیمپریالیزمی جیهانییە و نامۆیە بە گەلانی ئەم ناوچەیە و بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی پێکەوەژیانی گەلان."

کاریگەریی سیاسەتی داگیرکاریی نێودەوڵەتی و مەترسییەکانی پرۆژەی عوسمانی نوێ لەسەر عێراق” کە لەلایەن حەسەن جودییەوە پێشکەشکرا و وتی: مێژوویەکی درێژی وڵاتانی داگیرکەر هەیە لەسەر عێراق و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە مێژوویەکی خوێناوییە، ئەو وڵاتە زلهێزانەی کە هاتنە ناوچەکە دەوڵەت نەتەوەیان چەسپاند بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، عوسمانییەکان لە کۆنەوە سیاسەتی قڕکردن و ڕاگواستنی کوردیان جێبەجێکردووە تا ئەمڕۆش.

وتیشی: ئێستا لە ناوچەکەماندا ئەمریکا و بەریتانیا پرۆژەیەکی نوێیان هەیە لە بەناوی ڕۆژهەڵاتی نوێ، هەروەها ڕوسیاش پرۆژەیەکی هەیە بەناوی ئۆراس کە ئامانج لێی داگیرکردنی بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و بەشێک لە وڵاتانی ئاسیایە، هاوکات پرۆژەی نوێی دەوڵەتی تورک هەیە لەناوچەکەدا بەناوی عوسمانی نوێ، هەروەها ئێرانیش پرۆژەی هیلالی شیعی بەڕێوەدەبات."

ئاماژەی بەوەشدا: بەڵام جدیترین مەترسی لە سەرعێراق و ناوچەکە پرۆژەی عوسمانی نوییە کە ئامانجی پارچەکردن و داگیرکردنی تەواوی عێراقە، کە سیاسەتێکی ڕەگەز پەرستانە و فاشیستانە بەڕێوەدەبەن، لە ئێستاشدا نوێترین نەوەی عوسمانی ئەردۆغان و پارتە ئیخوانییە شۆڤێنییەکەیەتی، کە پلانی زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی هەیە و بە ئاشکرا کۆمەڵکوژی لەسەر گەلی کورد دەکات بە ئامانجی داگیرکردنی خاک و گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەکە."

تەوەری چوارەمیش ” ڕۆڵی ژنانی عەرەب و کورد، لە گۆڕینی هزری کۆمەڵگەی عێراق” کە لەلایەن نەجیبە قەرەداغییەوە پێشکەشکرا و وتی: چارەسەری کێشەی ژنان لە ناو کۆمەڵگەدا ئاسان نییە، چونکە کێشەیەکی فکرییە و بە گۆڕینی هزر و تێڕوانینی کۆمەڵگا دەبێت، هەتاکو ژن بەشداری تەواوی کایەکانی کۆمەڵگا نەکەن ناتوانین دیموکراسی بچەسپێنین، ژن ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەیە، دوو بیروبۆچونی جیاواز هەیە لەبارەی ڕۆڵی ژنان، هزرێکیان کە نوێیە و پێیوایە دەبێت ژن بەشداری تەواوەتی هەبێت لە ناو کۆمەڵگا و هزرێکی مێژوویی هەیە کە پێچەوانەی ئەمە، گرنگە بزانین سەرچاوەی ئەم هزرە چییە، ململانێی نێوان پیاو و ژن داگیرکارییەکە کە پێنج هەزار ساڵە لەسەر ژنان بەردەوامە، لەئەنجامی دەمارگیری ڕەگەزی و ئاینی و فکری و کۆنەپارێزی بوونەتە هۆی چەوساندنەوەی ژنان."

لەدرێژەی قسەکانیدا وتیشی: پێویستە بۆ چارەسەری کێشەی ژنان بگەڕێینەوە بۆ ڕاستینەی ژن لە کۆمەڵگای سروشتی لە میزۆپۆتامیا، چونکە ئەو ڕاستییە سەلمێنراوە کە هەموو شتێک لێرەوە دەستیپێکردووە، هەروەها کێشەی ژنان کێشەیەکی جیهانییە و ژنان دەتوانن چاو لە ئەزمون و شۆڕشی یەکتربکەن و یەکگرتوو بە ئومێدبن، بێ هیوایی هەموو شتێک لەدەست دەدات."

لەکۆتایدا ناوبراو  وتی: ئێستا لە ڕۆژئاوی کوردستان سیستمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی هەیە، ژنان خۆیان ڕێکخستووە و لەگەڵ خۆیاندا کۆمەڵگەشیان ڕێکخستووە، ژنان لە تەواوی بوارەکاندا بەتایبەتی لە بواری پاراستنی ڕەوا ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕن، هەستانەوەی شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان تەنها خزمەتی بە خۆیان نەکرد بەڵکو خزمەتی تەواوی ژنان و گەلانی دەوروبەریش کرد، دوای هێرشی گروپە چەتەکانی داعش بۆسەر شەنگال و ئەو کارەساتەی بەسەر ژنانی ئێزیدی هێنایان، ژنان چیتر خۆیان بەڕێکخستنکرد و وەک قوربانی خۆیان قبوڵنەکرد و ئەکادیمیایان دروستکرد و بوون بە خاوەن هێز و فکر.”

ف.ق