باكووری سووریا سڵاوی له‌ كۆبانێ كرد

هه‌زاران هاوڵاتیی ڕۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا له‌ مه‌یدانی شه‌هید عه‌گید له‌ شاری كۆبانێ كۆبوونه‌وه‌ و ڕۆژی جیهانیی كۆبانێیان پیرۆز كرد. له‌ میانه‌ی پیرۆزباییه‌كه‌دا هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك شه‌رمه‌زار كران.

هه‌زاران كه‌س ئاڵاكانی یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌یان به‌رز كرده‌وه‌ و له‌ مه‌یدانی ژن له‌ كۆبانێ كۆبوونه‌وه‌. هاوڵاتییان تا مه‌یدانی شه‌هید عه‌گید ڕێپێوانیان كرد و هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیان بۆ سه‌ر كۆبانێ و گرێسپی ئیدانه‌ كرد و‌ ١ی نۆڤه‌مبه‌ر ڕۆژی جیهانیی كۆبانێیان پیرۆز كرد.

«له‌ دژی هێرشه‌كان ئاماده‌ین»

حه‌قی كۆبانێ فه‌رمانده‌یه‌كی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتیك (قه‌سه‌ده‌) وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و ڕایگه‌یاند، له‌ دژی هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌رێمه‌كه‌ ئاماده‌ی خۆپاراستنن و گوتی، هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك ئیراده‌ی گه‌ل ده‌كه‌نه‌ ئامانج، به‌ڵام سه‌رناكه‌ون.

هاوسه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموكراتیك (مه‌سه‌ده‌) ئه‌مینه‌ عومه‌ر له‌ میانه‌ی وته‌كه‌یدا ڕایگه‌یاند، له‌ هه‌موو كۆڵانه‌كانی ئه‌م شاره‌دا، شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ هاوشێوه‌ی ئارین میركان به‌رخۆدانی ئه‌فسانه‌ییان كردووه‌. كۆبانێ سه‌ركه‌وتووه‌ و دوژمنی مرۆڤایه‌تی شكستی هێناوه‌.

«ده‌وڵه‌تی تورك هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر هاوڵاتییانی سیڤیل»

ئه‌مینه‌ عومه‌ر سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر هێرشی ده‌وڵه‌تی تورك به‌ ئامانجی هاوكاریكردنی چه‌ته‌كانی داعش و گوتی، له‌ ڕۆژی جیهانیی كۆبانێدا سوپای تورك هێرش ده‌كات و ناوچه‌ ئارام و سیڤیلنشینه‌كان ده‌كاته‌ ئامانج.

هاوسه‌رۆكی مه‌سه‌ده‌ داوای له‌ هێزه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان كرد له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م هێرشانه‌ هه‌ڵوێستیان هه‌بێت. گوتیشی، هێرشه‌كان كاریگه‌ری له‌سه‌ر شه‌ڕی داعش ده‌كه‌ن.

هه‌ر له‌ میانه‌ی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ جه‌ماوه‌رییه‌دا، عه‌بدولحه‌مید موهباش هاوسه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌ری خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموكراتیی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا گوتی: «ئه‌و داعشه‌ی كه‌ ده‌یانگوت ناشكێت، لێره‌ شكێنرا. شكستی چه‌ته‌كان له‌ كۆبانێ ده‌ستی پێكرد و له‌ دێره‌زۆر به‌رده‌وامه‌. ئه‌ردۆغان و ئه‌و تێرۆریستانه‌ی كه‌ پشتگیرییان ده‌كات ده‌بێ باش بزانن، گه‌لی هه‌رێمه‌كه‌ له‌ دژی دڕندایه‌تیی ئه‌وان خۆڕاده‌گرن. ڕژێمی توركیا ده‌یه‌وێت زه‌ختی سه‌ر داعش له‌ رێی هێرشكردنه‌ سه‌ر قه‌سه‌ده‌، كه‌م بكاته‌وه‌.»

دوای پێشكه‌شكردنی په‌یام و وتاره‌كان، گرووپی هونه‌ریی سه‌ر به‌ ناوه‌ندی كولتوور و هونه‌ری باقی خدر چه‌ند به‌رهه‌مێكی پێشكه‌ش كرد. هه‌روه‌ها وێنه‌كانی به‌رخۆدانی كۆبانێ له‌ میانه‌ی گردبوونه‌وه‌كه‌دا نمایش كران. 

s.m