قەسەدە بەرپرسی داعشی لە دێرەزۆر کوشت

یەکینەکانی دژە تیرۆری هیزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لە دێرەزۆر لە ئۆپەراسیۆنێکدا ئەبو ئەلوەر ئەلعێراقان کوشت کە لە عێراق بەرپرسی نەوتی داعش و لە دیرەزۆریش رێکخەری شەڕی داعش بوو.

ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە لەبارەی هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک و ئۆپەراسۆنی یەکینەکانی دژە تیرۆر ڕاگەیەنراوێکی بلاوکردەوە.

ڕاگەیەنراوەکەی قەسەدە بەم شێوەیەیە:

"سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بێوەستان هێرش و بوردۆمانەکانیان بەردەوامی پێدەدەن و لەو چوارچێوەیەدا:

١٣ی کانونی دووەم سوپای داگیرکەر و چەتەکانی گوندی مشرەفا و گوندەکانی دەوروبەریان بە چەکی قوڕس تۆپباران کرد.

گروپە چەتەکان و سوپای تورکی داگیرکەر بە چەکی قوڕس، هاوەن و ئۆبۆس، گوندەکانی سەیدا، ئەلهۆز، ئەریدا، بیر کینۆ، ئیبراهیم ئەلکوردی، مەردودا، خربت بەگەر و دەورەبەری رێگای ئێم٤ی نێودەوڵەتیان بە سەختی تۆپباران کرد. لە ئەنجامی تۆپبارانی ١٥ی مانگدا شەڕڤانێکمان بە سەختی بریندار بوو. دواتر شەڕڤانەکەمان بە هۆی سەختی برینەکەیەوە شەهید بوو. هەروەها زیانی مادی بەر هاوڵاتیانی ناوچەکە کەوت.

لە لایەکی ترەوە یەکینەکانی دژە تیرۆرمان ١٤ی کانونی دووەم لە دێرەزۆر لە چالاکیەکدا ئەبو ئەلوەرد ئەلعێراقیان کوشت کە بەرپرسی نەوت و ئابوری شانە نووستووەکانی داعش بوو و چالاکی چەتەکانی لە هەرێمەکە بەڕێوەدەبرد، هەروەها چەتەکی تریش کە ناوی نەزانرا کوژرا. دەست بە سەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنی و بەڵگەشدا گیرا."

ف.ق